كۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

ڕەوشی کار و کرێکاران؛ دەستەبەرکردن و سەلامەتی پیشەیی

سەندیکاکانی کرێکاران و ناوەندەکانی چاودێری ڕەوشی کار و کرێکاران لە هەرێمی کوردستاندا، ئاماژە بە کێشەی جیاجیا لە پرسی کار و کرێکاران دەکەن، لەناویاندا، کێشەی دەستەبەرنەکردنی کرێکاران و دابین نەکردنی مەرجەکانی سەلامەتی و پیشەیی لە شوێنکاردا، کە بەهۆیەوە سەدان کرێکار لە چەند ساڵی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕەوشی کار؛ ژێرخانی یاسایی

زیاتر لە یاسایەک پرسی کار و کرێکاران لە هەرێمی کوردستان ڕێکدەخەن، لەناویاندا یاسای کار، یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت، هەروەها ڕێنماییەکانی تایبەت بە سەلامەتی پیشەیی و تەندروستی و لەمدواییانەشدا ڕێنمایی تایبەت کارکردنی کرێکارانی بیانی و بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مسۆگەرکردنی ڕێژەی ٧٥٪ی کرێکارانی خۆماڵی لە هەر پڕۆژەیەکدا.

سەرەڕای هەموو ئەو سەرنج و تێبینییانەی لەسەر ناوەڕۆکی یاسا و ڕێنماییەکان هەن، بەڵام ناوەندەکانی چاودێری کار و کرێکاران و سەندیکاکانی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان لەو باوەڕەدان، ئەگەر یاساکان بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێن، ڕەوشی کار و کرێکاران زۆر باشتر دەبێت لەوەی هەیە.

حەسەن ڕەمەزان بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی هەولێری یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان پێی وایە، یاسا و ڕێنماییەکانی پێوەست بە کار و کرێکاران وەک خۆیان و بەتەواوەتی جێبەجێ نەکراون، ئەوەش گرفتەکانی کرێکارانی زیاتر کردووە. حەسەن دەڵێ: “وەک سەندیکاکانی کرێکاران بەردەوام پێداگیریی لەسەر جێبەجێکردنی تەواوەتیی یاساکانی کار و دەستەبەرکردنی کرێکاران دەکەین”.

سەندیکاکان و ڕێکخراوەکانی چاودێری ڕەوشی کار و کرێکاران، بەردەوام دووپات لە هەبوونی هەندێک گرفتی جددی دەکەنەوە، لەناویاندا، نەبوونی گرێبەستی کار، دەستەبەرنەکردنی کرێکاران، پێنەدانی کرێ لەکاتی خۆیدا، دیاری نەکردنی کاتژمێرەکانی کارکردن و هەروەها، دابین نەکردنی مەرجەکانی سەلامەتی پیشەیی و … هتد لە زەقترین گرفتە ئاماژە بۆ کراوەکانن.

“ناتوانین بڵێین ڕەوشی کرێکاران باشە، چونکە گرفت هەیە و کاری بەردەوامیش نییە”، حەسەن ڕەمەزان بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی هەولێری یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، وای گوت.

ئەو، هۆکاری خراپی ڕەوشی کار و کرێکاران دەگەڕێنێتەوە بۆ جێبەجێنەکردنی یاساکان وەکوو پێویست، پێی وایە یاساکان کۆنن و پێویستیان بە هەموارکردنەوە هەیە.

ڕێکخراوی بیمە بۆ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، لە ڕاپۆرتەکەی سەبارەت بە بەدواداچوون و چاودێری ڕەوشی کار و کرێکاران لەماوەی ئەمساڵ و ساڵانی ڕابردوودا، وێڕای جەختکردنەوە لە هەمان گرفتەکانی سەرەوە، ئاماژەیان بە هەڵکشانی ڕێژەی بێکارییش کردووە.

هیوا عومەر سەرۆکی ڕێکخراوی بیمە بۆ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان لە بارەی ڕەوشی کار و کرێکاران لە هەرێمی کوردستان دەڵێ: “پێمان وایە وەزارەتی کار و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرکەوتوو نەبوون لە جێبەجیکردنی یاساکانی پەیوەست بە کرێکاران، واقیعی کار ئەوەمان پیشان دەدات کە نەیانتوانیوە پڕۆسەی دەستەبەری کرێکاران جێبەجێ بکەن”. ئەو، هۆکارەکە بۆ کەمی لێژنەکانی پشکنین دەگەڕێنێتەوە، چونکە لە هەموو هەرێمی کوردستان تەنیا سێ لێژنەی پشکنین هەیە و ناتوانن سەرجەم پڕۆژە و شوێنکارەکان بەسەر بکەنەوە.

 

دەستەبەری کۆمەڵایەتی

بەگوێرەی ئامارەکانی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان ١٤٨ هەزار و ٦٢١ کرێکار دەستەبەر کراون؛ لەو ژمارەیەدا ١٢٥ هەزار کرێکاری خۆماڵی و ٢٣ هەزار و ٢٤١ کرێکاری بیانیین.

کرێکارانی کەرتی تایبەت، پاڵپشت بە یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی، لەسەر بنەمای ١٧٪ی مووچە و کرێی مانگانەیان دەستەبەر دەکرێن، بەڵام کرێکارانی دەستەبەرکراو تەنیا ٥٪ی مووچەکەیان دەدەن و لەسەر خاوەنکارەکانیانە ڕێژەی ١٢٪ی مووچەی کرێکارەکە، بخاتە سندووقی دەستەبەری و خانەنشینییەوە.

