ئابووریكۆمه‌ڵایه‌تی

بەڕێوەبەرایەتی گشتی باج زیادکردنی هەر باجێک ڕەت دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان و خانووبەرەی میری سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی، ڕایدەگەیەنێت، هیچ گۆڕانێک لەڕێژەی باجەکان نەکراوە و تەنیا یاساکانی باج وەک خۆیان جێبەجێ کراون.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

 

باج بە یاسا وەردەگیرێت و ئەرکی سەرەکیمان جێبەجێکردنی یاساکانی باج بووە، کە سەرجەمیان یاسای کۆنی عێراقین بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانێک لە ڕێژەکانی باج کرابێت، ئەوەی کراوە گەڕانەوەیە بۆ دەق و ڕۆحی یاساکان و ڕێگریکردن بووە لە خۆدزینەوە لە پێدانی باج.

 

وەزارەتی دارایی و ئابووری/ ب. گ. باجەکان و خانووبەرەی میری تەنها لە وەرگرتنی ئەم جۆرە باجانەی لەخوارەوە ئاماژەی پێدراوە بەرپرسیارە و وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەک بەناوی باج لە هاووڵاتییان جیا لەوانە ئێمە لێی بەرپرسیار نین:

 

باجی کۆمپانیاکان: ئەم باجە لە قازانجی ئەو کۆمپانیایانە وەردەگیرێت کە لە ئەنجامی چالاکیان لە هەرێمی کوردستان بەدەستیان هێناوە بە رێژەی (١٥٪) بەپێی یاسای باجی دەرامەت ژمارە (١١٣) ساڵی ١٩٨٢ هەموار کراو.

 

-زانیاری و راپۆرتی کۆمپانیاکان بنەمای هەژمارکردنی باجی کۆمپانیاکانە بۆیە هیچ باجێک ناکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیا ئەگەر قازانجی نەکردبێت.

 

-کۆمپانیاکان لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ ماوەی (١٠) ساڵ لە باج دەبەخشرێن لە رێکەوتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری.

 

باجی دەرامەت: کەسانی ئاسایی لە قازانجی ساڵانەی پیشەکانیان بەپێی یاسای باجی دەرامەت ژمارە (١١٣) ساڵی ١٩٨٢ هەموارکراو بە رێژەی هەڵکشاو کە بریتین لە رێژەی (٣٪، ٥٪، ١٠٪، ١٥٪) باج دەدەن دوای داشکاندنی سەرجەم لێخۆشبوونە یاساییەکان، سەرەرای ئەوەی ئەو پیشەوەرانەی یەک سەرچاوەی داهاتی سنورداریان هەیە هیچ جۆرە باجێک نادەن وەک (سەرتاشخانە، نانەواخانە، شوێنی چاکردنەوەی مۆبایل، شوێنی فرۆشتنی پەلەوەر… هتد)، بۆ نمونە هەژماری باجی نانەوایەک کە خێزاندار بێت، بەڵام هیچ منداڵی نەبێت لە ساڵێک بەم جۆرەی خوارەوە دەکرێت:

 

٦٠٠٠٠٠٠  – ٥٠٪= ٣٠٠٠٠٠٠(داهاتی ساڵانە)

٣٠٠٠٠٠٠  –  ٥٩٠٠٠٠٠(لێخۆشبوونی یاسایی)= سفر( کەواتە هیچ باج نادات چونکە هیچ داهاتێکی بۆ نامێنێتەوە).

 

-نەخۆشخانە تایبەتەکان لە دوای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری (٣) ساڵ دەبەخشرێن ئەگەر خاوەنی مۆڵەتی وەبەرهێنانیش بن بۆ ماوەی (١٠) ساڵ دەبەخشرێن.

 

-سەرجەم پرۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ ماوەی (١٠) ساڵ دەبەخشرێن لە باج.

 

-باجدەرانی قەزا و ناحیەکان بەرێژەی (١٠٪ و ١٥٪) داشکاندنیان بۆ دەکرێت لە قازانجی ساڵانەیان.

 

-خاوەن پێداویستی تایبەت بە رێژەی (١٥٪) داشکاندنیان بۆ دەکرێت لە قازانجی ساڵانەیان.

 

-بێوەژن یان بێوەپیاو یا تەڵاقدراو یان سەڵت (ارمل/ ارملە، مگلق/مگلقە ، اعزب/ باکرە) بەڕێژەی (10%) داشکانیان بۆ دەکرێت لە قازانجی ساڵانەیان.

 

-ئەو کارگانەی بە یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی مۆڵەتیان وەرگرتووە بە رێژەی جیا جیا بۆ ماوەی (١٠) ساڵ لە باج دەبەخشرێن و بە رێژەی (١٠٠٪) لە باجی هاوردەی موادی سەرەتایی بۆ کارگەکەی دەبەخشرێت.

