په‌كه‌كه، كه دوای كوده‌تای ١٢ی ئه‌یلوولی ١٩٨٠ی توركیا، ئاواره‌ی سووریا و دواتر دۆڵی بیقاعی لوبنان ده‌بن، ئه‌وێ ده‌كه‌نه ناوه‌ندی ڕاهێنان و خۆڕێكخستنه‌وه و له ساڵی ١٩٨٢ بڕیار ده‌ده‌ن بگه‌ڕێنه‌وه وڵات. ئه‌و كاته په‌كه‌كه نه له‌سه‌ر خاكی ڕۆژئاوای كوردستان كه زۆر نزیكه لێیان و نه له‌سه‌ر خاكی باكووری كوردستان (كه له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا ته‌لبه‌ندێكیان نێوانه)، ناتوانن بنكه و باره‌گا دابنێن، بێگومان سووریا ڕێی نه‌داوه له خاكی وڵاته‌كه‌یه‌وه هێرش بكرێته سه‌ر توركیا. په‌كه‌كه ئه‌وكاته له‌به‌ر نه‌بوونی ژێرخان توانای ئه‌وه‌شی نه‌بووه بچێته‌وه باكوور، كه باكوور به چه‌قی خه‌بات و تێكۆشان داده‌نێن و پێیانوایه تا باكوور ئازاد نه‌بێت ئازادبوونی به‌شه‌كانی دیكه نرخێكی ئه‌وتۆی نییه! بەڵام خاكی باشوور ده‌كه‌نه یه‌كه‌م وێستگه‌ی خۆئاماده‌كردن بۆ ڕزگاركردنی باكوور.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا یه‌كه‌م گرووپی چه‌كداری په‌كه‌كه به سه‌رپه‌رشتی دوران كاكلان ناسراو به عه‌باس-ئێستا ئه‌ندامی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و حزبه‌یه-ساڵی ١٩٨٢ به هاوكاری هێزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له سێگۆشه‌ی سنووری نێوان باكوور و باشوور و ڕۆژهه‌ڵات، له ناوچه‌ی خنێره باره‌گا داده‌نێین، وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌می خۆئاماده‌كردن بۆ هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی چه‌كداری دژبه ده‌وڵه‌تی توركیا. دوای دوو ساڵ و له ڕێککەوتی ١٥ی ئابی ١٩٨٤، په‌كه‌كه یه‌كه‌م چالاكی سه‌ربازی خۆی له ناوچه‌ی ئه‌رو شه‌مزینان له دژی سوپای توركیا ئه‌نجامدا و ئیدی له‌و ڕۆژه‌وه ئاگری شه‌ڕ ناوچه‌كه‌ی گرته‌وه.
ئه‌گه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان ڕۆژئاوا و باكوور و باشوور پێشتر ئه‌و ناوچانه‌یان ئازاد نه‌كردبا، په‌كه‌كه نەیده‌یتوانی بەبێ یارمه‌تی پارتی له قامیشلۆوه بگاته خنێره. كه‌واته ئه‌و ده‌رفه‌ته مێژووییه كه ئه‌و ده‌مه بۆ په‌كه‌كه ڕه‌خسا، به‌هۆی خه‌باتی گه‌لی باشووری كورد
ڕاپەڕینی ١٩٩١ و ئازادکردنی باشووری کوردستان کاریگەری گەورەی لەسەر خەباتی نەتەوەیی لەهەموو بەشەکانی کوردستان دانا و لەو چوارچێوەیەشدا پەکەکە گەشەی کرد
ستان و هێزی پێشمه‌رگه بوو. به‌پێی خودی سه‌رچاوه‌كانی په‌كه‌كه، كۆی ژماره‌ی كادیر و چه‌كدارانی ئه‌و حزبه پێش ڕاپه‌رین له باشوور و دۆڵی بیقاع نزیكه‌ی ٩٠٠ كه‌س بووه.
