سیاسی
ئاراستەکان

٤٨٣ کاندید لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کەمتر لە ١٠ دەنگیان بەدەستهێناوە

زێدپرێس

 

لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ٤٨٣ کاندید کەمتر لە ١٠ دەنگیان بەدەستهێناوە، کە بەسەر ٢٨١ کاندیدی نێرینە و ٢٠٢ کاندیدی مێینەدا دابەش دەبن، لەناویاندا ٤٣ کاندید تەنانەت یەک دەنگیشیان بەدەست نەهێناوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی بەدواداچوونی زێدپرێس و پاڵپشت بە تۆماری فەرمی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ٣٤٨ کاندید لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کەمتر لە ١٠ دەنگیان بەدەستهێناوە. ئەو کاندیدانە کە بەسەر چەندین لیست و هاوپەیمانی جیاجیادا دابەش دەبن، ٢٨١ لە ڕەگەزی نێرینە و ٢٠٢یان لە ڕەگەزی مێینەن.

لەناو ئەو ٤٣ کاندیدەی هیچ دەنگێکیان بەدەست نەهێناوە؛ ٢٦ کاندید لە ڕەگەزی نێرینە و ١٧ کاندیدیش لە ڕەگەزی مێینەن.

وەک دەردەکەوێت، زۆرینەی ئەو کاندیدانەی کەمترین دەنگیان بەدەستهێناوە، لە ڕەگەزی مێینەن، ئەوەش نیشاندەرێکی گرنگە لە ڕۆڵ و پێگەی مێینەی عێراقی لە چالاکییە سیاسییەکاندا و هاوکات ڕوانگەی هاووڵاتی و دەنگدەری عێراقی بەرانبەر بە بەشداری سیاسی مێینە.

لەسەر ئاستی لیستە کوردستانییەکاندا، تەنیا یەک لیستی کوردستانی هەیە کە کاندیدەکانی کەمتر لە ١٠ دەنگیان هێنابێت، ئەویش لیستی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانە و بە چوار کاندید لە پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە و نەینەوا تەنیا ١٩ دەنگیان بەدەستهێناوە.

 

 

پارێزگای کەرکووک

لە سنوری پارێزگای کەرکووک ١٢ کاندید کەمتر لە ١٠ دەنگیان بەدەستهێناوە. یەکێک لە کاندیدەکان بەناوی بیلال هادی ئیسماعیل کاندیدی لیستی کەرکووکنا، تەنانەت یەک دەنگی بەدەست نەهێناوە و دوو کاندیدی دیکە بەناوەکانی فەرەح هاشم ئەسەدی و یونس عیدان سوڵتان جبوری لەسەر لیستی حزبی سیقە هەریەک دەنگێک و دوو لە کاندیدەکانی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بەناوەکانی زانا حوسێن عەباس شەریف چوار دەنگ و نیشتمان سابر کەریم فەتاح تەنیا دوو دەنگی بەدەستهێناوە.

لەو ١٢ کاندیدەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە کەمتر لە ١٠ دەنگیان بەدەستهێناوە، ١٠ کاندیدیان لە ڕەگەزی نێرینە و دوو کاندیدیان لە ڕەگەزی مێینەن.

 

 

پارێزگای نەینەوا

لە پارێزگای نەینەوا، ٢٤ کاندید کەمتر لە ١٠ دەنگیان بەدەستهێناوە. ١٤ کاندید لە ڕەگەزی مێینە و ١٠ کاندید لە ڕەگەزی نێرینەن. لەناویاندا سێ کاندیدی لیستی هاوپەیمانی قیەمی مەدەنی بەناوەکانی شەهد مەهدی ساڵح کرعاوی (مێینە)، سابت موسەننا محەمەد و ڕانی فەلاح ئوراها هیچ دەنگێکیان بەدەست نەهێناوە.

