هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە هەرێمی کوردستاندا هەڵدەکشێن
زێدپرێس
لەماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا، حاڵەتەکانی هاوسەرگیری لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا هەڵکشانێکی سنوورداریان بەخۆیانەوە بینیوە، بەڵام جیابوونەوە بەتایبەت لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بۆ دوو هێندە یان زیاتر بەرزبوونەتەوە. لەکاتێکدا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا، زۆرترین حالەتی جیابوونەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە بەڕێژەی (٤٤٪)ی لەکۆی گشتیدا و بەدوایدا پارێزگای هەولێر، کە ڕیژەی (٢٩٪)ی کۆی جیابوونەوەکان لەماوەی ئەو نۆ ساڵەدا، لەخۆدەگرێت.
بەگوێرەی ئەو داتا فەرمییانەی لە دادگەکانی هەرێمی کوردستانەوە، دەست زێدپرێس کەوتوون، لەماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا، ٤١٠ هەزار و ٨٣٢ گرێبەستی هاوسەرگیری لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی تۆمارکراون. زۆرترین ژمارەی گرێبەستی هاوسەرگیری لە ساڵی ٢٠٢١دا تۆمارکراوە، کە ٥٢ هەزار و ٥٥٢ گرێبەست بووە، لەکاتێکدا زۆرترین حاڵەتی جیابوونەوە لە ساڵی ٢٠٢٢دا تۆمارکراوە، کە ١٣ هەزار و ١٧١ حاڵەت بووە، ئەوەش ڕێژەی (٢٥٪)ی کۆی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری لەو ساڵەدا و بەرزترین ئاستی جیابوونەوەش لە نۆ ساڵی ڕابردوودا پێکدێنێت. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا، بەڕێژەی زیاتر لە (١٩٪)ی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری، بە جیابوونەوە کۆتاییان هاتووە.
ڕێژەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی لەماوەی ٢٠١٤-٢٠٢٢
حاڵەت | هەولێر | ڕێژە | دهۆک | ڕێژە | سلێمانی | ڕێژە | کوردستان |
هاوسەرگیری | 156631 | %38.12 | 106999 | %26.01 | 147211 | %35.83 | 410832 |
جیابوونەوە | 32003 | %39.50 | 13241 | %16.34 | 35775 | %44.15 | 81019 |
ئاماری هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە نێوان ٢٠١٤-٢٠٢٢
ساڵ | هەولێر | دهۆک | سلێمانی | کوردستان | ||||
ساڵ | مارەبڕین | جیابوونەوە | مارەبڕین | جیابوونەوە | مارەبڕین | جیابوونەوە | مارەبڕین | جیابوونەوە |
2014 | 18148 | 2424 | 12192 | 1103 | 20484 | 5250 | 50824 | 8777 |
2015 | 17313 | 3024 | 11205 | 1226 | 18190 | 5031 | 46708 | 9281 |
2016 | 16907 | 2665 | 10032 | 1261 | 6226 | 1888 | 33156 | 5814 |
2017 | 15338 | 2985 | 10305 | 1384 | 13165 | 1360 | 38808 | 5729 |
2018 | 16377 | 3598 | 13472 | 1509 | 15004 | 4085 | 44853 | 9192 |
2019 | 16881 | 4357 | 11857 | 1667 | 16648 | 4859 | 45386 | 10883 |
2020 | 17684 | 3261 | 12228 | 1303 | 16183 | 3002 | 46095 | 7566 |
2021 | 18964 | 4043 | 13441 | 1796 | 20147 | 4767 | 52552 | 10606 |
2022 | 19019 | 5646 | 12267 | 1992 | 21164 | 5533 | 52450 | 13171 |
کۆ | 156631 | 32003 | 106999 | 13241 | 147211 | 35775 | 410832 | 81019 |
پارێزگای هەولێر
لەماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا، ١٥٦ هەزار و ٦٣١ گرێبەستی هاوسەرگیری لە پارێزگای هەولێر تۆمارکراون، کە دەکاتە ڕێژەی (٣٨٪)ی کۆی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری لە سەر ئاستی کوردستاندا. بەو پێیەش زۆرترین گرێبەستی هاوسەرگیری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا، لە پارێزگەی هەولێر تۆمار کراوە.
هەر لەو ماوەیەدا، ٣٢ هەزار و سێ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە، کە ڕێژەی (٣٩٪)ی حاڵەتەکانی جیابوونەوە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان. ئەو ژمارەیە، ئەوەش دەگەیەنێت کە بە ڕێژەی (٢٠٪)ی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری لەو پارێزگایە، بە جیابوونەوە کۆتاییان هاتووە.
