سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

هەڕەشەکانی حووسييەکان لە بابوولمەندەب و دەریای سوور

 

حووسييەکان و ئێران هەڕەشەیەکی جدیيان درووست کردووە بۆ هاتوچۆی کەشتييە بازرگانييەکان لە گەرووی بابوولمەندەب “باب المندب” و دەريای سوور. خۆیان بە فەرمی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تەنيا ئەو کەشتييانە دەکەنە ئامانج کە ئيسڕائيلييە و بەرەو ئيسڕائيل دەڕوات، بەڵام لە واقعدا زۆر کەشتی دی کە پەيوەندی بە ئيسڕائيلەوە نەبووە کراوەتە ئامانج و کێشەی بۆ درووست کراوە. ئەگەر تەنيا کەشتييەکانی ئيسڕائيليش بکرێنە ئامانج، ئەوا هەر کاريگەری خەراپی دەبێت بەسەر کۆی بازرگانی کە پشت بە ئەو ڕێگایە دەبەستێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بۆچی بابوولمەندەب گرنگە؟

ئەم گەرووە دەکەوێتە نێوان هەرسێ وڵاتی یەمەن و جيبۆتی و ئەريتيريا، لە نێوان ئاسيا وئەفريقيا. دەروازەی باشووری دەريای سوورە، کەنداوی عەدەن و دەریای عەرەب و ئۆقيانووسی هيندی دەگەيەنێت بە دەريایی سوور، پاشان لە ڕێگەی نۆکەندی (سوێس)ەوە دەريایی سوور دەگەيەنێتە دەريایی ناوەڕاست. واتە ئۆقيانووسی هيندی دەگەيەنێت بە دەريایی ناوەڕاست. ئەم ڕێڕەوە ئاوييە، بە کورترين ڕێگەی دەریایی دادەنرێت لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و بە ڕێگای سەرەکی بازرگانی دادەنرێت لە نێوان هەردوو جيهانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا.

پێش درووستکردن و کردنەوەی نۆکەندی سوێس لە ميسر، گەرووی بابوولمەندەب ئەو گرنگيیە گەورەیەی نەبووە کە لە دوای کردنەوەی نۆکەندی سوێس هەیەتی. چونکە پێش نۆکەندی سوێس، بابوولمەندەب تەنیا ئۆقيانووسی هيندی دەگەياندە دەريای سوور، بەڵام دوای کردنەوەی نۆکەندی سوێس ئەوا ئۆقيانووسی هيندی گەياندە دەريای ناوەڕاست و ئەوروپا و ڕۆژئاوا. بێگومان نۆکەندی (سوێس)يش بەبێ بوونی بابوولمەندەب گرنگيیەکی گەورەی نەدەبوو. پێش نۆکەندی سوێس، کەشتييەکان لە ئەوروپاوە دەبوو بە ڕێگای (رأس رجاء الصالح) لە باشووری کيشوەری ئەفريقياوە بگەنە زەريایی هيندی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسيا. بۆ نموونە، ئەو کات کەشتيیەک لە شاری لەندەن بۆ ئەوەی بگاتە بەندەری عەبەدان لە ئێران، دەبوو (٢١) هەزار کم ببڕێت، دوای کردنەوەی نۆکەندی سوێس، ئەوا هەمان ئەو کەشتيەی لەنەدەن، بە تێپەڕبوونی بە نۆکەندی سوێس و گەرووی بابوولمەندەب، پێويستە (١٢) هەزار کم ببڕێت تا بگاتە بەندەری عەبەدانی ئێران. ئەم کورتکردنەوەیەی ڕێگایە، کار دەکاتە سەر نرخ و بڕی بازرگانی  وگەڕاندنەوەی کات و وزەیەکی زۆر.