لەسەر ئاستی لیستەکاندا پێنج کاندید لە لیستی هاوپەیمانی عەقدی نیشتمانی، دوو کاندیدی هاوپەیمانی زەمیری عێراقی، شەش کاندیدی هاوپەیمانی قیەمی مەدەنی، چوار کاندیدی هاوپەیمانی حەدبای نیشتمانی، چوار کاندیدی گردبوونەوەی عێراقی نوێ، دوو کاندیدی حزبی نوێبوونەوەی نیشتمانی و کاندیدێکی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان هەیە کە تەنیا چوار دەنگی بەدەستهێناوە.

 

 

پارێزگای دیالە

لە پارێزگای دیالە، ٣٠ کاندید کەمتر لە ١٠ دەنگیان بەدەستهێناوە. ٢١ کاندید لە ڕەگەزی نێرینە و نۆ کاندید لە ڕەگەزی مێینەن. ١٨ کاندید سەربە لیستی ئینبساق بوون، ١٢ کاندیدەکەی دیکە سەربە لیستەکانی ئیشراقیەی کانوون، هاوپەیمانی قەوی مەدەنی، هاوپەیمانی ئەساسی عێراقی، سابتوون، هاوپەیمانی قیەمی مەدەنی، حزبی داعی و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانن.

لەناویاندا ئەنغام ئیسماعیل عوبەیدی کاندیدی سەر بە لیستی ئینبساق و لە ڕەگەزی مێینە هیچ دەنگێکی بەدەست نەهێناوە.

 

 

پارێزگای سەلاحەددین

لە پارێزگای سەلاحەددین ١٠ کاندیدی لیستە جیاجیاکان کەمتر لە ١٠ دەنگیان بەدەستهێناوە. پێنج کاندید لە ڕەگەزی نێرینە و پێنج کاندیدی مێینەن.

هەروەها، پێنج کاندید لە لیستی حزبی سیقە، دوو کاندیدی هاوپەیمانی زەمیری عێراقی، دوو کاندیدی لیستی مەدار و کاندیدێکی لیستی هاوپەیمانی ڕیئاسەن.

 

 

پارێزگای ئەنبار

لە پارێزگای ئەنبار ١٦ کاندیدی لیستە جیاجیاکان کەمتر لە ١٠ دەنگیان بەدەستهێناوە. ١٠ لەو کاندیدانە لە ڕەگەزی نێرینە و شەش کاندیدیان لە ڕەگەزی مێینەن. هەشت لە کاندیدەکان سەر بە لیستی هاوپەیمانی خەیاری وەتەنی و ئەوانی دیکە سەر بە لیستەکانی هاوپەیمانی قیەمی مەدەنی، هاوپەیمانی ڕیئاسە، نەبز عێراق و ئیشراقیە کانوونن. لەناو ئەو کاندیدانەدا ئەیمەن ڕەعد دلێمی کاندیدی لیستی نەبز ئەلعێراق هیچ دەنگێکی بەدەست نەهێناوە.

 

 

پارێزگای بەسڕە

لەسەر ئاستی پارێزگای بەسڕە، ٥٣ کاندید کەمتر لە ١٠ دەنگیان بەدەستهێناوە. ٣٠ لەو کاندیدانە لە ڕەگەزی نێرینە و ٢٣ کاندید لە ڕەگەزی مێینەن. ١١ لەو کاندیدانە سەربە لیستی گردبوونەوەی ئەجیال، حەوت کاندید سەربە لیستی هاوپەیمانی شموخ بەسڕە، شەش کاندید سەربە لیستی هاوپەیمانی ڕیئاسە، چوار کاندید سەربە لیستی تەنزیمی داخل، چوار کاندید سەربە لیستی هاوپەیمانی قیەمی مەدەنی، هەشت کاندید سەربە لیستی گردبوونەوەی فەیحای فیدڕاڵی و ئەوانی دیکە سەر بە لیستەکانی ئیشراقیەی کانوون و هاوپەیمانی مەدینەتی و لیستی قیادەن.

