كۆمه‌ڵایه‌تی

کێشەی سەندیکای پزیشکان و پزیشکێکی هەولێر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە

زێدپرێس

 

سەندیکای پزیشکانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی هەڵسوکەتی دوور لە ئاکار و ڕەوشتی پزیشکی، لەلایەن لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە سزای پزیشکێکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی لە شاری هەولێر دراوە و پزیشکەکەش سزاکە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێ سەندیکای پزیشکان خۆی نایاساییە.

 

سەندیکای پزیشکان د. دلێر شینە تۆمەتبار دەکات

ئەمڕۆ چوارشەم ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، سەندیکای پزیشکانی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی، ئاماژەی بەوە کرد، “لە ماوەی ڕابردوو پزیشکێکی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی لە شاری هەولێر بە ناوی د. دلێر شینە، چەند هەڵسوکەوتێکی دوور لە ئاکار و ڕەوشتی پزیشکی ئەنجامدا و بووە مایەی نیگەران و ناڕەزایی پزیشکان و هاووڵاتییان”. لەو ڕوانگەیەوە دەڵێ “بۆ ئەم مەبەستە سەندیکای پزیشکانی کوردستان وەک ئەرکی خۆی لە پاراستنی بەهای بەرزی پیشەی پزیشکی، لێژنەیەکی باڵای پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە و لەژێر ڕۆشنایی یاسای سەندیکا و یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هاووڵاتییان”.

د. دلێر شینە، پزیشکێکی شاری هەولێرە و زیاتر بەهۆی نەخۆشخانەیەکی پشکدار و خێرخوازییەوە دەناسرێت بەناوی “میهرەبانی”، کە هەر خۆی خاوەن بیرۆکە و دەستپێشخەری بونیادنانی پڕۆژەکە بووە.

پزیشکەکە، چالاکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و زوو زوو لەڕێگەی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە، کە زیاتر لەگەڵ نەخۆشانی نەخۆشخانەکەیان دەردەکەوێت، ڕوونکردنەوە لەسەر سەرکەوتوویی و هەرزانی نرخی نەشتەرگەرییەکانی خۆی و هاوڕێکانی دەدات.

سەندیکای پزیشکان، د. دلێر شینە تۆمەتبار دەکات، کە لە چەند گرتە ڤیدیۆیەکدا، “تەشهیری بە پزیشکان کردووە” و هەروەها “گوتەی نەشیاو و دوور لە ئاکاری پزیشکی و هۆڵی نەشتەرگەری وەک سەکۆیەک بۆ پڕوپاگەندە و مەرامی دیکەی بەدەر لە بەها مرۆییەکان” بەکارهێناوە.

هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، کە لەسەر ئەو بنەمایە، لێژنەی لێکۆڵینەوە بڕیاری سزادانی دەرکردووە و لێژنەی باڵایش “دوای پێداچوونەوە و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، سەرەڕای بڕیاری سوککردنی سزاکان، بەوپەڕی ڕێزەوە بڕیارەکانی ئاڕاستە کرا، بەڵام بەداخەوە دکتۆری ناوبراو لە ڕێگەی پەیامە چەواشەکارییەکانییەوە، دەیەوێ هەست و سۆزی هاووڵاتییان بۆ خۆی ڕابکێشێت و لە ژێر ناوی کاری خێرخوازی هەڵەکانی خۆی پەردەپۆش بکا و نەچێتە ژێر باری یاساوە!”.

سەندیکای پزیشکان زیاتر دەڵێ “بە هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کە بڕیارەکانی لێژنە و ئەنجوومەنی باڵا پیشەیی و یاساییە و خودی خۆی واژۆی کردووە، کە بەهەموو بڕیارێکی لێژنە ڕازی دەبێت، بۆیە هەموو گوتەکانی لەم بارەیەوە ڕەت دەکەینەوە”.