زۆرترین ژمارەی گرێبەستی هاوسەرگیری لە پارێزگای هەولێر، لە ساڵی ٢٠٢٢دا تۆمارکراوە، کە ١٩ هەزار و ١٩ گرێبەستی هاوسەرگیرییە. هەر لەو ساڵەشدا زۆرترین ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران تۆمارکراوە، کە پێنج هەزار و ٦٤٦ حاڵەت بووە و بەگشتی ڕێژەی زیاتر لە (٢٩٪)ی سەرجەم گرێبەستەکانی هاوسەرگیری پێکدێنێت.
کەمترین گرێبەستی هاوسەرگیری لە سەر ئاستی پارێزگای هەولێر، لە ساڵی ٢٠١٧دا تۆمارکراوە کە ١٥ هەزار و ٣٣٨ گرێبەست بووە، هەروەها کەمترین ڕێژەی جیابوونەوە لە ساڵی ٢٠١٤دا تۆمارکراوە، کە دوو هەزار و ٤٢٤ حاڵەت بووە و ئەوەش ڕێژەی (١٣٪)ی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری لەهەمان ساڵدا پێکدێنێت.
ڕێژەی جیابوونەوە لە نێوان ئەو نۆ ساڵەدا و لەماوەی ساڵی ٢٠١٤ بەراورد بە ٢٠٢٢، بەڕێژەی زیاتر لە دوو هێندە بەرزبوونەتەوە، بەرزبوونەوەکە لە (١٣٪) بۆ (٢٩٪) ڕوویداوە
وەک دەردەکەوێت، ڕێژەکانی هاوسەرگیری لە ساڵی ٢٠٢٢دا، بەڕێژەی ١٢٪ی کۆی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری لە نۆ ساڵی ڕابردوودا دەگرێتەوە، کە هەڵکشانە بەڕێژەی کەمتر لە (١٪) بەراورد بەڕێژەی گشتی هاوسەرگیری لە ساڵی ٢٠١٤دا، بەڵام ڕێژەی جیابوونەوە لە نێوان ئەو نۆ ساڵەدا و لەماوەی ساڵی ٢٠١٤ بەراورد بە ٢٠٢٢، بەڕێژەی زیاتر لە دوو هێندە بەرزبوونەتەوە، بەرزبوونەوەکە لە (١٣٪) بۆ (٢٩٪) ڕوویداوە.
پارێزگای سلێمانی
لەماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا، ١٤٧ هەزار و ٢١١ گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون، کە دەکاتە ڕێژەی زیاتر لە (٣٥٪)ی کۆی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا. بەو پێیە، پارێزگای سلێمانی لەڕووی ژمارەکانی هاوسەرگیری پلەی دووەم وەردەگرێت لەدوای پارێزگای هەولێر.
هەر لەو ماوەیەدا، ٣٥ هەزار و ٧٧٥ حاڵەتی جیابوونەوە لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە، کە دەکاتە ڕێژەی (٤٤٪)ی کۆی گشتی حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا و بەو جۆرەش زۆرترین پارێزگای سلێمانی لەڕووی حاڵەتەکانی جیابوونەوە پلەی یەکەم وەردەگرێت لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگای هەرێمی کوردستاندا.
کەمترین ژمارەی گرێبەستی هاوسەرگیری لەماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا و لە ئاستی پارێزگای سلێمانی، لە ساڵی ٢٠١٦دا تۆمارکراوە، کە تەنیا شەش هەزار و ٢٢٦ گرێبەست بووە
زۆرترین گرێبەستی هاوسەرگیری لە پارێزگای سلێمانی، ساڵی ٢٠٢١ تۆمارکراوە، کە ٢١ هەزار و ١٦٤ گرێبەستی هاوسەرگیری بووە، کە ڕێژەی (١٤٪)ی کۆی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری دەکات لە سەر ئاستی پارێزگای سلێمانی، کە لەماوەی هەر نۆ ساڵەکەدا تۆمارکراون. کەمترین ژمارەی گرێبەستی هاوسەرگیری لەماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا و لە ئاستی پارێزگای سلێمانی، لە ساڵی ٢٠١٦دا تۆمارکراوە، کە تەنیا شەش هەزار و ٢٢٦ گرێبەست بووە، ئەوەش ڕێژەی تەنیا (٤٪) لە کۆی گشتی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری لەماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا پێکدێنێت.
لەماوەی ساڵی ٢٠١٤ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢، ڕێژەی هاوسەرگیری لە پارێزگای سلێمانی، بەڕێژەی کەمتر لە (١٪) بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە، بەڵام حاڵەتەکانی جیابوونەوە لەماوەی ٢٠١٤ بەراورد بە ٢٠٢٢، لە ڕێژەی (١٤٪)ەوە بۆ (١٥٪) بەرزبوونەتەوە.