بەپێی داتای ٢٠١٨، ڕۆژانە بڕی (6.2) مليۆن بەرميل نەوت گواستراوەتەوە لە ڕێگەی بابوولمەندەبەوە، کە دەکاتە ٩٪ی کۆی ئەو نەوتەی کە بە ڕێگەی دەریایی گواستراوەتەوە لە جيهاندا. ئەم  گەرووە  ڕێگای سەرەکی گواستنەوەی وزەیە لە کەنداوی عەرەبی و گەرووی هورمزەوە بۆ ئەوروپا و بەشێکی ئەمريکا. هاوکات ڕێگەیەکی سەرەکی هەناردەکردنی شمەکی چينی و ژاپۆنی وهيندییە بۆ ئەوروپا و بەشێک لە ئەمريکا و ئيسڕائيل و وڵاتانی سەر دەريای سوور و دەريای ناوەڕاست و بە پێچەوانەوەش. ئەگەر ئەم ڕێڕەوە دابخرێت، ئەوا وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا، پێويستە ڕێگای (رأس رجاء الصالح) بەکاربهێنرێت لە باشوری ئەفريقيا، ئەمەش کات و تێچوونێکی زۆر زیاتری دەوێت بە بەراورد بە تێپەڕبوون بە بابوولمەندەب و نۆکەندی سوێس.

لەبەر ئەو گرنگييە، ئەو ناوچەیەی کە بابوولمەندەبی تێدایە، بووەتە گۆڕەپانی ململانێيەکی جيۆپۆلەتيکی نێوان چەندين دەوڵەت. بۆ نموونە ناوچەی قەرنی ئەفريقی، کە پێکدێت لە هەریەک لە ئەريتيريا و جيبۆتی و سۆماڵ و ئەسيوپيا، دەڕوانێتە سەر دەريای سوور و کەنداوی عەدەن و زەريایی هيندی، دەکەوێتە بەری ڕۆژئاوای بابوولمەندەب و دەريای سوور (جگە لە ئەسيوپيا کە هيچ سنورێکی دەريایی نييە). بوونی هەژموون لە قەرنی ئەفريقی، واتە بوونی هەژموون لە گەرووی بابوولمەندەب. هەر بۆیە چەندين دەوڵەت هەوڵ دەدەن ئامادەیی سەربازییان هەبێت لەم ناوچەیەدا، بۆ نموونە لە وڵاتێکی ڕووبەر بچووکی وەک جيبۆتی، کە دەڕوانێتە سەر گەرووی بابوولمەندەب و دەريای سوور، هەشت دەوڵەت بنکەی سەربازیی و ئامادەیی سەربازييان تێدا هەیە. هەر یەک لە دەوڵەتانی وەک فەڕەنسا، ئەمريکا، چين، ژاپۆن بنکەی سەربازييان هەیە لەو وڵاتەدا. بنکە سەربازييەکەی ژاپۆن یەکەم و تاکە بنکەی سەربازی ئەو دەوڵەتە لە دەرەوەی ژاپۆن. هەر یەک لە بەريتانيا و ئيسپانيا و ئەڵمانيا سەربازیان لە ناو بنکە سەربازييەکانی ئەمريکا و فەڕەنسا هەیە. هەروەها سعوودیيە و هيندستانيش پلانيان هەیە لە ئايندەیەکی نزيک بنکەی سەربازی خۆیان لە جيبۆتی بکەنەوە. هەر یەک لە ئيسڕائيل و ئيمارات بنکەی سەربازيان لە ئەريتيریا دامەزراندووە. سۆماڵ، هەرچەند ناڕوانێتە سەر بابوولمەندەب، بەڵام دەڕوانێتە سەر کەندوای عەدەن و زەريایی هيندی، کە دەروازەی (باب المندب)ە، ئەمريکا و بەريتانيا و ئيمارات و تورکيا بنکەی سەربازييان تێدا دامەزراندووە. یەمەن کە دەکەوێتە بەرانبەر قەرنی ئەفريقی، لە بەرەی ئاسيا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی گەرووەکە و بە شێوەیەکی فرەوان دەڕوانێتە سەری، ساڵانی پێشوو ببووە گۆڕەپانی ململانێ و جەنگی بە وەکالەتی نێوان سعوودييە و ئيمارات لە لایەک، ئێران لە لایەکی تر. ئیستایش لە چوارچێوەی جەنگەکەی غەززە، ئێران و حووسييەکان کردوویانە بە کارتێکی فشاری گەورە دژ بە نەيارەکانيان (دواتر ئاماژەی زیاتری پێدەدرێت). هەموو ئەم ململانێ و کێبڕکێ و بایەخدانەی دەوڵەتان بۆ ئەو ناوچەیە، بەشێکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گرنگييە ئابووری و جيۆپۆلەتيکيیەی بابوولەمەندەب هەیەتی.

