سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

بە حەلبووسی کۆتایی نایەت و کورد و پارتی خۆیان ئامادە بکەن

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاد لە جارێك لەسەر دادگای باڵای فیدڕاڵی و ئەگەرەکان و ئاییندەمان قسەمان کردووە. ئاماژەمان بەوە داوە، ناکۆکی و گەندەڵی و سنورداریی خەیاڵی سیاسی، چارەنووسمانی خستۆتە بەردەم دادگاکەوە! کە بەناوی دەستوورەوە، لەڕێی ڕاڤەکردنی دەقەکانی و بەئامرازکردنیان و جۆری تەکیفکردنی قانوونی کەیسەکان، بەکردەوە بەشدارە لە نووسینەوەی دەستورێکی نوێدا. بەحوکمی ئەوەی لەسایەی حوکمی ئەم دادگایەدا، واقیعێکی نوێ لە عێراقدا لە دۆخی شكڵگرتندایە، کە ناونیشانە گەورەکەی، کۆتایی عێراقی تەوافقی و بەپێکهاتەدانان و مانەوەی کورد و سووننە و بەدامەزراوەییکردنی هەژموونی پێکهاتەیەکی دیاریکراو و، خۆڕێکخستنەوەیە، لە چوارچێوەی بەرەی بەرەنگاری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەر و سیناریۆکانی ئاییندە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەوەی ئەم دەرگایەشی خستۆتە سەرپشت، ناکۆکی و پەرتەوازەیی و بێمەرجەعیی سووننە و کورد خۆیانە، کە چەند ساڵێکە تەنیا بە ڕوواڵەت وەك پێکهاتە ماون و بەو جۆرە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. بۆ تەواوبوونی ئەم ڕەوتەش، دەخوازرێت ناکۆکی ناوخۆیی هێزەکانی نێوان هەردوو پێکهاتەکە قوڵتر بکرێتەوە، بە جۆرێک بەتەواوی دەسەڵات و مەرجەعییەتی یەکگرتوویان نەمێنێت، هێزەکان بۆ دژایەتی و پاکتاوکردنی یەکتر و تۆڵەکردنەوە، پێشوازی لەو کودەتا و پاکتاوانە بکرێت، بەناوی جۆراوجۆر دژیان ئەنجام دەدریت!

هەربۆیە، بۆ داهاتووی کوردستانیش دۆخەکە بەم جۆرە بڕواتە پێش و گۆڕانکاری چاوەڕوانکراوی ناوچەکە ڕۆڵی خۆیان نەبینن، هەروەك لە ڕابردوودا ئاماژەمان پێکردووە، هەر لە وزەوە بگرە، تا پێشمەرگە و فڕۆکەخانە و سنوور و هاتنەوەی دەزگای هەواڵگیری و لێسەندنەوەی مافی حکوومەتی کاربەڕێکەر بۆ قسەکردن بەناوی هەرێم و گەلی کوردستان و مەلەفکردنەوە بۆ هەندێ بەرپرس، دەکرێت ببنە بابەتی بڕیارەکانی داهاتووی دادگا. لەوەش زیاتر، ئەگەر هەڵوەشاوەیی و ناکۆکییەکانی ئێستای هەرێم بەردەوامبن و دەوروبەریش وەبەرهێنانی تێدا بکات، کە دەیکات و زیاتریشی دەکات، دەبێت پارتی خۆی بۆ ئەگەری دەرکردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی و ناساندنی وەك پارتێکی نایاسایی ئامادە بکات.

 

دەبێت پارتی خۆی بۆ ئەگەری دەرکردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و ناساندنی وەك پارتێکی نایاسایی ئامادە بکات

 

ڕەنگە بگوترێت ئەوە ڕاگەیاندنی جەنگە، منیش دەڵێم بەڵی، بەڵام ڕووپۆشەکەی جەنگی ناوخۆ دەبێت. هەڵبەت بوونی پێشمەرگە و مەسەلەی کورد و دەستوورییبوونی قەوارەی هەرێم، ئەو سێ هۆکارەن دۆخی کورد و سووننە لە یەکتری جیادەکەنەوە. بەڵام ئەوەش دووڕووی هەیە و یەکیان لە قازانجمان نییە. بەم جۆرە، دۆخی ئێستا، دۆخی داڕووخانی زیاتری عێراقی نوێ و دووبارە پێناسەکردنەوەیەتی. لایەنێک دەخوازێت وا ڕێکیبخاتەوە، هەموو مەرجەکانی ئەندامێتی بەرەی بەرەنگاری تێدا بێتە دی، کە ئەوەش کۆنتڕۆڵکردنی زیاتری جومگەکانی دەسەڵات و لاوازکردنی زۆرتری سووننە و کوردی دەوێت، بۆ ئاستی ئەوەی نەتوانن بەربەست بۆ پڕۆژەکان درووست بکەن و بەو پێگە و ڕۆڵە ڕازیبن بۆیان دیاریدەکرێت.

 

بوونی پێشمەرگە و مەسەلەی کورد و دەستوورییبوونی قەوارەی هەرێم، ئەو سێ هۆکارەن دۆخی کورد و سووننە لە یەکتری جیادەکەنەوە. بەڵام ئەوەش دووڕووی هەیە و یەکیان لە قازانجمان نییە

 

لەبەرانبەریشەوە، ئیرادە و هێزگەلێک هەن، دەخوازن ئەم واقیعە بەردەوام نەبێت و دیسانەوە جاڕی کۆتایی عێراقی نوێ بدرێت، بەڵام بە ئاڕاستەی پێچەوانە و بە ئامانجی دەستکردن بە سەرەتای قۆناغێکی نوێ، قۆناغێک، سەرۆك و ئەندامانی دادگای فیدڕاڵی کەسانی تر بن. ئەو کەس و هێزانەی سزاش دەدرێن جیاوازبن و ئاڵوگۆڕ بە شوێنەکان بکرێت. بەڵکو دەشێت مەسەلەکە فۆڕمێکی زۆر بەرفرەوانتر و ڕادیکاڵانەتر لە چوارچێوەی دادگاکە بەخۆوە بگرێت. ئەوەی چارەنووسی ململانێی ئەم پڕۆژە و ئیرادە دژبەیەکانەش لە عێراقدا دیاریدەکات، بە پلەی یەکەم ئاییندەی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکەیە، ئینجا سرووشتی دینامیکییەتی ململانێکان لە ناوخۆی عێراقدا، لەپاڵ ئاستی توانای کورد و سووننە، بۆ خۆڕێکخستنەوە و کۆکردنەوەی تواناکان و زاڵبوون بەسەر شپرزەیی ناوماڵەکانیان و لاوازییە ستراتیژییەکانیان.

ئەبوبەکر کاروانی

سیاسەتمەدار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button