لەناو ئەو کاندیدانەدا، مەنال مالک خەلەف ئالکەعب لە ڕەگەزی مێینە و لە هاوپەیمانی شموخ بەسڕە، عەمار یەعکوب مەیاحی لە ڕەگەزی نێرینە و لە هاوپەیمانی ڕیئاسە، ڕجا محەمەد جابری لە ڕەگەزی مێینە و لە گردبوونەوەی ئەجیال تەنانەت هیچ دەنگێکیان بەدەست نەهێناوە.

 

 

پارێزگای قادسیە

لە پارێزگای قادسیە، ٢١ کاندید کەمتر لە ١٠ دەنگیان بەدەستهێناوە. ١١ کاندید لە ڕەگەزی نێرینە و ١٢ کاندید لە ڕەگەزی مێییەن. شەش کاندید لە هاوپەیمانی ڕیئاسە، هەریەک لە هاوپەیمانی دەوڵەتی مەدەنی، تەنزیمی داخل، هاوپەیمانی ئەساسی عێراقی هەریەکەیان چوار کاندید و سێ کاندیدیش لە ئیشراقیەی کانوون کەمتر لە ١٠ دەنگیان بەدەستهێناوە.

لەو چوارچێوەیەدا، هەریەک لە نەورەس عەلی یوسف کەعبی لە ڕەگەزی مێینە و سەربە تەنزیمی داخل و ئیبتدا عەلی محەمەد ئەعرەجی لە ڕەگەزی مێینە و لە هاوپەیمانی ئەساسی عێراقی، هیچ دەنگێکیان بەدەست نەهێناوە.

 

 

پارێزگای موسەننا

لە پارێزگای موسەننا ١٤ کاندیدی لیستە جیاجیاکان کەمتر لە ١٠ دەنگیان بەدەستهێناوە. نۆ لە کاندیدەکان لە ڕەگەزی نێرینە و چوار کاندید لە ڕەگەزی مێینە بوون. نۆ لە کاندیدەکان سەربە هاوپەیمانی ئەلمهمە، سێ کاندید سەربە ئیشراقیەی کانوون و دوو کاندید سەربە لیستی جەماوەری موسەننان.

 

 

پارێزگای نەجەف

لە پارێزگای نەجەف ٢٦ کاندید کەمتر لە ١٠ دەنگیان بەدەستهێناوە. لەو چوارچێوەیەدا، ١٦ کاندید لە ڕەگەزی نێرینە و ١٠ کاندید لە ڕەگەزی مێینەن.

هەروەها، هەشت کاندید سەربە هاوپەیمانی ڕیئاسە، پێنج کاندید سەربە بزووتنەوەی ئیدراک، چوار کاندید لە لیستی مەدار، چوار کاندید لە تەنزیم داخل، دوو کاندید لە هاوپەیمانی زەمیری عێراقی، دوو کاندید لە هاوپەیمانی قیەمی مەدەنی و کاندیدێکی لیستی ئەبشر یا عێراق دەگرێتەوە.

دوو کاندیدی لیستی هاوپەیمانی ڕیئاسە کە هەردووکیان لە ڕەگەزی مێینەن، بەناوەکانی زەینەب عەبدولمەلیک و شەهد حەمید ئالجیاش، هەروەها کاندیدێکی لیستی مەدار کە بەهەمان شێوە لە ڕەگەزی مێینە و بەناوی مەی عەبدولڕەحمان مقدادی تەنانەت هیچ دەنگێکیان بەدەست نەهێناوە.

 

 

پارێزگای بابل

لە پارێزگای بابل ١٠ کاندید کەمتر لە ١٠ دەنگیان بەدەستهێناوە. حەوت کاندید لە ڕەگەزی مێینە و سێ کاندید لە ڕەگەزی نێرینە بوون. ئەوان دابەش دەبن بەسەر لیستەکانی ئیشراقیەی کانوون، گردبوونەوەی فاو زاخۆ، هاوپەیمانی ئەساسی عێراقی، گردبوونەوەی پەرلەمانی گەل و هاوپەیمانی قیەمی مەدەنی.