لە خوارەوە هەوڵدەدرێت بە کورتی ئاماژە بە ئەو ململانێ و کێبڕکێيانە بدرێت کە لەو ناوچەیەدا هەیە و ئەو دەوڵەتانەی کە بایەخی زۆر بەو ناوچەیە دەدەن:

 

١-  ئەمريکا: گرنگيدانی ئەم سوپەرپاوەرە بە گەرووی بابوولمەندەب هۆکاری زۆرە. لێرەدا تەنیا دوو هۆکاری دەخرێتەڕوو؛ یەکێکی گرنگيدانی ئەمريکایە بە ئۆقيانووسی هيندی. ئەمريکا بۆ ئەوەی وەک بەهەژموونترين زلهێز بمێنێتەوە لە جيهاندا، پێويستە هەژموونی هەبێت بەسەر ئۆقيانووسی هيندی کە ڕێگایەکی سەرەکييە بۆ بازرگانیی جيهانی. (بابوولمەندەب) و دەريایی سوور و کەنداوی عەدەن و دەريای عەرەب، بەش و لقی ئەم ئۆقيانووسەن. دوای دەرکەوتنی چین وەک زلهێزێکی ئابووری و کێبڕکێکردنی لەگەڵ ئەمريکا، بە تايبەت کە هەناردە و هاوردەکانی چين بە شێوەیەکی زۆر گەورە پشت بەم ڕێگایە دەبەستێت، ئەم هۆکارە بە هۆکاری سەرەکی بایەخی ئەمريکا بۆ ئەو ناوچەیە دادەندرێت. هەروەها گەرووی بابوولمەندەب  ودەريای سوور، ڕێگەیەکی دەريایی سەرەکی بوو بۆ پەيوەندی ئيسڕائيل بە جيهانەوە. بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٧٣ لە کاتی جەنگی نێوان ميسر و ئيسڕائيل، ميسر بە هاوکاری هەردوو دەوڵەتی یەمەن (ئەو کات یەمەن دوو دەوڵەت بوو، یەمەنی باکوور و یەمەنی باشوور) توانيان گەرووی بابوولمەندەب دابخەن بە ڕووی ئيسڕائيلدا. بەوەش ئيسڕائيل زیانێکی گەورەی کرد، نەوتی وەک پێويست پێنەدەگەيشت و بڕی ٧١٤ مليۆن دۆلار زیان بەر ئيسڕائيل کەوت بەهۆی داخستنی ئەو ڕێگایە. لە ئەنجامدا ئيسڕائيل داوای هاوکاری لە ئەمريکا کرد بۆ ئەوەی گەرووەکە بکاتەوە. ئەمريکا داواکەی جێبەجێ کرد و کەشتييە سەربازييەکانی خۆی نارد بۆ پاراستنی کەشتييە بازرگانييەکانی ئيسڕائيل. بەوەش ميسر و عەرەبی کردە بەردەم دوو بژاردە، لابردنی گەمارۆیەکەی سەر ئيسڕائيل، یان پەلاماردانی کەشتييە سەربازييەکانی ئەمريکا و ڕاگەياندنی جەنگ دژ بە ئەمريکا، ميسر ناچار بژاردەی یەکەمی هەڵبژارد. ئێستا ئيسڕائيل زیاتر پشت بە دەريای سپی ناوەڕاست دەبەستێت بۆ بازرگانی و بەندەرە سەرەکييەکانی لەوێن، کەمتر لە جاران پشت بە دەریای سوور دەبەستێت.

