شرۆڤه‌كه‌لتووركۆمه‌ڵایه‌تی

ئەڵقەکانی جینۆسایدی خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەمریکا: وتارێکی پێداچوونەوە

 

جینۆسایدی گەلانی ڕەسەن لە سەرانسەری ئەمریکادا بەرجەستەی یەکێکە لە گەورەترین و بەرفرەوانترین کارەساتی مرۆیی لە مێژوودا. خێرایی و گەورەیی وێرانکارییەکە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر بەدرێژایی ساڵان جیاواز بووە، بەڵام سەرومڕ دەتوانیت بەو ئەنجامە بگەیت کەوا، لە دوو سەدە و نیوی دوای “دۆزینەوە”کەی کریستوفەر کۆڵۆمبۆس بۆ هەردووک ئەمریکا لە ساڵی ١٤٩٢دا، ڕەنگە ٩٥٪ی دانیشتووانی پێش کۆڵۆمبس لەناوچووبێتن – بەهۆی نەخۆشی و هەروەها بە سیاسەتی بەئەنقەست لەلایەن ئیسپانییەکان، فەڕەنسییەکان و ئینگلیزەکانەوە و دواجار لەدایکبووانی ئەمریکایی دەبنە میراتگرانی ئەوانەی ئەو گەلانەیان کۆڵۆنیالیزە کردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

پڕۆسەی کۆڵۆنیالیزم زۆرجار خەسڵەتی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژانەی لەخۆگرتووە وەک کۆمەڵکوژیی بەئەنقەست، قەلاچۆکردنی بەکۆمەڵ و لە چەندین حاڵەتدا جینۆسایدیش. بۆ نموونە زۆرێک لە گەلانی ڕەسەنی ئەمریکای باکوور بەتەواوی، یان نزیک لە تەواوی، لەناوبردراون، لەنێویاندا یوکی لە کالیفۆرنیا و بیۆتۆکی نیوفاوندلاند. بۆیە گرنگە لە کاتی بەکارهێنانی زاراوەی “جینۆساید” لە سیاق و چوارچێوەی فرەوانبوونی کۆڵۆنیالیزمدا: هەر ئیددیعایەک دەبێت بە تاک و بەپێی شایستەییەکانی هەڵبسەنگێندرێت. لە هەندێک حاڵەتدا، ڕەنگە جینۆساید بێدوودڵی، لە شوێنەکانی تر، سەرەڕای داڕمانی لەناکاو یان گەورەی دانیشتووان، پێدەچێت نیازێکی چارەنووسسازی کۆڵۆنیالیستەکانی تێدا دەرنەکەوتبێت. فرەجار ژمارەی دانیشتووان لە کەمیی دەدا لە ئەنجامی ئەو نەخۆشییانەی کە هاوڕێ لەگەڵ کۆڵۆنیالیستەکاندا دەگوێزرانەوە و ئەو مردنانەی کە ڕوویانداوە پێشبینینەکراو بوون. لە بۆنەکانی تردا نەخۆشییە کوشندەکان بەئەنقەست دەهێنران بە مەبەستی لەناوبردنی دانیشتووانی ناوچەیەکی دیاریکراو. ئەگەر ئێمەش گشتاندن بکەین  – کەوا کارێکی ئاسان نییە لە ماوەی چەند سەدەیەکدا –  دەتوانرێت ئەوە بگوترێت کە فرەوانبوونی کۆڵۆنیاڵی لە ئەمریکای باکووردا هەوڵی پاکتاوکردنی  دانیشتووانی ڕەسەنی ئەو خاک و وڵاتەی بەخۆوە بینیوە، لە بەزۆر ئاسیمیلەکردنی یان تواندنەوەی ئەو خەڵکە ڕەسەنە بە هۆکاری ڕەگەزی و ئایینی یان  ئیتنیکی و ترساندنیان بۆ ئەوەی هەوڵی پاشەکشە بدەن لە بەردەم پێشڕەویکردنی کۆڵۆنیالیستەکاندا، بۆ ڕێگەدان بە ڕوودانی گەشەسەندنی ئابووری لەسەر شێوازی ڕۆژئاوایی.

بەگشتی ئێمە بەدوای حاڵەتێکی ترسناک و تۆقێنەر (یان باشتر بڵێین زنجیرە حاڵەتێکی) قڕکردنی بەکۆمەڵدا دەگەڕێین، کە تێیدا ملیۆنان کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەم وێرانکاری و لەناوچوونەش نەوەستاوە تا ئەو کاتەی کەوا زۆربەی خەڵکەکە مردوون یان کوژراون، بەهۆی سیاسەتەکانی ڕاگواستن و ڕاماڵینی دانیشتووان، دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زارەکان، تواندنەوە یان ئاسیمیلەکردنی زۆرەملێ و ڕاپێچکردن بۆ شوێنی تایبەتی “دەستبەسەرکردن”، بەو مانایە بوو کە لە ژمارەیەکی زۆری حاڵەتەکاندا، تەنانەت ڕزگاربووانیش نکوڵیی دەرفەتی پارێزگاری و گێڕانەوەی شوناسیان لێدەکرا وەک خەڵکانێکی جیاواز.