 

پزیشکەکە بەرگری لەخۆی دەکات

ڕوونکردنەوەکەی سەندیکای پزیشکان لەکاتێکدایە، کە د. دلێر شینە، لە چەند کورتە پەیامێکدا کە لە ڕێگەی هەژمارەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردوونەتەوە، باس لەوە دەکات، ئەو لەسەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک بڵاوکراوەتەوە، سزا دراوە. وەک خۆی دەڵێ، لەو گرتە ڤیدیۆییەدا گوتوویەتی “بای بای عەملیاتی چوار ملیۆنی بۆ نەخۆشی سەرەتان”.

بەگوتەی ناوبراو، لێژنەی لێکۆڵینەوەکە، ئەو گرتە ڤیدیۆییەیان پیشانداوەتەوە و داوایان لێکردووە، گوتەکانی ڕەت بکاتەوە و بەدەربڕینی خۆی “داوام لێکراوە بڵێم ڕادیۆیە”.

زیاتر لەوەش وەک ئاشکرای کردووە، بڕیاری لێژنەکە دوورخستنەوەیەتی بۆ ماوەی دوو هەفتە لە کاری پزیشکی و بەڵام ئەو ڕەتی کردووەتەوە؛ “پێیان گوتم ئەگەر ڕەتی بکەیەوە سزاکەت زیاد دەکەین، منیش گوتم ئەگەر دەتوانن بیکەن، منەتم نییە، من پەشیمان نابمەوە ئەگەر بڕوانامەی دکتۆریشم لێ وەربگیرێتەوە”.

پزیشکەکە ئاماژەی بەوە کردووە، سەندیکای پزیشکان لە بنەڕەتدا نایاساییە و بڕیارەکەشان نایاساییە، لەبەرئەوەی بە هەڵبژاردن نەهاتووە و دەشڵێ “ڕێکاری یاسایی دەگرمەبەر بەرانبەر سەرۆکی سەندیکای پزیشکان، ڕاست ناکەن و هیچ هاووڵاتییەک سکاڵای نەبووە لە دژم و غەدریشم لە کەس نەکردووە”. زیاتر دەڵێ “داوا دەکەم هەموو ئەندامانی سەندیکای پزیشکان بگۆڕدرێن، چونکە نایاسایین، ماوەیان بەسەرچووە و کەسیش هەڵینەبژاردوون”.

د. دلێر شینە وەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات، پێشتر بۆ ماوەی سێ ڕۆژ نۆڕینگەکەیان داخستووە، جارێکی دیکەیش سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە، بەڵام سکاڵاکەیان ڕەت کراوەتەوە و جارێکی دیکەیش بانگهێشتی بەردەم لێژنەی لێکۆڵینەوە کراوە لە بەرانبەر قسەکانی و هەروەها لەلایەن داواکاری گشتیشەوە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە و دیسان براوە بووە.

 

“بای بای عەمەلیاتی پێنج ملیۆنی”

پزیشکەکە، بەگوتەی خۆی، دوایین سزادانی، پێوەستە بە گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک، کە گوتوویەتی: بای بای نەشتەرگەری چوار ملیۆنی و پێنج ملیۆنی بۆ نەخۆشی شێرپەنجە، ڕوونی دەکاتەوە، کە لەلایەن لێژنەی لێکۆڵینەوە لە سەندیکای پزیشکان پێی گوتراوە، قسەکانت ئاڕاستەی هەموو پزیشکان کردووە، لەکاتێکدا خۆی نکوڵی لەوە دەکات و دەڵێ، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا بە تاکەکەس قسەی کردووە، بەڵام ئەو لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەڵێ “جەنابت” و ئەوەش وەک بەڵگە دێنێتەوە، کە قسەکەی لەسەر پزیشکێکی دیاریکراوە و زیاتر دەڵێ “ناوی ئەویشم نەهێناوە”.