٢-چين: ئێستا زۆرترين وڵاتی جيهان کە هەناردەی شمەک دەکات، بريتييە لە چين. ئەمە وادەکات پێويستييەکی گەورەی هەبێت بە دەريا و ئۆقيانووسەکان و ڕێڕەوە ئاوييەکان. کاتێک وڵاتێک زۆرترين شمەک هەناردەی دەرەوە دەکات، کەواتە پێويستە وزەیەکی زۆريش هاوردە بکات، هەردوو ئەم پڕۆسەیە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە دەريا و ڕێڕەوە ئاوييەکان دەبەستن. ڕێگە ئاوييەکان، بە تايبەت زەريای هيندی بە لق و بەشەکانييەوە، بە ئەندازەیەکی زۆر لە ژێر هەژموونی ئەمريکایە. چين دەيەوێت هەژموونی هەبێت لە ڕێگا گرنگە بازرگانيیەکانی وەک گەرووی بابوولمەندەب، کە یەکێکە لە گرنگترين ڕێڕەوە ئاوييەکان بۆ چين، بە تايبەت بۆ هەناردەکردنی شمەک بۆ ئەوروپا و ئەفريقيا و هەروەها یەکێکە لە ڕێگە سەرەکيیەکانی پڕۆژەی (ڕێگا و پشتێنە)ی چينی لە بەشە دەرياییەکەی. بۆیە لە جيبۆتی بنکەی سەربازیی هەیە و لە ئەسيوپياش ئامادەبوونێکی گەورەی هەیە لە ڕووی ئابووریيەوە، قەرزێکی زۆريشی داوە بە ئەو دوو دەوڵەتە. هەر چەند ئەسيوپيا ناڕوانێتە سەر هيچ ڕێگەیەکی ئاوی، بەڵام دراوسێی ئەريتيريا و جيبۆتيە کە هەردووکيان دەڕواننە سەر گەرووی بابوولمەندەب. لە ٢٠١٧، چين یەکەم بنکەی سەربازی خۆی لە دەرەوە لە جيبۆتی دامەزراند.

 

٣-سعووديیە و ئيمارات: ئەم دوو دەوڵەتە هاوپەيمانی یەکترن و بۆ هەندێک پرس ئامانجەکانيان لە یەکترەوە نزيکە. هەردوو دەوڵەت بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە گەرووی هورمز دەبەستن بۆ هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتيیەکانيان. ئاشکرایە هەناردەکردن لە گەرووی هورمزەوە بۆ ئەوروپا و هەندێک دەوڵەتی ئەفريقی و بەشێکی ئەمريکا، ئەوا لە ڕێگەی بابوولمەندەبەوە ئەنجامدەدرێت. کەواتە گرنگی گەرووی هورمز، لە هەندێک ڕووەوە، تەواو پەيوەستە بە سەقامگيری گەرووی بابوولمەندەب. ئەو وڵاتانەی کە پشت بە هورمز دەبەستن، لە هەمان کاتدا پشت بە (بابوولمەندەب)يش دەبەستن، بۆیە ئيمارات و سعووديیە (بە تايبەت کە سعووديیە دەڕوانێتە سەر دەريای سوور لە ڕۆژئاواوە)، بایەخێکی گەورە دەدەن بە گەرووی بابوو لمەندەب و ناوچەی قەرنی ئەفريقی و یەمەن.

لەبەر ئەوەی ئێران زاڵە بەسەر گەرووی هورمز و زۆر کات هەڕەشەی داخستن و تێکدانی سەقامگيری دەکات لەوێ، وڵاتانی تری نزيک لەو گەرووە، ساڵانێکی زۆرە هەوڵدەدەن ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتيیەکانيان بەبێ تێپەڕبوون بە هورمز. تا ئێستا ئيمارات و سعووديیە تا ڕادەیەکی کەم توانيويانە سەرکەوتووبن لەوەدا. ئەويش لە ڕێگەی ڕاکێشانی هێڵی بۆڕی نەوت، لە ئيماراتەوە بۆ کەنداوی عومان، لە سعوودیيەوە بۆ دەريای سوور. لە ٢٠١٨ بە هەردوو وڵاتەوە توانيان ٢.٧ مليۆن بەرميل نەوت لە ڕۆژێکدا هەناردە بکەن بە ڕێگەی هێڵی بۆڕیيەوە، بەڵام ئەگەر هەموو توانای ئەو هێڵانە بخرێتە کار، ئەوا دەتوانرێت ڕۆژانە (6.8) مليۆن بەرميل نەوت هەناردە بکەن بەبێ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمز. ئەمەش هێشتا ڕێژەیەکی کەمە بە بەراورد بەو بڕە نەوتەی کە ڕۆژانە لە گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕێت، کە دەگاتە ٢٠ مليۆن بەرميلی ڕۆژانە.