 

ئەم وێرانکارییە نەوەستاوە تا ئەو کاتەی زۆربەی خەڵکەکە مردوون یان کوژراون، بەهۆی سیاسەتەکانی ڕاگواستنی دانیشتووان، دەستبەسەرداگرتنی زەویوزار، تواندنەوەی زۆرەملێ و ڕاپێچکردن بۆ شوێنی تایبەت

 

بناغەکانی لەناوبردنی خەڵکە ڕەسەنەکە زۆر بوون و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕا. سیاسەتی داواکاریی لەسەر خاک و زەویوزار، گۆڕینی ئایین، پەرەپێدانی چەمکەکانی ڕەگەزی کەمتەرخەمی و باڵادەستی، ئاوارەبوون و گواستنەوەی دانیشتووان پەیڕەوی دەکرا لە گەڕان بەدوای “پێشکەوتن” لە سنوورەکانی نیشتەجێبوونی ئەوروپی یان ئەمریکی – هەموو ئەمانە جێگەی خۆیان گرتبوو لە مەسەلەی تێکشکاندن و قڕکردنی خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەمریکادا. کوشتنی تاکەکەس و ناوبەناو کۆمەڵکوژی، و لەناوبردنی بەکۆمەڵ لە هەڵمەتە درێژخایەنەکاندا ئاسانکاری بۆ وێرانکاری و لەناوبردنی پڕ توندوتیژی دەکرد.

بەو جۆرە جینۆسایدی گرووپە دیاریکراوەکانی خەڵکە ڕەسەنەکانی ئەمریکا، لە دەرەوەی ئەقڵ و مەزەندە بوو، بەڵام ئەمە دەبێت بەو پاساوە هێور بکرێتەوە کە هەموو ئەو لەناوچوون یان تێکشکانەی دانیشتووانی ڕەسەن لە ئەنجامی نیاز و مەبەستێکی بەئەنقەست بەرپا نەکراون لە لایەن هەڵمەتبەرانی نیشتەجێبوونەوە. لەو بۆنانەدا کە دەتوانرێت نیاز و مەبەست بدۆزرێتەوە، ڕەنگە حاڵەتێکی جینۆسایدی تێدا دەستنیشان بکرێت، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی جیهانی خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەمریکا ڕووداوێکی تاکلایەنە و هاوجۆر نەبووە، بۆیە دەبێت بە شێنەیی و وردی لێی بکۆڵدرێتەوە، بە چاوێکی تایبەتمەندی بۆ هەر گەلێک و ناوچەیەک و سەردەمێک و بەدەر لە ڕا و بۆچوونە پێشوەختەکان.

ڕاگواستن و دوورخستنەوەی زۆرەملێی گەلە ڕەسەنەکانی ئەمریکا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان یەکێک لەو چەشنە ئاستەنگ و گرفتانەمان بۆ دەخەنەڕوو. ئایا دەتوانرێت ئەمە بە حاڵەتی جینۆساید هەژمار بکرێت؟ ساڵی ١٨٣٠، ئەندرۆ جاکسۆنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یاسای ڕاگواستنی هندییە ‘سوورەکانی’ واژۆ کرد کە یاسایەک بوو فەرمانی کرد بە گواستنەوەی زۆرەملێی ئەو خەڵکە ئەمریکییە ڕەسەنانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری میسیسیپی دەژیان بۆ ناوچەیەکی دەستنیشانکراو لە ڕۆژئاوا. ئەم خەڵکانە، کە بە “پێنج خێڵە بە شارستانی بووەکە Five Civilized Tribes” دەناسران، بریتی بوون لە نەتەوەکانی چێرۆکی، چۆکتاو، کریک، چیکاسۆ و سێمینۆڵ. ئەوان خۆیان لەگەڵ شێوازی نەریت و کەلتووری ئەوروپییەکان گونجاندبوو و ئەو ڕەگەز و توخمانەیان وەرگرتبوو کە زۆرترین گونجانیان هەبوو بۆ باشترکردنی جۆر و کوالێتیی ژیان و لە هەمان کاتدا یەکگرتوویی سەروەری و ڕێبازی ژیانی میللیی خۆیانیان دەپاراست. بەڵام یەک لەو پەیماننامە تاکلایەنانەی کە بەدوای پەسەندکردنی یاسای ڕاگواستنی هندییەکاندا هات، یەکەمجار ساڵی ١٨٣٠ لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و گەلی چۆکتاودا لە دانسینگ ڕابیت کریک Dancing Rabit Creek مۆرکرا. لە نێوان ساڵانی ١٨٣١ و ١٨٣٤دا زۆربەی ئەندامانی ئەم نەتەوەیە بە زۆرەملێ بەرەو ڕۆژئاوا ڕاگوێزران لە خاڵی بایۆنێت یان سەرەنێزەی فیدڕاڵییەوە و لە بارودۆخێکی هێجگار ترسناکدا، چونکە خەرجییەکانی حکوومەتی فیدڕاڵی بۆ ڕاگواستن بەشی نەدەکرد و کەمیی خۆراک هەبوو، هۆکاری نەگونجاوی گواستنەوە، کەمیی جل و پۆشاکی گەرم و بەتانی. ئەنجام لانی کەم چواریەکی نەتەوەی چۆکتاو فەوتان و مردن پێش ئەوەی بگەنە خاکی نوێی هندییەکان، کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بە ئۆکڵاهۆما ناوزەد دەکرێت.

