هه‌واڵ

پێنج گرووپی تیرۆریستی لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان دەستگیرکران

زێدپرێس

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، دەستگیرکردنی پێنج گرووپی تیرۆریستی سەربە داعش ڕادەگەیەنێت، کە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ناوچە دابڕێندراوەکاندا دەستگیرکراون و پیلانی ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستییان هەبووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئاسایشی سلێمانی، ئاشکرایشی کردووە، چەند تیرۆریستێکی دەستگیرکراو لە ناو چاکسازی گەورانی سلێمانییەوە، بەڕێگەی مۆبایل و ئینتەرنێتەوە سەرپەرشتی یەکێک لە گرووپە تیرۆریستییەکانیان کردووە.

 

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم پێنج گرووپ و تاقمی تیرۆریستی داعش لە هەرێم ئاشکرادەکەن و ئەندامەکانیان دەستگیردەکات، سێ ئەمیریش دەستگیردەکرێت و شکست بەمەرامەکانیان دەهێنرێت کە پیلانیان دانابوو لەچەندین شاری هەرێم کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامبدەن.

لەبەرئەنجامی بەدواداچوونی ورد و چاودێری دۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان زانیاری سەرەتایی دەست هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم کەوت کە تیرۆریستانی داعش پیلانیان داناوە بۆ ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستی لەچەند شار و ناوچەیەکی جیاجیا.

پاش ڕەزامەندی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە هەریەک لەشارەکانی (سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە، شارەزوور و ناوچە دابڕێندراوەکان) ژووری ئۆپەراسیۆن پێکهێنرا و دەستبەکاربوون بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردنی هەموو جموجۆڵەکانی تیرۆریستانی داعش.

سەرئەنجام پاش پێنج مانگ کارکردنی بەردەوام و شەونخونی هێزەکانمان پشتبەستوو بە بەڵگە و زانیاری وردیان لەسەر شانە نەنستووەکانی تیرۆریستانی داعش دەستکەوت، تەواوی جموجۆڵەکانیان لە شارەکانی هەرێم خرانە ژێر چاوێری وردەوە و دواتر ناسنامەی ئەندامانی گرووپەکان و شوێن و مانەوەیان دەستنیشانکران.

دوای ڕەزامەندی بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لە دەیان ئۆپەراسیۆندا ٥٥ تیرۆریست کە ئەندامی تۆڕ و گرووپە نەنستووەکانی داعش  بوون لە (کەرکووک، سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە، سەیدسادق، شارەزوور، پێنجوێن) دەستگیرکران کە سیانیان ئەمیر و تیرۆریستی هەرەتاوانبارن.

 

تۆڕی یەکەم؛ گرووپی گەرمیان (کەلار) زانیاری لەسەر ئەندامانی گرووپەکە و کردەوە تاوانکارییەکانیان:

ژمارەیان ١٢ تیرۆریستە، فکری توندڕەویی و تیرۆریان لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەرگرتووە،  پەیوەندیان  لەگەڵ  خانەوادە و  کەسوکاری  چەکداری داعش بەستووە، مەرامیان بوو گرووپەکانیان فرەوانبکەن، لە ئامادەکاریشدابوون بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی و پەیداکردنی چەک کە لە ڕۆژانی (٦، ٣١ی ٨) (١٢، ١٣، ١٨ی ٩)ی ٢٠٢٣ لە دوانزە هەڵمەتی جیاجیادا ئەمیر و ئەندامانی گرووپەکە دەستگیرکران.

 

تۆڕی دووەم؛ گرووپی سلێمانی، زانیاری لەسەر ئەندامەکانیان و تاوانکارییەکانیان:

ژمارەیان  ١٧ تیرۆریستە، پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە تیرۆریستانی داعشەوە هەبووە و سەرپەرشتی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکارییان بۆ چەکدارانی داعش کردووە، لە خۆڕێکخستندابوون و لەباخێکدا مەشقی سەربازییان پێکراوە و پیلانیان داناوە بۆ ئەنجامدانی چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی، لەهەوڵی پەیداکردنی چەک و تەقەمەنیدابوون، بەڵام پێش جێبەجێکردنی مەرامەکانیان لە  (٢١، ٣١ی ١٠ی ٢٠٢٣) لە حەڤدە هەڵمەتی سەرکەتوودا  تیرۆریستانی ئەم گرووپەش دەستگیرکران. هاوکات هەر دوو تیرۆریست (ئ، خ) و (ک، ج) لە گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی کە لەڕێگای مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرپەرشتی پەیوەندی نێوان گرووپەکانیان دەکرد، دەستگیرکران کە ڕاستەوخۆ  پەیوەندیان بە گرووپی کەرکووکەوە  هەبوو، پێشتر ئەم دوو تیرۆریستە هەرەتاوانبارە لە خۆکوژەکانی تیرۆریستانی داعش بوون، هەروەها هەر لەناو گرتووخانەش دەستگیرا بەسەر مۆبایل و کەلوپەلەکانیان کە بەکاریانهێنابوو.