کاتێک سعووديیە و ئيمارات تا ڕادەیەک دەتوانن بەبێ گەرووی هورمز نەوتی خۆیان هەناردە بکەن و پلانيان هەیە هەناردەی نەوت لە ڕێگەی هێڵی بۆڕییەوە زیاتريش بکەن، بەوە تا ڕادەیەک ڕزگاريان دەبێت لە هەڕەشەکانی ئێران لە هورمز. بەڵام وەک باسکرا، بەشێکی نەوتی وڵاتانی کەنداو دەبێت لەڕێگەی بابوولمەندەبەوە بگوازرێتەوە، بە تايبەت بۆ ئەوروپا، یان بۆ هاوردەکردنی شمەکی ئەوروپی بۆ کەنداو، کەواتە بۆ ئيمارات و سعووديیە پێويستە بابوولمەندەب سەقامگير بێت.

لە ٢٠١١ یەمەن لەو دەوڵەتانە بوو کە کەوتە بەر شەپۆلی (بەهاری عەرەبی) لەو کاتەوە یەمەن تووشی قەيرانی ئاسايش و سەقامگيری بوو، ئەمەش ڕێگەی خۆش کرد کە وەک سووريا و ليبيا، ببێتە گۆڕەپانی ململانێی دەوڵەتانی بەهێز. بە تايبەت لە ٢٠١٥ەوە دوای هەڵگيرساندنی شەڕی ناوخۆی یەمەن، لە نێوان حووسيیەکان بە پشتگيری ئێران و حکوومەتی یەمەنی بە پشتگيری سعووديیە و ئيمارات و هاوپەيمانەکانيان. ئێران لە ڕێگەی حووسیيەکانەوە هەژموونی خۆی گەياندە بابوولمەندەب. سعوودیيە و ئيمارات کە ساڵانێکە هەوڵدەدەن تا لە هەڕەشەکانی ئێران لە گەرووی هورمز ڕزگاريان بێت، کەچی ئیستا هەڕەشەکانی ئێران گەيشتووەتە (بابوولمەندەب)يش، ئەوەش مانای ئەوەیە، تەنانەت بە هێڵی بۆڕی نەوتيش، ئيمارات و سعووديیە ناتوانن لە هەڕەشە و مەترسیيەکانی ئێران ڕزگاريان بێت.

بۆ ڕێگرتن لە هەژموونی ئێران بەسەر گەرووی بابوولمەندەب و دەريای سوور، ساڵی ٢٠١٥ سعووديیە بە فەرمی بەشدرابوونی خۆی لە شەڕی یەمەن ڕاگەياند، چەندين بنکەی سەربازیی لە ناو یەمەن درووست کرد. ئيماڕات ئامادەبوونێکی سەربازی گەورەی هەیە لە یەمەن، لە دوورگەی (ميون) بنکەیەکی سەربازی درووستکرد کە دەکەوێتە ناوەڕاستی گەرووی بابوولمەندەب و دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەو دوورگەیەوە گەرووەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت. ئيمارات لە ئەريتيريا و سۆماڵيش بنکەی سەربازی داناوە. بە کورتی بابوولمەندەب بۆ سعووديیە و ئيمارات بە ئەندازەیەک گرنگە، کە جەنگی بۆ هەڵدەگيرسێنن، ئەوە ئەوەی لە ساڵانی پیشوو ئەنجامياندا لە یەمەن.

 

٤-ئێران: بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەکەیەوە، هەژموونی هەیە بەسەر گەرووی هورمز، کە بەشێک لە هورمز سەر بە سنوری ئاوی ئێرانە. هەروەها لە ڕێگەی حووسیيەکانی یەمەنەوە، هەژموونی هەیە بەسەر گەرووی بابوولمەندەب. ئاشکرایە، گرنگی نۆکەندی سوێس، تا ئەندازەیەکی زۆر پەيوەستە بە ئەم گەرووەوە. کەواتە ئەگەر ئێران ئەو ڕێگایە لە ڕێگەی حووسیيەکانەوە کۆنتڕۆڵ بکات، ئەوا هەژموونی دەبێت لە سێ ڕێڕەوی ئاوی، کە لە گرنگترين ڕێڕەوە ئاوييەکانن بۆ بازرگانی وزە و کەشتی سەربازی.

