هه‌واڵ

ڕاگەیەندراوێک لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤەوە

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، داوای جێبەجێکردنی تەواوەتیی یاساکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەتی کار دەکاتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا، وێڕای دووپاتکردنەوە لە ماف و داخوازییەکانی کرێکاران، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات “کاری جددی بکەن بە ئاڕاستەی جێبەجێکردنی تەواوەتی یاسای کار و یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی کرێکاران و دابینکردنی ژینگەیەکی لەباری کارکردن کە سەلامەتی پیشەیی و تەندروستی تێدا پارێزراو بێت”.

لەبارەی ڕووداوەکانی کار و قوربانییانی کار لە هەرێمی کوردستاندا، دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێ: “بڕیاره‌ وه‌ك ده‌سته‌ به‌جددی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه(گیان لەدەستدانی کرێکاران)‌ كاربكه‌ین و چاودێری ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌ین له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان”.

دەستەی مافی مرۆڤ پێی وایە، چەند هەنگاوێک بە ئاڕاستەی “باشترکردنی ڕەوشی کرێکاران لە شوێن کاردا و لەڕووی دەرکردن و هەموارکردنەوەی یاسای کار و یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی کرێکارانەوە لە ساڵانی ڕابردوودا نراون” و لەو ڕوانگەیەشەوە جەخت لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی تەواوەتی یاسا پەیوەندیدارەکان دەکاتەوە و، هەروەها داوا دەکەن هەنگاوەکانی دەستەبەرکردنی کرێکارانی کەرتی تایبەت “خێراتر و چالاکتر بکرێن و پڕۆسەی چاودێری دۆخی کرێکاران کاراتر بکرێت، لەپێناو مسۆگەرکردنی ژینگەیەکی گونجاوتر بۆ کار و کرێکاران لە هەرێمی کوردستاندا، کە خۆی لە گرەنتیکردنی پێدانی تەواوەتی کرێ لەکاتی خۆیدا، هەبوونی گرێبەستی کار، دەستەبەرکردن و ئازادی کاری سەندیکایی و سەرجەم مافە یاساییەکانی دیکەی کرێکاران دەبینێتەوە”.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێ: “ئەم یادە دەکەینە دەرفەت بۆ چڕکردنەوەی سەرنج لەسەر چارەسەرکردنی پرسی کرێکارانی ناڕێکخراو (کرێکارانی ڕۆژانە) و داواکارین بەزوویی میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ دەستەبەرکردنیان” و لە هەمان کاتدا داوا دەکات “کاری جددی بکرێت بۆ باشترکردنی ژینگەی کاری کرێکارانی مێینە و دەستەبەرکردنی مافەکانیان بەگوێرەی ناوەڕۆکی یاسای کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە هەموو ئیمتیازاتەکانی وەک مۆڵەتی دایکایەتی و دابینکردنی ژینگەی تایبەت کە لە شوێن کاردا کە لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی کرێکارانی مێینەدا دێنەوە”.

بەگوێرەی ئامارەکانی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، لەماوەی ساڵانی ٢٠١٦ تا ٢٠٢٢ بەدیاریکراوی ٢٥٤ کرێکار لە شوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە و کۆمیتەی ١ی ئایاریش جەختی لەوە کردووەتەوە، کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا، ٧٣ کرێکار و لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا ٢١ کرێکار گیانیان لەدەستداوە، کە دوایین قوربانییان ئێوارەی دوێنێ سێشەم لەکاتی کارکردن لە باڵەخانەیەکی شاری سلێمانی و بەهۆی کەوتنەخوارەوەی ئامێرێک بەسەریدا، گیانی لەدەستدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...