ڕاپه‌رینی به‌هاری ١٩٩١ی گه‌لی باشووری كوردستان و ئازادكردنی شار و شارۆچكه‌كان به كه‌ركووكیشه‌وه و دواتر هێرشی سوپای به‌عس بۆ سه‌ر كوردستان و ئاواره‌بوونی دوو ملیۆن كورد و ئه‌و هاوسۆزییه‌ی كه بۆ دۆزی كورد له سه‌رانسه‌ری جیهان په‌یدا بوو، كاریگه‌ری مه‌زنی كرده سه‌ر خه‌باتی نه‌ته‌وەیی له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان. هه‌ر له‌م چواچێوه‌یه‌دا په‌كه‌كه گه‌شه‌ی زۆری كرد و به هه‌زاران گه‌نجی ڕۆژئاوا و باكووری كوردستان چوونه ڕیزه‌كانی و ژماره‌ی چه‌كدارانی ئه‌و حزبه گه‌یشته نزیكه‌ی ١٠ هه‌زار.
به‌شی زۆری ئه‌و هێزه له ناوچه سنوورییه‌كانی باشوور باره‌گایان بۆ داندرا، هه‌روه‌ها په‌كه‌كه له ڕێگه‌ی كه‌ناڵ و ڕایه‌ڵه‌كانی له باشوور توانی چه‌ك و جبه‌خانه‌یه‌كی باش په‌یدا بكات. ئیدی ئه‌و گه‌شه‌كردنه چۆنایه‌تی و چه‌ندایه‌تییه به‌شێكی زۆری به‌هۆی ئازادبوونی باشووری كوردستان بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌رنجڕاكێشه په‌كه‌كه سه‌رباری ئه‌و هه‌موو كه‌ڵك و سووده‌ی له ئازادبوونی باشوور وه‌ریگرتبوو، له ئایاری ١٩٩١ به دەربڕینی خۆیان بۆ په‌ره‌پێدانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی له باشوور به به‌شداری چه‌ند كادیرێكی باشوور حزبێك به ناوی پارتی ئازادی كوردستان داده‌مه‌زرێنن و حزبه‌كانی باشوور به‌گشتی، به‌تایبه‌ت پارتی و یه‌كێتی به ده‌ره‌به‌گ و ورده‌بۆرژوای ڕیفۆرمیست و دارده‌ستی بێگانه ناوزه‌د ده‌كەن. هه‌ر بۆ بیرهێنانه‌وه، له‌كاتی ئه‌نجامدانی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له ١٩٩٢ ته‌نیا دوو حزب دژی ئه‌و هه‌نگاوه بوون، یه‌كێكیان پارتی ئازادی كوردستان و ئەوی دیکە ڕه‌وتی كۆمۆنیستی كرێكاری بوو. ئه‌و كاته په‌كه‌كه هاتنه‌ئارای په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێمی به گه‌مه‌یه‌كی ئه‌مریكا و توركیا ناساندووه، كه بۆ دژایه‌تی شۆڕشی باكوور دامه‌زراوه! به كورتییه‌كه‌ی پێش ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم یه‌ك هه‌نگاو بنێت، په‌كه‌كه شه‌ڕی سیاسی و ڕاگه‌یاندنی دژی حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌ستپێكرد.
ساڵی ١٩٩٣ دوای ئاگربه‌ستی یه‌كلایه‌نه‌ی په‌كه‌كه به‌رانبه‌ر سوپای توركیا و مردنی له ناوكاوی تۆركۆت ئۆزال سه‌رۆك كۆماری ئه‌و كاته، ده‌وڵه‌تی توركیا له به‌هاری ١٩٩٤ شه‌ڕی سه‌رتاسه‌ری دژی په‌كه‌كه ڕاگه‌یاند. سوپا به ده‌یان هه‌زار سه‌رباز و تانك و فڕۆكه ده‌ستی به هێرشی زه‌مینی و ئاسمانی كرد، له‌به‌ر نابه‌رانبه‌ری توانا و كه‌ره‌سته‌ی جه‌نگی، په‌كه‌كه به‌شی زۆری هێزه‌كانی له باكوور ده‌رخست و هاتنه باشوور و ناوچه‌ی زیاتری باشووریان خسته ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیان. ئه‌و پێشهاتانه هاوكات بوون له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆیی نێوان یه‌كێتی و پارتی. ڕاستییەکەی، خه‌ریكبوونی پارتی به شه‌ڕی یه‌كێتی و چۆڵكردنی بنكه و باره‌گاكانی نزیك سنوور زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار بوو تا په‌كه‌كه ئه‌و بۆشاییه پڕبكاته‌وه. توركیا كه زانی سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه و به‌شی زۆری هێزه‌كانی له ناوچه‌كانی بادینان جێگیرن، له به‌هاری ١٩٩٥ ئۆپه‌راسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سنووری ده‌ستپێكرد و ده‌ستیكرد به دانانی باره‌گای سه‌ربازی له‌سه‌ر لوتكه و شوێنه ستراتیجییه‌كان. ئیدی ئه‌وه بووه سه‌ره‌تای جێگیربوونی سوپای توركیا له‌سه‌ر خاكی باشوور.
تا پێش شەڕی ناوخۆ پارتی و یەکێتی هەڵوێستێکی وەکیەکیان بەرانبەر پەکەکە هەبوو، بەڵام کە شەڕی ناوخۆ بەرپا بوو یەکێتی پەکەکەی وەک کارتێکی گوشار لە بەرانبەر پارتی بەکارهێنا و ناوچەکانی خۆی بۆ ئاوەڵا کرد
تا پێش هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵوێستێکی وەکیەکیان لە بەرانبەر پارتی کرێکارانی کوردستان هەبوو. هەڵوێستی پارتی هه‌ر له دوای ڕاپه‌رین و تا ئێستاش به‌رانبه‌ر هه‌بوونی په‌كه‌كه له باشوور نەگۆڕ بووە، كه پوخته‌كه‌ی ئه‌وه‌یه “گۆڕپانی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌باتی په‌كه‌كه باكووری كوردستانه و ئه‌وان ئازادن له‌وێ چی ده‌كه‌ن، به‌ڵام نابێت لێره چیان ویست بیكه‌ن، ده‌بێت ڕێز له دامه‌زراوه‌كانی پێشمه‌رگه و حكوومه‌تی هه‌رێم و خه‌ڵكی ناوچه‌كه بگرن و نابێت به زۆر خۆیان بسه‌پێنن”. تا پێش شه‌ڕی ناوخۆ، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش هه‌مان هه‌ڵوێستی هه‌بوو، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه پارتی و یه‌كێتی له پاییزی ساڵی ١٩٩٢ پێكه‌وه ویستیان سنوورێك بۆ په‌لهاویشتنی ئه‌و حزبه له باشوور دابنێین (په‌كه‌كه له لایه‌ن خۆیه‌وه ده‌ڵێ یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر داوای توركیا هێرشیان كرده سه‌رمان)، به‌ڵام كه شه‌ڕی ناوخۆ به‌رپابوو، یه‌كێتی بۆ ته‌نگاوكردنی پارتی بە به‌كارهێنانی په‌كه‌كه وه‌ك كارتی گوشار، ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی ئاوه‌ڵا كرد و له چه‌ند شوێنێكی وه‌ك (قه‌ره‌داغ، چه‌می ڕێزان، دۆڵه ڕه‌قه و دواجاریش له ١٩٩٧ له قه‌ندیل) هێزی زیاتری په‌كه‌كه جێگیربوون، هاوكات له‌گه‌ڵ زیادبوونی قه‌باره‌ی هێزه‌كانی په‌كه‌كه له‌سه‌ر خاكی باشوور، توركیاش له‌سه‌رێك بۆ لێدانی په‌كه‌كه و له‌سه‌رێكی دیكه بۆ ئامانجی درێژخایه‌نی خۆی ناوچه‌ی زیاتری كۆنتڕۆڵ كرد.