 

زاراوەی “کۆمەڵکوژیی جینۆسایدئامێز” لەلایەن لیۆ کوپەر باسکرا، کە ئەو چەمکەی بەسوودزانی لە وەسفکردنی دۆخە کۆڵۆنیالیزمەکاندا، بە دەستنیشانکردنی نزیکایەتییەکی ڕوون لە نێوان کۆڵۆنیالیزم و جینۆسایددا

 

چارەنووسێکی هاوشێوە بەسەر گەلانی دیکەدا هات. لە حاڵەتی کریکەکاندا، ناکۆکی و ململانێیەک لە شەڕی ناوخۆ دەچوو لە نێوان لایەنگران و نەیارانی دوورخستنەوەدا سەریهەڵدا. کاتێک کە لەکۆتاییدا کریکەکان “ڕاگوێزران”، شتێک کەمتر لە چارەکێکی دانیشتووانیان مردن بەهۆی بەرکەوتنی سەرما و گەرما و نەخۆشییەوە. بەهۆی نزیکبوونەوەیان لە خاکی نوێی هندییەکان، چیکاسۆکان، لە ڕێگەیاندا بەرەو ئەو خاکە نوێیە، لە گەشتە ڕاستەقینەکەیاندا کەمتر ئازاریان چەشت، بەڵام  ژمارەیەکی بەرچاویان لەناوچوون لە دوای گەیشتنیان بەهۆی پەتا و نەخۆشییەوە. سێمینۆڵەکان، تا توانییان بەرەنگاری ڕاگواستن بوونەوە و لە کاتی جەنگەکانی سێمینۆڵەکاندا (١٨٣٥ – ١٨٤٢) کارێکیان کرد کەوا سەربازانی ئەمریکا باجێکی قورس بدەن بۆ داگیرکردنی نەتەوەی سێمینۆڵ. هەرچۆنێک بێت، لەکۆتاییدا چەندین هەزاریان گوێزرانەوە بۆ هەرێمی هندییەکان.

چێرۆکییەکان کە زۆرترین ژمارەیان لە پێنج هۆزی بەشارستانیبوودا هەبوو، هەموو هەوڵێکیان دا بۆ خۆلادان لە ڕاگواستن، قسەکردن و مشتومڕ لەسەر دۆسیەکەیان لە باڵاترین دادگاکانی ئەمریکا، لەنێویاندا ئەنجوومەنی پیران و دادگای باڵا، بەڵام بە پەیماننامەی نیو ئیکۆتا (کە لە ٢٩ی کانوونی دووەمی  ١٨٣٥دا مۆرکرا) و هەموو خاک و وڵاتی چێرۆکی ڕادەستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرا و زەمینەی دوورخستنەوەی ئامادە کرد، بەم ڕەنگە ئەوانیش تا ساڵی ١٨٣٩ ناچار بوون بڕۆن. نزیکەی چواریەکێکی چێرۆکییەکان لە نێوان ساڵانی ١٨٣٨ و ١٨٣٩دا لەناوچوون لەو پرۆسەیەی کە بە “کاروانی فرمێسک Trail of Tears” ناسرا. ئێستا ئەم زاراوەیە وەک ناوێکی گشتی بۆ ڕاگواستنی زۆرەملێ و ئازار و مەینەتیی پێنج هۆزی بەشارستانیبوو بەکاردێت، کە لەم ماوەیەدا دەیان هەزار کەس مردن وەک ئەنجامێکی ڕاستەوخۆی کار و کردەوەکانی حکوومەتی ئەمریکا.

لە کتێبی “دەنگەکان لە کاروانی فرمێسکەوەVoices from the Trail of Tears”ی ڤیکی ڕۆزێمادا کە پێشتر لەسەر مێژووی چێرۆکی، سەرچاوە کتێبێکی کۆکردووەتەوە و چارەنووسی ئەو کەسانە دەگێڕێتەوە کە کاروانی فرمێسکی چێرۆکییان گرتبووە ئەستۆ یان چاودێرییان کردبوو. لەم کتێبەدا، بەشداربووانی ڕاستەقینە تێڕوانینێکمان پێدەدەن سەبارەت بەوەی کە لەم فەسڵە بەناوبانگەی مێژووی ئەمریکادا ڕوویداوە. تێکەڵکردنی گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان، نامەکانی میسیۆنێرە سپی پێستەکان و پزیشکان کە باس لە خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ چێرۆکییەکان دەکەن لەسەر دەستی هێزە فیدراڵییەکان و بەرپرسانی حکوومەت، تێبینییەکانی سەربازە فیدراڵییەکان و سەرچاوە ڕەسەنەکانی تر، کارەکەی ڕۆزێما تیشک دەخاتە سەر ترس و بیمی ڕاگواستنی زۆرەملێی ئەو خەڵکە و هێدمە و شۆکی ئەو کەسانەی کە شایەتحاڵی ئەوان بوون.