 

 

پارێزگای زیقاڕ

لە پارێزگای زیقاڕ، ٢٠ کاندید کەمتر لە ١٠ دەنگیان بەدەستهێناوە. لەناویاندا ١٠ کاندید لە ڕەگەزی نێرینە و ١٠ کاندیدی مێینەن. هەشت لە کاندیدەکان سەربە لیستی ئینبساق، سێ کاندیدی هاوپەیمانی ڕیئساسە، دوو کاندیدی هاوپەیمانی قیەمی مەدەنی، دوو کاندیدی هاوپەیمانی ئەساسی عێراقی، لیستەکانی گردبوونەوەی عێراقی نوێ، ئەبشر یا عێراق، هاوپەیمانی مهمە، هاوپەیمانی دەوڵەتی مەدەنی و ئیشراقیەی کانوون هەریەک کاندیدێکیان کەمتر لە ١٠ دەنگیان بەدەستهێناوە.

 

 

پارێزگای میسان

لە پارێزگای میسان ٢٣ کاندید کەمتر لە ١٠ دەنگیان بەدەستهێناوە. ١٥ کاندید لە ڕەگەزی نێرینە و هەشت کاندید لە ڕەگەزی مێینەن. لەناویاندا سێ کاندیدی سەربە لیستی تەنزیمی داخل بەناوەکانی شەهاب ئەحمەد نعمە، عەباس عبدحەسەن بزونی و حەنان زویر عکبی، کە ئەوەی دواینیان لەڕەگەزی مێینەیە، هیچ دەنگێکیان بەدەست نەهێناوە.

لەناو کاندیدەکاندا ١٤ کاندید سەر بە لیستی تەنزیمی داخیل، سێ کاندید سەربە لیستی وەعد ئەلعێراقی، سێ کاندید سەربە بزووتنەوەی غیاری عێراقی، دوو کاندیدی گردبوونەوەی ئەجیال، هاوپەیمانی عەقدی نیشتمانی و هاوپەیمانی قیەمی مەدەنی هەریەک کاندیدێکیان کەمتر لە ١٠ دەنگیان بەدەستهێناوە و هەروەها مەڕوان سەبیح زوهیری کاندیدی سەربەخۆ بە هەمان شێوە تەنیا پێنج دەنگی بەدەستهێناوە.

 

 

پارێزگای واست

لە پارێزگای واست، ١٨ کاندید کەمتر لە ١٠ دەنگیان بەدەستهێناوە. لەناویاندا ١٠ کاندید لە ڕەگەزی نێرینە و هەشتیان لە ڕەگەزی مێینەن. ئەسرا نوری غلاوم عەسکەری کاندیدی مێینە لە لیستی هاوپەیمانی ڕیئاسە تەنانەت هیچ دەنگێکی بەدەست نەهێناوە.

لەو ١٨ کاندیدەدا حەوت کاندید سەربە هاوپەیمانی ڕیئاسە، چوار کاندید سەربە لیستی ئەبشر یا عێراق، چوار کاندید لە هاوپەیمانی ئەساسی عێراقی، هەریەک لە هاوپەیمانی گردبوونەوەی ئەجیال و هاوپەیمانی قیەمی مەدەنی کاندیدێک و هاوکات عەدنان ڕەمەزان کازم کاندیدی سەربەخۆ تەنیا یەک دەنگی بەدەستهێناوە.