ئه‌گه‌ر به‌ڕێژه‌یی وه‌ریبگرین ده‌كرێت بڵێین تا ده‌ستگیركردنی سه‌رۆكی په‌كه‌كه له شوباتی ١٩٩٩، هێزه‌كانی په‌كه‌كه نیوه‌یان له شاخ و دۆڵه‌كانی باكووری كوردستان و نیوه‌كه‌ی دیكه‌ش له‌سه‌ر خاكی باشوور بوون، به‌ڵام دوای ده‌ستگیركردنی به‌ڕێز ئۆچ ئالان و له‌سه‌ر داوای ئه‌و، په‌كه‌كه وه‌ك به‌شێك له نیشاندانی نیازپاكی كه له‌مه‌ودوا خه‌باتی مه‌ده‌نی به بنه‌ما ده‌گرێت و هێزی سه‌ربازی ته‌نیا بۆ به‌رگری به‌كاردەهێنێت، سه‌رجه‌م هێزه‌كانیان له باكوور كشانده‌وه و هێنرانه باشووری كوردستان.
ئاماده‌یی به هێزی په‌كه‌كه لە باشور وه‌ك له ٣٠ ساڵی ڕابردووه‌وە دەرکەوتووە، به زیانی خۆی و ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان شكاوه‌ته‌وه
په‌كه‌كه له‌و هه‌موو گۆڕانكارییانه و جێگیركردنی هێز و كۆنتڕۆڵكردنی زیاتر له ٥٠٠ گوندی ناوچه سنوورییه‌كان نه پرسی به خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه كرد نه به حكوومه‌تی هه‌رێم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی باجی شه‌ڕ و ململانێی په‌كه‌كه و توركیای داوه به پله‌ی یه‌كه‌م خه‌ڵكی ناوچه‌كه و حكوومه‌تی هه‌رێمن، كه هه‌میشه ئه‌و ململانێیه بۆته فاكته‌رێكی كاریگه‌ر له تێكدانی ئاسایش و سه‌قامگیری هه‌رێم. ڕاسته خه‌باتی گه‌لی كوردستان له به‌شێكی كوردستان بۆ به‌دیهێنانی مافه‌كانی خه‌باتێكی ڕه‌وایه، به‌ڵام كاتێك توركیا ئاماده نییه كێشه‌ی كورد به ئاشتی چاره‌سه‌ر بكات و ده‌یه‌وێت به زه‌بری ئاگر و ئاسن كۆتایی به په‌كه‌كه بهێنێت، ئه‌وا خه‌تای باشوور و حزبه‌كان و حكوومه‌ت نییه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه باشوور به حكوومه‌ت و خه‌ڵكه‌وه باجێكی قورسی داوه، گرفتەکە ئەوەیە، هێشتا په‌كه‌كه ڕازی نییه و حكوومه‌تی هه‌رێم به دارده‌ستی توركیا تۆمەتبار ده‌كات. وه‌ك ده‌ڵێن تا خاوه‌ن ماڵ دزی گرت، دز خاوه‌ن ماڵی گرت!
ئه‌نجام
- شه‌ڕی ناوخۆی نێوان یه‌كێتی و پارتی جگه له‌و زیانه مرۆیی و ماددییه‌ی به خۆیان و خه‌ڵكیان گه‌یاندووه، ده‌رفه‌تێكی باشی ڕه‌خساندووه كه هه‌ر یه‌ك له ئێران و توركیا پێگه‌ی سه‌ربازی و هه‌واڵگریان له هه‌رێمی كوردستان به‌هێز بكه‌ن و بواریان بۆ بڕه‌خسێت ده‌ست له كاروباری هه‌رێم وه‌ربده‌ن.