 

سەربازەکان لە کوشتندا جیاوازییان نەدەکرد: ژن و پیاویان سەردەبڕی و کەللە سەرەکانیان کەوڵ دەکردن، سکی ژنانی دووگیانیان هەڵدەدڕی، منداڵانیان بە کوتەک دەکوشت. هیچ دیلێک نەدەگیرا و مەبەست لەناوبردن بوو

 

ڕۆزێما سەرچاوەکانی خۆی بە ڕیزبەندی کرۆنۆلۆجی، نەک بابەتی، دەخاتە ڕوو، بە ڕوونی نیشانی دەدات کە درامای ڕاگواستنەکە چۆن پەرەی سەندووە. بەم شێوەیە خوێنەران بەر ژمارەیەک بوارە سەرەکییەکانی پەیوەست بەو ماوەیە دەکەون، کە یەکێکە لە گرنگترینیان پەیوەندیی بە ناکۆکی و دوژمنایەتیی نێوان چێرۆکییەکانەوە هەبوو لەسەر پەیمانی ئیکۆتای نوێ، کە لەڕاستیدا، هەر ئەو پرسەیە کە ئاخۆ ڕێگە بە نەتەوەی چێرۆکی دەدەن یان نا، وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ و سەروەر، کە هەر وا بە سانایی لەلایەن حکوومەتی ئەمریکاوە لەناوببردرێت. ‌ پاشان كتێبه‌كه بە کردەوە سیاسەتی لەناوبردن پیشان دەدات، لەگەڵ گێڕانەوە بنەڕەتییەکانی ئەوەی کەوا چۆن ئەو چێرۆکییانەی لە ویلایەتەکانی وەک ئەلەباما، جۆرجیا، کارۆلاینای باکوور و تەنەسیدا ژیاون، گەمارۆ دراون و کۆکراونەتەوە و ڕەوانەی خاڵی سەرەنێزەی فیدراڵییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان کراون (مەبەست خاڵی نێزە بەدەستانی bayonets پاسەوانیی جەنگیی حکوومەتی فیدڕاڵیی ئەمریکایە – وەرگێڕ). لەکۆتاییدا، بەڵگەنامەکانی ڕۆزێما ئەوە دەردەخەن کە وێرانکاری دەتوانێت دوای ماوەیەکی زۆر لە کۆتاییهاتنی دراماتیکترین ڕووداوەکان بەردەوام بێت و وا پیشانی خوێنەران دەدرێت کە چەندە قورس و سەخت بووە بۆ ئەوانەی لە کاروانی فرمێسک ڕزگاریان بووە تاوەکوو بە ژیان ڕاهاتوون لە خاکی نوێ و نامۆی ئۆکلاهۆمادا- ئەو شوێنەی کە ئەمریکییە ڕەسەنەکانی تری تێدا جێگیر بوون و فرەجار تێڕوانینێکی زۆر جیاوازیان هەبووە لەسەر ڕاگواستنەکە و ئەوانەی توانیویانە بەرگەی بگرن.

زاراوەی “کۆمەڵکوژیی جینۆسایدئامێز” لەلایەن زانای سیاسیی ناسراو و توێژەری جینۆساید لیۆ کوپەر هاتووەتە باسکردن لە کارە ناوازەکانیدا سەبارەت بە جینۆساید لە سەدەی بیستەمدا(١)، بە تێبینی ئەوەی کە لەناوبردنی بەشێک لە گرووپێک لە کۆمەڵکوژییەکی ناوچەییدا (بۆ نموونە، لە تێکڕای پیاوان، ژنان و منداڵانی گوندێکدا) کە هەندێک لە توخمەکانی  جینۆسایدی تێدان، کوپەر هەوڵیداوە ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ئەم جۆرە کۆمەڵکوژییانە جێگەی شیاوی خۆیان بدۆزنەوە لە ناو مۆدێلێکی جینۆسایددا لەکاتێکدا دان بەوەدا دەنێت کە ئەم جۆرە ڕووداوانە، لە خۆیاندا، جینۆساید پێکدەهێنن. بەم شێوەیە ئەو بیرۆکە یان چەمکی کۆمەڵکوژیی جینۆسایدئامێزی بەتایبەتی بەسوودزانی لە وەسفکردنی دۆخە کۆڵۆنیالیزمەکاندا، بە دەستنیشانکردنی نزیکایەتییەکی ڕوون لە نێوان کۆڵۆنیالیزم و جینۆسایددا. لەکاتێکدا کەوا تەنانەت مەرج نییە کۆکردنەوەی کۆمەڵکوژییە جینۆسایدئامێزەکان ئاماژە بێت بە سیاسەتی جینۆساید و بێجگە لەوەش پاڵنەرەکانی بنەمای ئەم جۆرە کۆمەڵکوژییانە، لە بارودۆخی کات و شوێنی خۆیاندا، بەهۆی نیاز و مەبەستێکی جینۆسایدەوە بووە. بەم پێیە بۆ کوپەر، کۆمەڵکوژیی جینۆسایدئامێز، لەکاتێکدا کە لەگەڵ جینۆسایددا یەکناگرێتەوە، بەڵام ئامرازێکی قەناعەتبەخش و گونجاو بوو بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو نموونە زۆرانەی وێرانکاری و لەناوبردنانەی کە لە ماوەی پرۆسەی بەدەستهێنانی زەوی و خاکدا پەیڕەویی کران.

