ئابووریهه‌واڵ

حکوومەتی عێراق ڕۆڵی بانکە تایبەتەکان فرەوانتر دەکات

سەرۆكوەزیرانی عێراق چەند ڕێنماییەك بۆ هاندانی چالاکی کەرتی بانکە تایبەتەکان دەردەکات، ئەنجوومەنی ئابووری وەزیرانییش تاوتوێی پێشنیازی زیادکردنی وەبەرهێنانی دامودەزگا حکوومییەکان لە بانکە ئەهلییەکان دەکات.

 

ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق چەند ڕێنماییەك بۆ هاندانی چالاکی کەرتی بانکە تایبەتەکان دەرکردووە و ئەنجوومەنی ئابووری وەزیرانییش تاوتوێی پێشنیازی زیادکردنی وەبەرهێنانی دامودەزگا حکوومییەکان لە بانکە ئەهلییەکان دەکات.

هەر لەو چوارچێوەیەدا حکوومەت و بانکی ناوەندی عێراق لە ڕێگەی دامودەزگا و بانکە دەرەکییەکان (نێودەوڵەتییەکان) پاڵپشتی بانکە ئەهلییەکانی عێراق دەکەن و تاوتوێی ئەگەری بەرزکردنەوەی پێداویستییەکانی لقەکانی بانکی ئەهلی لە دەرەوەی وڵات بە دراوی بیانی دەکەن بۆ مەبەستی دارایی بازرگانی و بەشداری نوێنەرانی کەرتی بانکی تایبەت لە کاتی گفتوگۆکردن لەسەر پرسە پەیوەندیدارەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە  لێکۆڵینەوە لە چالاککردنەوەی دەستپێشخەری دارایی کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دابین دەکرێت، هەروەها ئەنجوومەنی کاروباری کێبڕکێ و قۆرخکاری ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە قۆرخکاری لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان لە عێراقدا.

ڕێنماییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و پێشنیاز و هەنگاوەکانی حکوومەت و بانکی ناوەندی بە ئاڕاستەی کاراکردنی ڕۆڵی بانکە تایبەتەکان لە عێراق، لەکاتێکدا دێت، کە لەماوەی ڕابردوودا ناکۆکییەکی جددی لە پێوەندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بەدیاریکراوی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق و وەزارەتی دارایی دروستبووە، پێوەست بە بەشداری بانکە تایبەتەکان لە پڕۆسەی بەبانیکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستاندا.

حکوومەتی هەرێم دەستپێشخەری کردووە لەڕێگەی بەشداریکردنی بانکە تایبەتەکان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من)دا، کە هاوشێوەیە لەگەڵ هەمان پڕۆژەی بنەجێکردن (تەوتین) لە دەوڵەتی عێراق، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات کە دەبێت پڕۆسەکە لەڕێگەی بانکە حکوومییەکانەوە بەڕێوەببردرێت، ئەوەش بە لێکدانەوە بۆ بڕیارێکی پێشووی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق کە جەختی لەسەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بنەجێکردن لەڕێگەی بانکە حکوومییەکان دەکاتەوە.

شارەزایانی ئابووری و دارایی ئاماژە بە دووفاقییەک لە هەڵوێستی وەزارەتی دارایی عێراق بەتایبەت دەکەن، لەکاتێکدا لە پڕۆژەی بنەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراقدا هاوشانی بانکە حکوومییەکان هەمان مامەڵەیش لەگەڵ بانکە تایبەتەکان کراوە و بە پێچەوانەوەی ئەوەی لە بەرانبەر هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت، لە عێراق پڕۆسەکە بە ئاسایی وەرگیراوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...