تیرۆریستی هەرە تاوانبار (ه، م)  ئەمیری گرووپی سلێمانی بووە.

 

تۆڕی سێیەم؛ گرووپی کەرکووک، سەڵاحەددین (دوزخورماتوو) زانیاری لەسەر ئەندامانی شانەنەنستووەکانی داعش و تاوانکارییەکانیان:

ژمارەیان ٧ تیرۆریستە، سەرپەرشتی گواستنەوەی تیرۆریستانی داعشیان کردووە و شوێنیان بۆ داڵدەدانی شانە نەنستووەکانی داعش دابینکردووە و ئەرکیان کڕینی چەک و تەقەمەنی بووە بۆ تیرۆریستان و پیلانیان دانابوو چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە کەرکووک ئەنجامبدەن و دوای چاودێریکردنی وردیان و پێش ئەنجامدانی کارەتاوانکارییەکانیان، لەلایەن  هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بەهاوکاری هێزە عێراقییەکان (دەزگای دژەتیرۆر، بەشی هەواڵگری دووزخورماتوو) هێزی تایبەتی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی،  لە حەوت هەڵمەتدا (٣، ٨، ١٥ی ١٠ی ٢٠٢٣) لە کەرکووک و دووزخورماتوو دەستگیرکران, کە تیرۆریستی هەرەتاوانبار و ئەمیری گرووپەکە لە کەرکووک (ر، م) لەو هەڵمەتانەدا دەستگیرکرا.

 

تۆڕی چوارەم؛ گرووپی هەڵەبجە، پێنجوێن، سەیدسادق، شارەزوور؛ زانیاری لەسەر ئەندامانی شانە نەنستووەکانی داعش و تاوانکارییەکانیان:

ژمارەیان ١٣ تیرۆریستە، لەخۆڕێکخستندابوون و بەشداری چەند خولێکی مەشق و ڕاهێنانیان لەسەر بەکارهینانی چەک کردووە و خۆیان ئامادەکردووە بۆ ئەنجامدانی چەند کردەوەیەکی  تیرۆریستی لە سنورەکەیان، پێشتریش ژمارەیەک لە  ئەندامانی ئەم گرووپە ڕۆشتوونەتە ناو چەکدارانی تیرۆریستی داعش و ڕێنیشاندەر و هاوکاربوون بۆ گواستنەوەی چەکدارانی داعش و داڵدەدانیان و چارەسەرکردنی بریندارەکانیان.

لە (١٧، ٣١ی ١٠) و (٧ی ١١)ی ٢٠٢٣ لە هەڵەبجە و ناڵپارێز (پێنجوێن) و سەیدسادق لە سیانزە هەڵمەتی پلان بۆ دانراودا دەستگیرکران.

 

تۆڕی پێنجەم؛ ٦ تیرۆریست بوون،
کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە گرووپی کەرکووکەوە هەبووە لە (١٢، ١٤ی ١٠ی ٢٠٢٣) لە شەش هەڵمەتدا  لە سلێمانی گیران، کە ئەرکیان گواستنەوەی ئەو کەسانە بووە کە مەرامیان بوو بچنە ناو داعش، کۆمەک و هاوکاریشیان کۆکردۆتەوە بۆ کەسوکاری تیرۆریستانی داعش:

کە لە سەرجەم هەڵمەتەکاندا دەستگیرا بەسەر چەندین پارچە چەک و مەوادی تەقەمەنی و خۆکوژی و خۆپارێزی، تەواوی ئەندامانی تاقم و گرووپە تیرۆریستییە دەستگیرکراوەکانیش مەرامیان بوو دوای ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکانیان بچنە ناو چەکدارانی داعشەوە.

لەبەر سەلامەتی ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەکان و هەستیاری کەیسەکە، بەشێک لە زانیارییەکان بە شاراوەیی هێڵرانەوە.

ئاشکراکردنی ئەم پێنج شانە نەنستووەی تیرۆریستانی داعش و شکستهێنان بە مەرامەکانیان و دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان، بەرئەنجامی زیاتر لە ١٥٠ ڕۆژ کارکردنی بەردەوامی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمە، کە هەمیشە ئامادەییان هەیە و لەهەوڵدان بۆ پاراستنی ئارامی هەرێم.

هاوکات دەرخەری ئەو ڕاستییەشە  کە ئاسایش  و سەقامگیری هەرێمی کوردستان ئەولەویەتی کارکردنی هێزەکانمانە، وەک هەمیشە سوپاسی پێپایانیش ئاڕاستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین کە هاوکارمان بوون و لەپشت سەرخستنی کردە ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەکانمانەوەن.

پشتیوان بەخوای گەورە، بە هاوکاری ئێوەی بەڕێز و دڵسۆز ناهێڵین هیچ پیلانێک ژیان لە خەڵکی خۆشەویستی خۆمان تێکبدات.

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش – سلێمانی

١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...