 

کۆمەڵکوژیی جینۆسایدئامێز، ئامرازێکی گونجاو بوو بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو نموونە زۆرانەی وێرانکاری و لەناوبردن کە لە ماوەی پڕۆسەی بەدەستهێنانی زەوی و خاکدا پەیڕەویی کران

 

یەکێک لەو کۆمەڵکوژییە جینۆسایدئامێزانەی کە لەدژی شاین و ئاراپاهۆی گەلانی ڕەسەنی کۆلۆرادۆ بەرپاکران لە ٢٩ی نۆڤەمبەری ١٨٦٤دا کاتێک کە فەوجی سێیەمی سوارەی خۆبەخشی کۆلۆرادۆ، بە فەرماندەیی کۆڵۆنێڵ جۆن چیڤینگتۆن، سەرکردایەتیی هێرشێکی کرد دژ بە گوندێکی شاین لە ساند کریکSand Creek . خۆبەخشانی فەوجی سێهەمی کۆلۆرادۆ پەلاماری جەنگاوەرە هندییەکانیان دا و لە ماوەی دوو مانگی پێشوودا، بە فەرمانی چیڤینگتۆن، گرووپە بچووکەکانی شاین و ئاراپاهۆیان ڕاپێچ کردبوو بە مەبەستی کوشتنیان لەکاتێکدا کە دواتر بڕیاری لێدەدرێت. ئابڵووقەدانی کەمپی هندییەکان لە ساند کریک لەپێش بەرەبەیانی ٢٩ی نۆڤەمبەردا، گرووپی هێرشبەری فەوجی سێهەمی کۆلۆرادۆ، کە لە نزیکەی ٧٠٠ پیاو و چوار (تۆپی) هۆویتزەر پێکهاتبوو، لە کردەیەکی تەواو لەناکاودا ئامانجەکانی خۆیان پێکا. بلاک کیتڵ (واتە کترییە ڕەش) ی سەرۆکی شاین داوای لە خەڵکەی خۆی کرد کە ئارام بن و هەردوک ئاڵای ئەمریکا و ئاڵایەکی سپیی ئاگربەست لە سەرووی گەڕەکەکەیانەوە هەڵبکەن، بەڵام بێ سوود بوو. وەکو ئەوەی کە شاینەکان درکیان بەوە کرد کە چی ڕوودەدات، سەربازانی ئەمریکا کەوتنە تەقەکردن و ئەو کۆمەڵکوژییەی کە بەدوایدا هات ئەوەندە تۆقێنەر بوو کە دواتر هەندێک لە پیاوەکانی چیڤینگتۆن خۆیان بەڵگە و شایەتییان دەدا لەدژی کە ڕێگەی داوە ئەو جۆرە کردەوە قێزەونانە بەرپا بکرێن.

سەربازەکان کە لە کوشتندا جیاوازییان نەدەکرد: ژن و پیاویان سەردەبڕی و کەللە سەرەکانیان کەوڵ دەکردن، سکی ژنانی دووگیانیان هەڵدەدڕی، منداڵانیان بە کوتەک دەکوشت و تەرمەکان دەشێوێندران. هیچ دیلێک نەدەگیرا و مەبەست لەناوبردنی تەواو بوو. هەر کەسێک خۆی ڕادەست بکردایە دەسبەجێ دەکوژرا و کۆمەڵکوژییەکە بۆ مەودای پێنج میل بەردەوام بوو لەودیو کەمپی ساند کریکەوە. کاتێک چیڤینگتۆن و فەوجی سێیەمی کۆلۆرادۆ گەڕانەوە بۆ دێنڤەر، زیاتر لە سەد پێستی سەریان نمایش کرد و ژمارەی تەرمی شێواوی مردووان ڕەنگە خۆی لە دوو سەد بدایە –  کە دوو لەسەر سێیان ژن و منداڵ و نۆ کەسیشیان سەرۆک بوون.