- په‌كه‌كه له‌باتی ئه‌وه‌ی قورسایی خۆی بباته سه‌ر خاكی باكووری كوردستان كه پێویسته باكوور بكاته ناوه‌ندی كار و چالاكی، كۆنتڕۆڵكردنی ناوچه‌یه‌كی فرەوانی خاكی باشوور به ده‌ستكه‌وت ده‌زانێت. ئاماده‌یی به هێزی په‌كه‌كه وه‌ك له ئه‌نجامی ٣٠ ساڵی ڕابردووه‌وە دەرکەوتووە، به زیانی خۆی و ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان شكاوه‌ته‌وه، چونكه پاساوی داوه‌ته توركیا كه به‌رده‌وام له‌شكركێشی بكاته سه‌ر باشوور و هێزی زیاتر جێگیر بكات، كه ئه‌مه‌ش له ئێستا و داهاتوو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددییه بۆ سه‌ر ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان.
- بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان سه‌قامگیر بێت و هه‌ڕه‌شه‌ی زیاتری نه‌كرێته سه‌ر، پێویسته دۆسیه‌ی مامه‌ڵه و په‌یوه‌ندی چ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی ئێران و توركیا، چ له‌گه‌ڵ حزب و هێزی چه‌كداری باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ده‌ستی حزبه‌كان ده‌ربهێندرێت و حكوومه‌تی هه‌رێم خۆی ئه‌و ئه‌ركه هه‌ستیاره له ئه‌ستۆ بگرێت، چونكه له ڕابردوودا دوو سیاسه‌ت و دوو دیدی جیاواز له په‌یوه‌ندی به‌و پرسه هه‌ستیاره به زیانی هه‌رێم شكاوه‌ته‌وه.
په‌كه‌كه ڕێگا نادات هیچ حزبێكی كوردی قسه له دۆزی كورد له باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان بكات، ناگونجێت حزبه‌كانی باشووریش ئه‌و مافه به په‌كه‌كه بده‌ن به ئاره‌زووی خۆی ده‌ست له كاروباری ئێره وەربدات
- ده‌بێت په‌كه‌كه واز له‌و دووفاقی و بانێكه و دوو هه‌وایه بهێنێت، كه بۆ ئه‌و ئاساییه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕژێمی سووریا هه‌بێت، له شه‌نگال لایه‌نگرانی خۆی له‌ناو حه‌شد ناونووس بكات و مووچه وه‌ربگرن و خه‌ڵكی ناوچه‌كه هانبدات دژی حكوومه‌تی هه‌رێم بن، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی پته‌و‌ی له‌گه‌ڵ سوپای قودس هه‌بێت! كه‌چی له‌ولاوه هاتوهاوار بكات و بڵێ نابێت حكوومه‌تی هه‌رێم په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌بێت (من توركیا به داگیركا‌ر ده‌زانم و ده‌بێت حزبه‌كانی باشووریش وه‌ك من بن)، ئه‌وه‌ی وا نه‌كات دارده‌ست و به‌كرێگیراوی توركیایه! به‌ڕاستی ناکرێت ئەوە بە ئاسایی لە په‌كه‌كه وەربگیرێت کە ڕێگە بەخۆی بدات به ناوی هه‌موو كوردەوە قسه بكات و شه‌هاده‌ی نیشتمانپه‌روه‌ی دابه‌ش بكات. وه‌ك چۆن په‌كه‌كه ڕێگا نادات هیچ حزبێكی كوردی قسه له دۆزی كورد له باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان بكات و بەبێ گه‌ڕانه‌وه بۆ هیچ ناوه‌ند و حزب و گرووپێكی كوردستانی، خۆی بڕیارده‌ری ڕه‌هایه، بە هەمان میتۆدی پەکەکە، ناگونجێت حزبه‌كانی باشووری كوردستانیش ئه‌و مافه به په‌كه‌كه بده‌ن به ئاره‌زووی خۆی ده‌ست له كاروباری ئێره وه‌ربدات.