بەڵام، وەک سەرۆکی ڕێکخراوی بیمە ئاماژەی بۆ دەکات، بەشێک لە خاوەنکارەکان، کرێکاران بە کرێیەکی کەمتر لە کرێی ڕاستەقینەیان دەستەبەر دەکەن، بۆ ئەوەی لەو ڕێژەی ١٢٪یەی لە دەستەبەرکردنی هەر کرێکارێک لە ئەستۆیان دەکەوێت، پارەیەکی کەمتر بدەن.

 

قوربانییانی کار

بەگوێرەی ئامارەکانی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، لەماوەی ساڵانی ٢٠١٦ تا ٢٠٢٢ بەدیاریکراوی ٢٥٤ کرێکار لە شوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە و کۆمیتەی ١ی ئایاریش جەختی لەوە کردووەتەوە، کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا، ٧٣ کرێکار و لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا ٢١ کرێکار گیانیان لەدەستداوە، کە دوایین قوربانییان ئێوارەی دوێنێ سێشەم لەکاتی کارکردن لە باڵەخانەیەکی شاری سلێمانی و بەهۆی کەوتنەخوارەوەی ئامێرێک بەسەریدا، گیانی لەدەستدا.

عوسمان زیندانی سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی کوردستان، ڕەخنەی لە ئاستی پابەندێتی خاوەنکار و کۆمپانیاکان بە دابینکردنی ڕێکارەکانی سەلامەتی پیشەیی و تەندروستی هەیە. ئەو دەڵێ: “هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکانی کار بۆ دابین نەکردنی مەرجەکانی سەلامەتی پیشەیی دەگەڕێتەوە”.

ڕێنمایی ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠٢٣، لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرکراوە و لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەت و ناوەندەکانی چاودێری ڕەوشی کار و کارێکاران، ڕێنماییەکە بە هەنگاوێکی ئەرێنی دادەنێن بەئاڕاستەی دابینکردنی سەلامەتی پیشەیی و تەندروستی لە شوێنکاردا.

بەگوێرەی ناوەڕۆکی ڕێنماییەکە، لە هەر پڕۆژەیەکدا، لێژنەیەکی سەلامەتی پیشەیی و تەندروستی پێکدەهێندرێت، کە نوێنەرانی خاوەنکار، کرێکاران و سەندیکای کرێکاران لەخۆدەگرێت و ڕێنماییەکە بەگشتی ئەرکەکانی خاوەنکاری دیارکردووە لە دابینکردنی مەرجەکانی سەلامەتی پیشەیی و تەندروستی.

یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکان لە چاودێریکردنی شوێنکارەکان و دۆخی کرێکاران بەگشتی، بۆ ژمارەی کەمیی لێژنەکانی پشکنین دەگەڕێتەوە. وەک سەرۆکی ڕێکخراوی بیمە، ئاماژەی بۆ دەکات، لە هەرێمی کوردستان تەنیا سێ لێژنەی پشکنەر هەن و ناتوانن لانی کەمی شوێنکارەکان بەسەر بکەنەوە، پێویست دەکات ژمارەی لێژنەکانی پشکنین بەرز بکرێنەوە و هەر خاوەنکارێکیش ڕێگریی لە سەردانیکردنی لێژنەکانی پشکنین کرد بۆ پڕۆژەکەی، بەتوندیی سزا بدرێت.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەدوایین ڕاگەیەندراوی خۆی بەبۆنەی ڕۆژیی جیهانیی سەلامەتی پیشەیی و تەندروستی، لە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٤دا ئاماژەی بەوە کردووە، لەڕێگەی حەوت لێژنەی تایبەت بە تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان “بەشێوەیەکی بەردەوام هەوڵی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی”یان داوە و لە ساڵی ٢٠٢٣دا، لێژنەکان دوو هەزار و ١٦٧ جار سەردانی پڕۆژەکانیان کردووە و هەزار و ٦٢٣ ڕاسپاردەیان پێشکەش کردووە. وەزارەتەکە دەڵێ: “هەمیشە هەماهەنگی بەردەواممان لەگەڵ یەکێتی سەندیکاکانی کرێکاراندا هەبووە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و کەلتووری خۆپارێزی و پاراستن لە کارەساتە ترسناکەکان لە پڕۆژەکانی کاردا”.

بەگوێرەی ڕێکخراوی بیمە، لەماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ١٧ کرێکار لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و بەو جۆرەیش گیان لەدەستدانی کرێکاران بەڕێژەی ١٥٪ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو و هەروەها بەڕێژەی ٢٥٪ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ بەرزبووەتەوە.

حەسەن ڕەمەزان لەوبارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات، کە هەندێک لە پڕۆژەکان پابەندنین بە دابینکردنی مەرجەکانی سەلامەتی پیشەیی و بەپێویستی دەزانێت لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێکاری جددی لەبەربگرن بەئاڕاستەی پابەندکردنی خاوەنکاران بە دابینکردنی سەلامەتی پیشەیی و تەندروستی و ئەوەش لەپێناو کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی کار و گیان لەدەستدانی کرێکاران.

 

ئاشنا دڵشاد

نووسەر و ڕۆژنامەنووس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...