کۆمەڵکوژییەکەی ساند کریک لەلایەن ئەو ئەنجامدەرانەوە بەرپاکران کەوا کردەوەکانیان نەک هەر بە ڕوونی بەڵکوو بە پەرۆشی و تامەزرۆییەوە جاڕی بۆ دەدرا، بە ڕقئەستووریی پێش ڕووداوەکە و سەرکەوتنی دوای ئەویش. بێجگە لەوەش هێزێکی سەربازی بەرپای کردووە کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کۆلۆرادۆوە بەڕێوەچووە بە مەبەستی ئاشکرای کوشتنی هەموو شاینێک کە دەستبکەوتایە. فەرمانەکانی چیڤینگتۆن لە حاکمی ویلایەتی کۆلۆرادۆ، جۆن ئیڤانسەوە دەهات و ئەم فەرمانانە لەلایەن جەماوەرێکی هەرچی و پەرچییەوە پێشوازیی لێدەکرا لە سەرانسەری ناوچەکەدا. لە ساند کریکدا ئاپ و ئاشکرا کۆمەڵکوژیی جینۆسایدئامێزی تێدا بەرپا دەکرا وەک بەشێک لە شاڵاوێکی گەورەتری جینۆساید دژ بە شاین و ئاراپاهۆ، بە ئامانجی ئەوەی کەسیان بە زیندوویی لێدەرنەچێت. ئەمە ڕێکوڕەوان کردەوەیەک بوو کە بە نیاز و مەبەستی وێرانکاری و لەناوبردن بەرپا دەکرا، بۆ تەواوی یان بەشێک لە گرووپێکی نەتەوەیی (ئیتنیکی یان ڕەگەزی) لە ڕێگەی سیاسەتێکی بەئەنقەست لە کوشتنی ئەندامەکانی.

 

لە ساند کریکدا ئاپ و ئاشکرا کۆمەڵکوژیی جینۆسایدئامێزی تێدا بەرپا دەکرا وەک بەشێک لە شاڵاوێکی گەورەتری جینۆساید دژ بە شاین و ئاراپاهۆ، بە ئامانجی ئەوەی کەسیان بە زیندوویی لێدەرنەچێت

 

چەند ساڵێک لەمەوبەر ستان هۆیگ ئەو کارەی بەرهەم هێنا کە زۆر کەس بە گێڕانەوەیەکی ئاشکرا و یەکلاکەرەوەی دەزانن لە کۆمەڵکوژییەکەی ساند کریک، کە ئێستا لەلایەن زانکۆی ئۆکلاهۆماوە سەرلەنوێ چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەی هۆیگ کە لاواندنەوەیەکی هەستبزوێنە بۆ گەل و نەتەوەی شاین، کارێکی دادپەروەرییە بۆ تۆماری مێژوویی لە ڕێگەی شێوازێکی گێڕانەوەی باش نووسراوەوە، کە بە وردی و دوورودرێژیی سەرلەبەری کارەساتەکە بە  بەڵگە باس کردووە. کەم خوێنەر هەیە کەوا بە هەندێک لە گێڕانەوەکانی ئەم کتێبە کاریگەر نەبووبێت و هەمان ئەو خوێنەرانە ڕەنگە هەست بە تووڕەیی و بێزارییەکی بێئەندازە بکەن وەک ئەوەی شایەتحاڵی ئەو کردارانە بن کە تەنیا دەتوانین بە نامرۆڤانە و تینوو بەخوێن وەسف بکرێن –  هەڵبەت کردەوەگەلێک کە بەناوی ئەو بەها مۆڕاڵییانەوە ئەنجام دەدران کەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان لەسەر دامەزرابوو.

بەڵام لەو کاتەدا کە هۆیگ ئەم کارەی دەنووسی، کێشەیەکی نووسین هەبوو لەبارەی ساند کریکەوە، وەک شوێنی ڕاستەقینەی گوندەکە و ئەو ناوچانەی کە کۆمەڵکوژییەکەی تێدا ئەنجامدرابوو لەلایەن فەوجی کۆلۆرادۆی سێیەمەوە، لە چاوی خەڵک شاردرابوونەوە و لە ناو ڕۆژگار و ئەفسانەدا ون بووبوون. بە درێژایی ئەو سەدەیەی کە بەدوای ساڵی ١٨٦٤دا هاتبوو، هەوڵدرابوو بۆ پاراستنی دەوروبەری گشتیی ڕووداوەکە، بەڵام شوێنی ورد و تەواوی کۆمەڵکوژییەکە نەدۆزرایەوە و هەموو هەوڵەکان بۆ دیاریکردنی شوێنەکەی شکستیان هێنا. دواجار، لە ساڵی ١٩٩٨دا کۆنگرێسی ئەمریکا بە دەرکردنی یاسای لێکۆڵینەوە لە شوێنی کۆمەڵکوژیی ساند کریک یاسای خزمەتگوزاریی پارکە نیشتمانییەکانی دەرکرد و داوای لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ و هەردوو گەلی شاین و ئاراپاهۆ کرد کە پێکەوە کار بکەن بۆ دیاریکردنی شوێنی کۆمەڵکوژییەکە. دەبوو شوێنەکە بەوردی دیاری بکرێت، پێش ئەوەی خزمەتگوزاریی پارکە نیشتمانییەکان بتوانێت سەرپەرشتیکردن وەربگرێت له‌ داهاتوودا. هەوڵەکانی دواتر بۆ دۆزینەوەی شوێنی کۆمەڵکوژییەکە لە پەیوەندیدان بە کارەکەی جیرۆم گرین و دۆگڵاس سکۆتەوە لە کتێبی “دۆزینەوەی ساند کریک: مێژوو، شوێنەوارناسی و شوێنی کۆمەڵکوژی ساڵی ١٨٦٤  Finding Sand Creek: History، Archeology، and the 1864 Massacre Site” .