ئێران لەبەر ئەوەی وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە وزە (نەوت و گازی سروشتی) پێويستیيەکی گەورەی بە ڕێڕەوە ئاوييەکانە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانی. ئەو ڕێڕەوە ئاویيانەش زیاتر لە ژێر هەژموونی نەيارەکانيەتی، وەک ئەمريکا و دەوڵەتانی کەنداو، بۆیە ئێران بە پێويستی دەزانێت هەژموونی هەبێت لەو ڕێگا ئاویيانەی کە ئامرازی سەرەکين بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانی خۆی بە تايبەت وزە. ئەمە ئێران دەکاتە دەوڵەتێکی بە هەژموون لەسەر ئاستی جيهان، چونکە هەر دەوڵەتێک هەژموونی هەبێت بەسەر ئەو ڕێڕەوە ئاوييە گرنگانە، ئەوا هەژموونی دەبێت بەسەر جيهاندا، بە تايبەت کە (هورمز، بابوولمەندەب، سوێس) بە ڕێگەی سەرەکی گواستنەوەی وزە دادەنرێن لە جيهاندا. لە لایەکی ترەوە ئێران ئەگەر هەژموونی هەبێت لەو ڕێڕەوە ئاوييانە، دەتوانێت هەڕەشەی داخستن و تێکدانی سەقامگيرييان بکات، ئەوەش وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنێت دژ بە ئەمريکا و ڕۆژئاوا و زۆرێک لە دەوڵەتانی عەرەبی بە تايبەت سعوودييە. وەک ئەوەی ئێستا ئەنجامیدەدات لە ڕێگەی حووسييەکانەوە. داخستن یان درووستکردنی ناسەقامگيری لەو ڕێرەوە ئاوييانەدا، دەکرێت ببێتە مایەی سەرهەڵدانی قەيرانی ئابووری و هەڵاوسان بە شێوەیەکی گەورە لەسەر ئاستی جيهان. بۆ نموونە لە کاتی جەنگی عێراق و ئێران ١٩٨٠-١٩٨٨ کاتێک ئەوەی پێی دەگوترێت “جەنگی بارهەڵگرەکان” ڕوويدا، کە عێراق و ئێران هێرشيان دەکردە سەر کەشتييە بازرگانييەکان لە هورمز و کەنداو، بۆ فشار درووستکردن لەسەر ڕۆژئاوا و کەنداو و لێدان لە بەرژەوەندييەکانی یەکتر. کۆمپانياکانی بيمە، کە پارێزگاری لە کەشتييەکان دەکەن، نرخی بيمە و دڵنياییان بە ڕێژەی ٤٠٠٪ زیاد کرد، لە کاتێکدا هورمز بە تەواوی دانەخرا، تەنيا سەقامگيری و ئاسایشەکەی تێکچوو. ئەگەر هورمز بە تەواوی دابخرێت، ئەوا پێشبينی دەکرێت تەنیا لە مانگی یەکەمی ئەو داخستنە، نرخی یەک بەرميل نەوت بگاتە (٢٥٠) دۆلار، تا ماوەی داخستنەکە زیاتر بێت، ئەوا نرخی نەوت زیاتر بەرز دەبێتەوە. ئەمەش دەبێتە مایەی گرانبوونی زۆربەی شمەکاکانی جيهان بە شێوەیەکی زۆر بەرز.