لەو گرتە ڤیدیۆییەدا، کە پزیشکەکە بەشێوەی ڕاستەوخۆ قسە دەکات و بە فرەوانی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە، بە سەرنجدانی وردی زێدپرێس، د. دلێر شینە، هەندێک دەربڕینی ڕوو لە پزیشکان وەک “هەر خەریکی پارە کۆکردنەوەن” بەکاردێنێت و باسی پزیشکێکیش دەکات، بەبێ ئەوەی ناوی ببات و دەڵێ “دکتۆر هەیە ٦٧ خانووی هەیە و بەکرێیداون، پارێزەری گرتووە کرێی خانووەکانی بۆ کۆبکاتەوە!”.

پزیشکەکە، زیاتر هەڵوەستە لەسەر کرێی نەشتەرگەری دەکات و دەڵێ “مەعقوولە سێ ملیۆن دینار بۆ نەشتەرگەرییەک؟ وەڵا من خوێندوومە! بۆ چما تۆ چی دەکەیت سێ ملیۆن دینار وەردەگریت؟ گرێیەکە بۆی دەردەهێنیت، قابیلە چییە، سێ ملیۆن دینارت بۆچییە؟ ڕۆیی ڕۆیی، بای بای عەمەلیاتی چوار ملیۆنی و پێنج ملیۆنی، هەتا دکتۆر دلێر شینە هەبێ، بای بای عەمەلیات بە پێنج ملیۆن دینار!”.

هەر لەو گرتە ڤیدیۆیەدا دەڵێ: “کابرا شێرپەنجەیەتی، دەڵێ بە پێنج ملیۆن دینار نەشتەرگەری بۆ دەکەین، بۆ قابیلە تۆ چی دەکەیت؟ گرێیەکی بۆ دەردەهێنیت! وەڵا سێ ملیۆن دینار، من خوێندوومە! کوڕە خوێندووتە ملت بشکێ، بە خۆڕاییت خوێندووە! مامۆستا بەخۆڕایی وانەی پێگوتوویت و لەسەر حیسابی ئەم حکوومەتە بوویت بە دکتۆر! خوێندووتە خەڵکی دیکەیش خوێندوویانە!”.

 

هاککردنی پەیجی سەندیکای پزیشکان

دوا بەدوای بڵاوکردنەوەی ڕوونکردنەوەکە، لە پەیجی فەرمی سەندیکای پزیشکانی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، هەر ئەمڕۆ چوارشەم پەیجەکە هاککرا. پاشتر هەمان ڕوونکردنەوە لە پەیجی فەرمی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانەوە بڵاوکرایەوە.

بەشدارێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەناوی (ز. ن. غ) لە کۆمێنتدا و بە ئاشکرا لەژێر ڕوونکردنەوەکەی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکان، بەرپرسیارێتی خۆی لە هاککردنی پەیجی سەندیکای پزیشکانی کوردستان ڕاگەیاندووە و هەڕەشەیش لە لقی هەولێری سەندیکای پزیشکان دەکات، ئەگەر ڕوونکردنەوەکە لەسەر پەیجەکەیان لانەدەن، ئەو پەیجەیش هاک دەکات. ئەو دەڵێ “ئەم پۆستە بسڕنەوە بۆ قسەی خۆش؛ ئێمە لایەنگرانی دکتۆر دلێرین و بێمنەتین و ڕاست و ڕەوانین لەگەڵ خەڵك”.

هەرچەند پەیجی سەندیکای پزیشکانی کوردستان بۆ ماوەیەک لە فەیسبووک دیار نەما، بەڵام دواتر گەڕایەوە.

لەوەتەی ڕاگەیاندنی بڕیاری سزادانی پزیشکەکە لەلایەن سەندیکای پزیشکانەوە، باسەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و بەتایبەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک گەرم بووە، زۆرێک لە قسەکەران بەرگری لە پزیشکەکە دەکەن و سەندیکای پزیشکان و یان پزیشکان بەگشتی تۆمەتبار دەکەن، بەوەی ئامانجیان تەنیا کۆکردنەوەی پارە و کەڵەکەکردنی سەرمایەیە لەسەر حیسابی نەخۆشەکانیان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...