ئەم کتێبە چیرۆکێکی بەدواداچوونە کە فرە پسپۆڕییەک دەگرێتەبەر ڕێباز، بەکارهێنانی تەکنیکەکانی توێژینەوەی مێژوویی و شوێنەواری و هەروەها وەسفە خێڵەکییەکانی شوێنەکە. هەروەها پەناش براوەتە بەر ژمارەیەک نەخشەی پێشوەختە، کە لەلایەن توێژەرانی پێشترەوە ئامادەکراون. کتێبەکە مێژووی کۆمەڵکوژییەکە نییە، لە سەر شێوازی ئەوەی هۆیگ، بەڵکوو باسێکە لەوەی کە چۆن توێژەران توانیویانە شوێنی هەردوو گوندەکە و مەیدانی دەوروبەری ئەو ئۆپەراسیۆنانە بدۆزنەوە کە لەلایەن فەوجی خۆبەخشانی کۆلۆرادۆی سێهەمەوە ئەنجام دراون. لە کاتێکدا بە توندی قسەیەکی مێژوویی نییە کە هیچ ڕووناکییەکی نوێ بخاتە سەر خودی کۆمەڵکوژییەکە، ئەو پرۆژەیەی باسی دەکات، پرۆژەیەکی گرنگ و بەرچاوە و نەک تەنیا لەمەودوا شوێنەکە پارێزراو دەبێت، بەڵام نەتەوەکانی شاین و ئاراپاهۆ دەتوانن بایەخی خۆیان هەبێت بۆ یادکردنەوە و داخستنی و ڕەنگە، پێوەرێکیشیان هەبێت بۆ چاکبوونەوە و ساڕێژبوون.

ئەڵقەیەک لە ئەزموونی خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەمریکا کە پێدەچێت هەرگیز کۆتاییەکەی بەدەست نەهێنابێت ئەویش شەڕی بیگهۆرنی بچووکە، کە شەڕ و پێکدادانێکی چەکداری بووە و لە ٢٥ – ٢٦ی حوزەیرانی ١٨٧٦دا لە نێوان هێزێکی یەکگرتووی لاکۆتا سیۆکس و جەنگاوەرانی شاینی باکووردا لە لایەک و سوپای حەوتەمی سوارەی ئەمریکادا لە لایەکی ترەوە بەرپابووە لە نزیک ڕووباری لیتڵ بیگهۆرن لە ناوچەی مۆنتانادا. شەڕەکە سەرکەوتنێکی سەرنجڕاکێش بووە بۆ لاکۆتا و شاینەکان، چونکە لەشکری حەوتەمی سوارە، کە بە فەرماندەیی جەنەراڵ جۆرج ئارمسترۆنگ کاستەر بوو بەتەواوەتی شکا و لەناوچوو. لەو کاتەوە مێژوونووسان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و شوێنەکانی تریش لەوە ڕادەمێنن کەوا چۆن بووە سەربازانی سوپایەکی مۆدێرن، تەنها دە ساڵ دوای شەڕی ناوخۆ، لەسەر دەستی ئەو خەڵکانەی کە لەو کاتەدا بە مرۆڤی ئاست نزم و سەرەتایی لەقەڵەم دەدران شکست بێنێت. بەهەرحاڵ، کۆمەڵێک خاسییەت ئەوە پیشان دەدەن کە فەوجی سوارەی حەوتەم خۆی لە دۆخێکی زۆر سەختدا بینیوەتەوە، تەنانەت پێش دەستپێکردنی شەڕەکەش.