 

 

جەنگی غەززە و بابوولمەندەب

ئەوەی لەسەرەوە باسکرا، وێنەیەکی گشتی بوو بۆ تێگەيشتن لە ڕووداوەکانی ئەم ماوەیە کە لە ناوچەی دەريای سوور و بابوولمەندەب ڕوودەدەن. حووسييەکان بە هاوکاری و (فەرمان)ی ئێران دەستيانکردووە بە درووستکردنی ناسەقامگيری لەو ڕێڕەوە گرنگە بە پاساوی فشار درووستکردن لەسەر ئيسڕائيل و هاوکاريکردن و پاڵپشتی لە غەززە. ئەگەر لە چەندين ڕەهەندەوە تەماشای ئەو ڕووداوە بکەين، ئەوا دەکرێت بگوترێت کە جەنگەکەی غەززە تەنيا یەکێکە لە هۆکارەکان، نەک تاکە هۆکاری سەرەکی، لەبەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

 

١. ئيسڕائيل پێنج بەندەرەی سەرەکی هەیە، چوار لەوانە دەکەونە سەر دەريای سپی ناوەڕاست؛ کە بەندەری حەيفا (گەورەترين و سەرەکيترين بەندەری ئيسڕائيل) و بەندەری ئەسدوود (دووەم گەورەترين بەندەرە لە وڵاتەکە) و ئەسقەلان و “الخضيرة” کە تايبەتن بە هاوردەی وزە. تەنيا یەک بەندەری دەکەوێتە سەر دەریای سوور ئەويش ئيلاتە. ئەم بەندەرە تايبەت نييە بۆ هاوردەی وزە، زیاتر بۆ شمەکی ترە، کە ئيسڕائيل بۆ ئەو شمەکانە بە ڕێژەیەکی سەروو ٨٠٪ پشت بە حەيفا و ئەسدوود دەبەستێت. کەواتە ڕێگرتن لە کەشتييەکانی ئيسڕائيل لە لایەن حووسييەکانەوە لە بابوولمەندەب و دەریای سوور، کاريگەرييەکی زۆر کەم دەکاتە سەر ئيسڕائيل. هەر بۆیە چالاکييەکانی حووسييەکان هيچ کاريگەرييەکی نەکردووەتە سەر چالاکييە سەربازييەکانی ئيسڕائيل لە غەززە و باشووری لوبنان و سووريا. ئەگەر ئێران مەبەستی بێت فشارێکی توند و کاريگەر بخاتە سەر ئيسڕائيل، ئەوا دەبێت لە ڕێگەی ميليشيا شيعەکان لە سووريا و لوبنانەوە کێشە بۆ چوار بەندەرە گرنگەکەی ئيسڕائيل درووست  بکات لەسەر دەریای ناوەڕاست. بە تايبەت سووريا و لوبنان نزيکترن لە ئيسڕائيل و ئەو بەندەرانە بە بەراورد بە یەمەن و حووسييەکان.

٢. چالاکييەکانی حووسييەکان زیاتر زیان و کاريگەرييەکانی بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی وەک ميسر و وڵاتانی کەنداوە. بە تايبەت کە سوێس سەرچاوەیەکی سەرەکی ئابووری و داهاتە بۆ ميسر. ئێران دەيەوێت لە ڕێگەی حووسييەکانەوە ئەو پەيامە بداتە وڵاتانی وەک سعوودييە و ئيماڕات و ميسر کە دەتوانێت جگە لە هورمز لە دەریای سووريش کێشە درووست بکات. ئەمەش زیانێکی گەورەی دەبێت بۆ ئەو وڵاتانە.

٣. تێکدانی سەقامگيری دەريای سوور کارتێکی ئێرانە بەرانبەر بە ئەمريکا. چونکە پاراستنی ئەو ڕێڕەوە ئاوييانە ئەرکی ئەمريکایە، ئەوەش پێويستی بە وزە و تێچوونێکی زۆرە، جگە لەوەی ئەمريکا نایەوێت سەرنجی لەسەر پرسی چين لابچێت و دووبارە ئاڕاستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێتەوە. ئێران لەوانەیە ئەم کارتە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی ئەمريکا بگەڕێتەوە بۆ دانوستان و هەندێک سازش بۆ مەرجەکانی ئێران بکات.

