سیاسی
ئاراستەکان

وردەکارییەکانی هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هێرشەکەی شەوی پێنجشەممەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر جیاواز بووە لەو هێرشانەی پێشتر کراونەتە سەر کێڵگەکە، ئامانج لە هێرشەکەش لێدانبووە لەکەرتی کارەبا و وزەی هەرێم.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

سەرچاوە ئاگادارەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “هێرشەکانی پێشووی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر زیاتر پەیامیان لە پشتەوە بووە و ئامانجەکانیان نەدەپێکا، بەڵام لە هێرشەکەی شەوی پێنجشەممەدا سەرچاوەی گاز و کارەبا کراوەتە ئامانج.”

سەرچاوەکە گوتیشی، “لە هێرشەکەدا کۆگای گازی شل کراوەتە ئامانج، بۆیە بەرهەمهێنانی گاز ڕاگیراوە و زیان بە کارەبای نیشتمانیش گەیەنراوە، بەجۆرێک ڕەنگە بەمنزیکانە دۆخەکە ئاسایی نەبێتەوە.”

کێڵگەی گازی کۆرمۆر بەیەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی گاز و کارەبای هەرێمی کوردستان دادەنرێت و کۆمپانیای داناگازی ئیماراتی سەرکارە تێیدا. ڕۆژانە نزیکەی پێنج ملیۆن پێ سێجا گاز لەو کێڵگەیە بەرهەم دەهێنرێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێم، هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر ڕەوانەکردنی گازی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاگرتووە و زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبای کەمکردووەتەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمیش لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە کێڵگەکەدا. تیمەکانی وەزارەت و کۆمپانیای داناگاز سەرقاڵی چارەسەرکردنی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گازن.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پارێزگای سلێمانی کە نەیویستووە ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە کەناڵەکەی ڕاگەیاندووە، “هێرشەکە کۆگای گازی شل و کۆندێنسەیتی کردووەتە ئامانج. لە ترسی ڕوودانی کارەساتی گەورە بەرهەمهێنانی گاز ڕاگیرا. دەزگا ئەمنییەکانیش سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.”

هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کاردانەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتانی، لە نێوانیان ئەمریکا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا، لێکەوتەوە.

ئالینا ڕۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئیدانەی هێرشەکەی کرد و ڕایگەیاند، “هێرشەکە ژێرخانی کێڵگەکەی وێرانکرد و لە ناوەڕاستی زستاندا ملیۆنان کەس بێ کارەبا بوون.”

ڕەمک ڕەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە”.

هەرچەندە بەشێک لە میدیا کوردییەکان ئاماژە بەوە دەکەن هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ڕێگەی هاژەکەوە ئەنجامدراوە، بەڵام هەریەک لە کۆمپانیای داناگاز و دامودەزگا فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێم هێرشەکەیان بە هێرشی درۆنی ناوبردووە.

چوار سەرچاوەی حکوومەتی هەرێم بۆ دەنگی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە، لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن، بەڵام گومان دەکرێت هێرشەکە لە ڕێگەی درۆنەوە ئەنجامدرابێت، بەو پێیەی هێرشەکە ئامانجەکەی پێکاوە.

لە ئابی ساڵی ٢٠٢٢، لە ماوەی هەفتەیەکدا سێ جار و لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣یش هێرشی هاژەکی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، هێرشەکانی ئەوکات لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە و لە ناوچەکانی داقووقی پارێزگای کەرکووک و خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدینەوە ئەنجامدەدران.

سەرچاوەکان دەڵێن ئەوەی گومانی جیاوازی لە سەر هێرشە هاژەکییەکەی شەوی پێنجشەممە دروستکردووە لە ڕێگەی بۆمب یان هاژەکەوە بووبێت ئەوەیە، ئەو کۆگایەی کراوەتە ئامانج و گڕیگرتووە کۆگایەکی ئەستورە و ئەستەمە لە ڕێگەی درۆنەوە تێکبشکێنرێت.

سەرچاوەیەکی باڵای بەرپرس لە قەزای خورماتوو، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “هێرشە هاژەکییەکانی ساڵانی ڕابردووی سەر کۆرمۆر لە سنوری داقوق و خورماتووەوە ئەنجامدەدران و چەند جارێکیش دەستگیرکراوە بەسەر ئۆتۆمبێل و سەکۆ هاژەکییەکاندا. دەنگی تەقینەوەش لە کاتی هەڵدانی هاژەکەکاندا دەبیسترا، بەڵام شەوی ڕابردوو هیچ دەنگێک نەبیستراوە.”

ئەمڕۆ هەینی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا گوتی، “ئەو هێرش و پەلامارە هەمەجۆرانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و پێیان وایە بەم هێرش و فشارە بەردەوامانە، کوردستان هەرەس دەهێنێت.”

مەسرور بارزانی سوپاسی هەڵوێستی وڵاتانی دۆستی هەرێمی کردووە لەسەر هێرشەکان، بەڵام دەڵێت، “بە لێدوان و شەرمەزارکردن، کۆتایی بەم پیلان و هێرشە ناڕەوایانە نایەت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان ناکات.”

هاوکات هەر ئەمڕۆ هەینیش سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاری پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە هێرشکردنە سەر کۆرمۆر دەرکرد و ڕایگەیاند دەبێت لە ٤٨ کاتژمێردا ئەنجامەکەی پێبدەن. محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند، “مەبەست لەو جۆرە کارانە کردنە ئامانجی ئابووریی گەلی عێراقە و ئەو گرووپەی ئەو کارە تاوانکارییەی ئەنجامداوە بە سزای خۆیان دەگەیێندرێن”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...