پارێزگای دهۆک
لەماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا، ١٠٦ هەزار و ٩٩٩ گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگەکانی سنووری پارێزگای دهۆک تۆمارکراون، کە دەکاتە ڕێژەی (٢٦٪)ی کۆی گشتی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا.
هەر لەو ماوەیەدا، ١٣ هەزار و ٢٤١ حاڵەتی جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری لە پارێزگای دهۆک تۆمارکراوە، کە دەکاتە ڕێژەی زیاتر لە (١٦٪)ی کۆی گشتی حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا.
لەماوەی بۆ ساڵی ڕابردوودا، زۆرترین گرێبەستی هاوسەرگیری لە ساڵی ٢٠١٨دا لە دهۆک تۆمارکراوە، کە ١٣ هەزار و ٤٧٢ گرێبەستی هاوسەرگیرییە و ڕێژەی (١٢٪)ی کۆی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری لەو پارێزگایەدا پێکدێنێت. هەرچی پێوەندی بە حاڵەتەکانی جیابوونەوە هەیە، لەماوەی ئەو نۆ ساڵەدا، زۆرترین حاڵەتی جیابوونەوە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە پارێزگای دهۆک تۆمارکراوە، کە هەزار و ٩٩٢ حاڵەتی جیابوونەوەیە، کە دەکاتە ڕێژەی (١٥٪)ی کۆی حاڵەتەکانی جیابوونەوە لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک و لەماوەی ئەو نۆ ساڵەدا.
لە ٢٠١٤ بۆ ٢٠٢٢، ژمارەی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری لە پارێزگەی دهۆک جیاوازییهكی زۆری نییه، بهڵام جیابوونەوە لە ڕێژەی (٨٪)ەوە بۆ (١٥٪) بەرزبووەوەتەوە
لەماوەی ساڵی ٢٠١٤ بۆ ٢٠٢٢، ژمارەی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری لە پارێزگای دهۆک لە ١٢ هەزار و ١٩٢ بۆ ١٢ هەزار و ٢٦٧ گرێبەست بەرزبووەتەوە، بەڕێژە دەکاتە (١١.٣٩٪) بۆ (١١.٤٦٪) و جیاوازییەکی ئاماری پیشان نادات، بەڵام ڕێژەکانی جیابوونەوە لەماوەی ساڵی ٢٠١٤ بەراورد بە ٢٠٢٢، لە ڕێژەی (٨٪)ەوە بۆ (١٥٪) بەرزبووەوەتەوە.
بەو پێیەش، کەمترین حاڵەتی هاوسەرگیری و کەمترین حاڵەتی جیابوونەوە لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا، لە پارێزگای دهۆک تۆمارکراوە. هەروەک، ئامارەکان پیشانی دەدەن، لە پارێزگای دهۆک، ژمارەی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری، نۆ ساڵی ڕابردوودا و بەگوێرەی ساڵەکان، بەتەواوەتی نزیکن لە یەکترەوە، لەکاتێکدا ڕێژەکانی جیابوونەوە بۆ نزیکەی دوو ئەوەندە بەرزبوونەتەوە.
هۆکارەکانی جیابوونەوەی هاوسەران
بەگوێرەی ڕووپێوی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و تەندروستی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان ٢٠٢١، کە لەلایەن دەستەی ئاماری کوردستان و بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی ئاماری عێراق ئامادەکراوە، نۆ هۆکاری بۆ جیابوونەوەی هاوسەران و هەڵوەشاندنەوەی خێزان دەستنیشان کردووە.
بەڕێژەی (٣٦٪)ی بەشدارانی ڕووپێوییەکە، هۆکاری جیابوونەوەکان بۆ دەستێوەردان خێزان دەگێڕنەوە، کە گەورەترین ڕێژە پێکدێنێت و بەدوایدا بەڕێژەی (٣٣.٨٪)ی هۆکارەکان بۆ نەگونجانی کۆمەڵایەتی، بەڕێژەی (٢١.١٪) هۆکارەکان بۆ نەبوونی متمانە و چەندن هۆکاری دی دەگێڕنەوە، وەک لە خشتەی خوارەدا ڕوونکراوەتەوە.
هۆکارەکانی جیابوونەوەی هاوسەران
هۆکار | ڕێژە ٪ |
دەستێوەردانی خێزان | ٣٦٪ |
نەگونجانی کۆمەڵایەتی | ٣٣.٪ |
نەبوونی متمانە | ٢١.١٪ |
ئاڵوودەبوون و خواردنەوە کحولییەکان | ١٨.٦٪ |
لێدانی پیاو لە هاوسەرەکەی | ١٦٪ |
فرەژنی | ١٢.٩٪ |
باری ئابووری | ٨٪ |
پێداگیری هاوسەرەکەی | ١.١٪ |
هیی تر | ٨٪ |