 

 

پارێزگای کەربەلا

لە پارێزگای کەربەلا، ٤٢ کاندید کەمتر لە ١٠ دەنگیان بەدەستهێناوە. ٢٩ کاندید لە ڕەگەزی نێرینە و ١٣ کاندید لە ڕەگەزی مێینەن. لە ناویاندا پێنج کاندید لە هاوپەیمانی ڕیئاسە بەناوەکانی عەلی مەرزوک زغیر، سنا خادم عەبدولئەمیر، باسم تاهیر شبلاوی، عامر موحسین عبید و حەیدەر تاهر عەبدولحوسێن، کە تەنیا یەکێکیان لە ڕەگەزی مێینەیە، هیچ دەنگێکیان بەدەست نەهێناوە. هەروەها کاندیدێکی لیستی گردبوونەوەی ئەجیال بەناوی یوسف سامر سالم بە هەمان شێوە هیچ دەنگێکی بەدەست نەهێناوە.

لەو چوارچێوەیەدا، ١٨ کاندید سەربە لیستی هاوپەیمانی ڕیئاسە، هەشت کاندید سەربە گردبوونەوەی ئەجیال، سێ کاندیدی گردبوونەوەی عێراقی نوێ، پێنج کاندیدی هاوپەیمانی فاو زاخۆ، پێنج کاندیدی هاوپەیمانی ئەساسی عێراقی و سێ کاندیدی هاوپەیمانی نەبنی هەن.

 

 

پارێزگای بەغدا

لە پارێزگای بەغدا ١٦٤ کاندید کەمتر لە ١٠ دەنگیان بەدەستهێناوە. لەناویاندا ٨٧٩ کاندید لە ڕەگەزی نێرینە و ٧٥ کاندید لە ڕەگەزی مێینەن.

لەو چوارچێوەیەدا، ٣٢ کاندیدی لیستی مەدار، ١٣ کاندید لە تەیاری وەتەنی عەشایەری عێراق، نۆ کاندیدی لیستی ئەبشر یا عێراق، ٢٩ کاندیدی هاوپەیمانی قەوی مەدەنی، ١٨ کاندیدی لیستی تەنزیمی داخل، ١٢ کاندیدی هاوپەیمانی زەمیری عێراقی، ٢٢ کاندیدی هاوپەیمانی ڕیئاسە و ئەوانی دیکەیش بەسەر چەند لیستێکی جیاجیای وەک ئیشراقیەی کانوون، هاوپەیمانی فاو زاخۆ، هاوپەیمانی دەوڵەتی نیشتمانی، هاوپەیمانی ئەساسی عێراقی، هاوپەیمانی ئەسرا، هاوپەیمانی نەبنی، هاوپەیمانی قیەمی مەدەنی، گردبوونەوەی ئەجیال، گردبوونەوەی عێراقی نوێ، حزبی داعی و لیستی حەسمی نیشتمانی دابەش دەبن.

لە سەر ئاستی پارێزگای بەغدا، ١٣ کاندید کە حەوتیان لە ڕەگەزی مێینە و شەشیان لە ڕەگەزی نێرینەن، هیچ دەنگێکیان بەدەست نەهێناوە؛

هەریەک لە حسام عەبدولعەزیز سەدام و عودەی سەبیح لازم کەعبی کاندیدی تەیاری وەتەنی عەشایەری عێراق، هبە خالد شاکر مەحموود دوری (مێینە) لە لیستی تەنزیمی داخل، ڕانیە حەمزە مەهدی زوبەیدی، ئیمان کازم حوسێن زامل، حەنان عەدنان کەشکول و عەبدولحوسێن جەبار حەسەن کە سیانی یەکەمیان مێینەن، لە هاوپەیمانی زەمیری عێراقی، هەروەها باسم بەحری عەبدولحی و مستەفا رازی داود سلێمان کاندیدی لیستی هاوپەیمانی ڕیئاسە، لەپاڵ چوار کاندیدی لیستی مەدار بەناوەکانی سوها ئیبراهیم حەمەد، خەنسا نەسیف جاسم، مستەفا ڕائید فەیسەڵ و حەیدەر محەمەد عەبدولئەمیر کە دووانی یەکەمیان مێینەن، هیچ کامیان تەنانەت دەنگێکیان بەدەست نەهێناوە.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...