 

باجی گواستنەوەی موڵکایەتی: خاوەنی مولک لە کاتی فرۆشتنی مولک بەپێی یاسای ژمارە(٢٦ ساڵی ٢٠٠٧) و یاسای ژمارە (٢٠ ساڵی ٢٠١١) ی پەرلەمانی کوردستان باجی لێ وەردەگیرێت دوای داشکاندنی رێژەی (٥٠٪) لە نرخی خەملێندراوی مولکەکە بە رێژەی (١٪ بۆ ١٠٠ ملیۆنی یەکەم )و (٢٪ بۆ ١٠٠ ملیۆنی دووەم )و (٣٪ بۆ ١٠٠ ملیۆنی سێیەم) و (٥٪ بۆ ئەو بڕەی سەرووی ٣٠٠ ملیۆنە).

 

-هەموو خاوەن مولکێکی نیشتەجێبوون مافی هەیە هەر پێنج ساڵ جارێک لەباجی فرۆشتنی مولکەکەی داوای لێخۆشبوون بکات، لەیەک کاتدا ژن و مێرد و منداڵەکانیان دەتوانن لەم لێخۆشبوونە سوودمەند بن.

 

-رێژەی (٥٠٪) لە نرخی خەملێنراوی مولک دەبەخشرێت و بڕی ماوە هەژماری باجی لەسەر دەکرێت.

 

-هەموو دایک و باوکێک و منداڵەکانیان دەتوانن مولکەکانیان بە هیبە خاوەنداریاتیان بۆ یەکتر بگوازنەوە بەبێ ئەوەی هیچ باجێک بدەن.

 

-هەموو خاوەن زەوییەکی نیشتەجێبوون تا ٨٠٠ مەتر دووجا مافی هەیە هەر پێنج ساڵ جارێک داوای لێخۆشبوونی باجی فرۆشتنی موولکەکەی بکات.

 

باجی لێبڕینی راستەوخۆ: ئەم باجە لە موچە و کرێی کارمەندانی کەرتی گشتی و تایبەت وەردەگیرێت بەپێی یاسای ژمارە (٢٠) ساڵی ٢٠١١ ی پەرلەمانی کوردستان، بە رێژەی( ٥٪ ) لەو بڕەی لەسەرووی یەك ملیۆن دینارە.

 

-کارمەندان و فەرمانبەران لێخۆشبوونی پیشەکانیان بەجیا لە لێخۆشبوونی مووچەکانیان وەردەگرن کە بە هەردووکیان لە ساڵێکدا (١٤٥٠٠٠٠٠) چواردە ملیۆن و پێنج سەد هەزارە لەکاتێکدا باجدەران لە سنووری حکومەتی فیدراڵی عێراق یەکجار لێخۆشبوون وەردەگرن و بڕەکەشی (٢٥٠٠٠٠٠) بۆ ساڵێک.

 

باجی فرۆشراوەکان: ئەم باجە پاڵپشت بە یاسای بوودجەی حکومەتی فیدراڵی لە سەرجەم هۆتێل و چێشتخانە و شوێنە گەشتیارییەکانی (٤ ، ٥) ئەستێرە وەردەگیرێت بە رێژەی (١٠٪).

 

باجی خانووبەرە : ئەم باجە لە کۆی گشتی کرێی ١٢ مانگ بە رێژەی (٩٪) وەردەگیرێت لە خاوەن مولک بە پێی یاسای باجی خانووبەرە ژمارە (١٦٢) ساڵی ١٩٥٩ هەموارکراو.

 

-هەموو خانوو و باڵەخانەیەک تا سێ تابق بۆ ماوەی (٣) ساڵ لە باجی خانووبەرە دەبەخشرێت و بەڵام چوار تابق زیاتر بۆ ماوەی (٧) ساڵ دەبەخشرێت.

 

-پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە رۆژی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ماوەی (١٠) ساڵ دەبەخشرێن.

 

باجی زەوی بەتاڵ: خاوەنی زەوی بەتاڵ ساڵانە لە کۆی نرخی خەملێندراوی زەویەکەی رێژەی( ٢٪) وەک باج لێی وەردەگیرێت بەپێی یاسای زەوی بەتاڵ ژمارە (٢٦) ساڵی ١٩٦٢ ی هەموارکراو.

 

هەموو خاوەن زەوییەک  تا رووبەری (٦٠٠)م٢ مافی سوود مەند بوونی هەیە لە لێخۆشبوون لە باجی زەویەکەی.

 

تێبینی:

بەپێی نووسراوی ئەنجومەنی وەزیران/ سەرۆکایەتی دیوان ژمارە (٣٣٩٣ لە رێکەوتی ٢٣/٧/٢٠٢٤) ئەم باجانەی خوارەوە راگیراون:

 

۱-باجی فرۆشراوەکان کە بە رێژەی (١٠٪) لەسەر  هۆتێل و چێشتخانەکانی خاوەن سێ ئەستێرە بەرەو سەر.

۲-باجی نەخۆشخانە تایبەتەکان کە بە رێژەی (٥٪) لە کۆی تێچوووی خزمەتگوزاری پێشکەشکراو.

۳-باجی سەر سەمونخانە و نانەواخانەکان.

٤-باجی زەوی بەتاڵ.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان و خانووبەرەی میری

وەزارەتی دارایی و ئابوری

۲٥-۷- ۲۰۲٤

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...