هه‌واڵ

بافڵ تاڵەبانی: دەستدرێژیكردنە سەر خەڵك و مافەكانیان هێڵی سوورە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەر لێپرسراوێک لە هەر بەرپرسیارێتییەكی حزبی، حكومی و ئەمنیدا بێت و ناونیشانەكەی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەكاربهێنێت، لێپێچینەوەی توندی لەگەڵ دەكەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەو گوتانەی بافڵ تاڵەبانی، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوی مەڵبەندەکانی حزبەکە هات، کە ئەمڕۆ سێشەم، ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤ لە دەباشان کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا ڕەفعەت عەبدوڵا و دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، سەرکەوت زەکی، لێپرسراوی مەکتەبی ڕێکخستن ڕاپۆرتێكی لەبارەی ڕاسپاردە و پێشنیازەكانی دووەمین كۆنفرانسی مەكتەبی ڕێكخستن خستەڕوو و شێوازی ڕێكخستنەوەی ئۆرگانەكانی ڕوونكردەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی ڕێكخستنەكانی یەكێتی كرد بۆ بەجێگەیاندنی ئەركە حزبییەكان و گوتی، “بەرپرسیارێتیی هەموو یەكێتییەكانە لە هەر پلە و پایەیەكدا بن كار بۆ خزمەتی كوردستان و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاكان بكەن”.

لەبارەی پێداچوونەوە و ڕێكخستنەوەی ئۆرگانەكان لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان، بافڵ ڕوونكردنەوەیدا و ڕایگەیاند، “یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرپرسیارە لە ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان، بۆیە دەبێت سەرجەم ئۆرگانەكان لە خزمەت خەڵك و گەیاندنی داواكارییەكانیاندا بن”.

زیاتر گوتی: “بۆ ئێمە پاراستنی ژیانی خەڵك و ئارامیی كوردستان لە هەموو شتێك پیرۆزترە، بۆیە جارێكیتر دووپاتی دەكەینەوە هەر لێپرسراوێک لە هەر بەرپرسیارێتییەكی حزبی، حكومی و ئەمنیدا بێت و ناونیشانەكەی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەكاربهێنێت، لێپێچینەوەی توندی لەگەڵ دەكەین و ڕادەستی یاسای دەكەین”.

ڕاگەیەندراوەکە بەشێکی دیکە لە گوتەکانی بافڵ تاڵەبانی ئاماژە بۆ کردووە، کە دەڵێ: “دەستدرێژیكردنە سەر خەڵك و مافەكانیان هێڵی سوورە و یاساشكێنی قبووڵكراو نییە، بۆیە ئەركی هەموو یەكێتییەكە پارێزەری ژیان و گوزەرانی خەڵك بێت و هەموو هەوڵێكیان لەپێناو چاكەی گشتیدا بێت”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...