٤. خودی ئێران دەزانێت داخستنی گەرووەکانی وەک هورمز و بابوولمەندەب بە شێوەیەکی تەواو، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتيش بێت، کارێکی واقیعی نييە و لە توانای ئێران نييە. چونکە جگە لە وڵاتانی کەنداو و ئەوروپا، وڵاتانی وەک چين و هيندستانيش، کە پەيوەنديان باشە لەگەڵ ئێران، زيانێکی زۆر گەورە دەکەن لەو کاتەدا. ئەو کات بەرەی دژ بە ئێران تەنيا ئەمريکا و ڕۆژئاوا و وڵاتانی کەنداو نابن، بەڵکوو تەنانەت چين و هيندستان و وڵاتانی ئاسياش دەکەونە بەرەی دژ بە ئێران. تەنيا لە یەک کاتدا ئێران پەنا بۆ ئەو بژاردەیە دەبات، ئەگەر هێرشێکی سەربازی بکرێتە سەر و دڵنيابێت لەوەی ڕژێمەکەی دەڕووخێت، ئەو کات وەک کارێکی خۆکوژی بۆ ماوەیەکی کورت دەتوانێت سەقامگيری ئەو ڕێڕەوە ئاوييانە بە تەواوی تێکبدات، بەڵام  پاشان ڕژێمی ئێران دەڕووخێنرێت.

٥. کاولکردنی غەززە و کوشتن و ئاوارەکردنی خەڵکەکەی لە لایەن ئيسڕائيلەوە بەبێ ئەوەی هيچ دەوڵەت و هێزێک بتوانن ڕێگری لێ بکەن، ئيحراجييەکی زۆر گەورەی بۆ ئێران و بەرەی مقاوەمەکەی درووستکردووە. ئێران دەيەوێت لە ڕێگەی حووسييەکانەوە ئەو پەيامە بدات گوایە بەرەی مقاوەمە چالاکە و زیانی گەورە لە ئيسڕائيل دەدەن، هاوشێوەی ئەوەی حزبوڵا دەيکات لە لوبنان. کە هيچيان نەيانتوانی بچووکترين ڕێگری لە ئيسڕائيل بکەن لە جەنگەکەی غەززە.

٦. هەر ئەو ئيحراجی و بێهيواکردنی لایەنگرانی بەرەی مقاوەمە لە لایەن ئێرانەوە، لەوانەیە وا لە ئێران بکات کە فەرمان بە حووسييەکان بکات چالاکييەکانيان زیاتر بکەن لەو ناوچەیەدا. هەروەک چۆن دەنگۆی ئەوە هەیە کە حەشد و حزبوڵاش چالاکييەکانيان توند و زیاتر بکەن.

 

بە کورتی ئەوەی تا ئێستا لە بابوولمەندەب کراوە، کاريگەرييەکی ئەوتۆی نەبووە لەسەر هاوکێشەی جەنگەکەی ئيسڕائيل و حەماس. لە ئەگەری زیاترکردنی هێرشەکانی حووسييەکان بۆ سەر کەشتييە بازرگانييەکان ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە هەر زیان و کاريگەرييەکی گەورەی نابێت بۆ سەر جەنگەکەی ئيسڕائيل، بەڵام زیان و کاريگەرييەکانی جيهانی دەبن و بە تايبەت بۆ وڵاتانی عەرەبی زیانەکان گەورەتر دەبن.

لە دۆخێکی وادا پرسياری سەرەکی ئەوەیە ئایا کاردانەوەی ئەمريکا چی دەبێت؟ ئێران دەتوانێت بەو شێوە هاوسەنگە ململانێکان بەڕێوەببات؟ کە ناوچەکە نوقمی ناسەقامگيری و جەنگ بکات خۆشی پارێزراو بێت؟ وەڵامی ئەم پرسيارە قورسە، تەنيا ئايندە و چاوەڕوانی دەتوانێت وەڵامی بداتەوە، بەڵام لە ئەگەری ئەوەی هێڵە سوورەکان تێپەڕێنێت، ئەوا هێرشکردنە سەر ئێران دەبێتە ئەگەرێکی کراوە و نزيک. هەندێک لەو هێڵە سوورانە بريتيين لە داخستنی بابوولمەندەب بە شێوەیەکی تەواو، یاخود ئەنجامدانی هێرشی جددی و توند بۆ سەر بەندەرە سەرەکييەکانی ئيسڕائيل لە دەريای ناوەڕاست لە سووريا و لوبنانەوە.

 

بەشێک لەم وتارە لە توێژينەوەیەکی نووسەر لە گۆڤاری زانکۆی گەرميان وەرگيراوە:

دەقی توێژینەوەکە

ڕه‌نج نه‌وزاد

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...