 

لەبەر ئەوەی جینۆساید تاوانە، ئەدەبیاتی ئەکادیمی سەبارەت بە وێرانکاری لەناوبردنی جینۆسایدی گەلێ جار هاوڕێیە لەگەڵ قبووڵکردن یان ڕەتکردنەوەی پارتیزانی لەلایەنی قوربانی یان دانیشتووانی ئەنجامدەرەوە

 

بۆ دەستپێکردن، هەرچەندە ئەستەمە بە وردی ئەوە دیاری بکرێت کە هێزی ئەمریکییە ڕەسەنەکان چەند گەورە بووە و بەزۆری وا پێدەچێت کە ژمارەیان لە سوارەی حەوتەم زیاتر بووە بە ڕێژەی لانیکەم سێ بە یەک و (لە هەندێ قۆناغی شەڕەکەدا، تەنانەت زیاتریش بووە). بێجگە لەوەش، هەندێ لە هندییەکان بە تفەنگێکی پێشکەوتووتر لە سوپای سوارە چەکدار بوون، لەکاتێکدا ئەو ناوچەیەی کە شەڕەکەی تێدا قەوما، زیاتر لە بەرژەوەندیی لاکۆتاییەکان و شاینەکانی باکوور بوو. بێجگە لەوەش سەربازەکانی کاستەر ئەزموونی لێهاتوویی بارودۆخی شەڕیان نەبوو، و پێشتر لە دۆخێکی جەستەیی خراپدا بوون بەهۆی کەمخەوی و کەمبوونەوەی بەشە خۆراک کە بەهۆی هەڵمەتەکەوە دروست بووبوو. بە کورتی،  شەڕەکە لە بەرژەوەندیی ئەوانە بوو کە لە بەرانبەر سوپای سوارەی حەوتەمدا وەستابوون.

لە ناو ئەوانەی لە یەکەی کاستەردا خزمەتیان دەکرد، شانزە ئەفسەر و ٢٤٢ سەرباز کوژران یان بەهۆی برینەکانیانەوە مردن، کە لەنێویاندا خودی کاستەر خۆی بوو. لە دوای شەڕەکە هەوڵدرا ناسنامەی کوژراوەکان دیاری بکرێت، بەڵام زۆربەیان جلەکانیان لەبەر داماڵرابوو و جەستەیان شێوینرابوو و لە مەیدانی جەنگەکەدا بەجێهێڵرابوون. کاتێک هێزەکانی ئەمریکا دواتر چوونە  ناوچەکە، زۆرێک لە تەرمەکان بەزەحمەت ناسرانەوە، و بەسادەیی هەموویان بەکۆمەڵ نێژرابوون. پەنجا و دوو کەسی تر لە سوارەکان بە برینداری لە شەڕەکە ڕزگاریان بوو. بێگومان بە وردی و دیاریکراوی نەزانرا چەند کەس لە خەڵکە ڕەسەنە ئەمریکاییەکان کوژرابوون، بەڵام خەمڵاندنەکان لەنێوان سی و شەش تا سێسەد کەس بووە.

شەڕی بیگهۆرنی بچووک بە خێرایی بوو بە بەشێکی میللی و فۆلکلۆریی ڕۆژئاوایی لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، لە بابەتی شانۆنامە و ڕۆمان و توێژینەوەی ئەکادیمی. ئەوجا بەردەوام دەنگی سیۆکسەکانی لاکۆتا و شاینەکانی باکوور لە ئەدەبیاتدا فەرامۆش دەکرا و تەنیا بە شێوەیەکی عادەتیی ستێریۆتایپ یا هێمایی دەردەکەوت. لە بەرگی سێهەم شایەتی و ئیفادەی ئەمریکیییە ڕەسەنەکاندا سەبارەت بە شەڕی بیگهۆرنی بچووک، نووسەری دیار ڕیچارد گ. هاردفۆرد کتێبەکەی بە ناونیشانی “دیدی هندییەکەن لەبارەی شەڕەکەی کاستەرەوە: کتێبێکی سەرچاوە Indian Views of the Custer Fight: A Source Book”سی و هەشت چاوپێکەوتن و لێدوانی شایەتحاڵانی ئەمریکییە ڕەسەنەکانی کۆکردووەتەوە لەبارەی ڕووداوەکەوە. لێرەدا بیست و نۆ کەسی لاکۆتا سیۆکس و نۆ کەسی شاینی باکوور وردەکاریی ڕووداوەکەیان لای خۆیانەوە باس کردووە – کە لە نامەکان، گێڕانەوەی ڕۆژنامەکان، ڕاپۆرتەکانی سوپای ئەمریکا و دەستنووسەکان وەرگیراون. لێرەدا وەک زنجیرەیەک لێدوان و چاوپێکەوتن و گێڕانەوە سەرلەنوێ بڵاوکراونەتەوە و خوێندنەوەیان سەرنجڕاکێشە. لەکاتێکدا هەندێک لە چاوپێکەوتنەکان، بۆ نموونە، لە فۆرمی پرسیار و وەڵامدان، باس و گێڕانەوەکانی تر چیرۆکەکە بە شێوەیەکی بەرز دەگێڕنەوە. لەم باس و گێڕانەوانەدا ئەوە دەبینین کەوا کاستەر مامەڵەیەکی نموونەیی و ئاسایی “هندیی پیاوی سپی”دا کردووە و “دڕندە”  کە تەنیا بە خراپترین پاڵنەری خوێنڕێژەکان دەدرێت؛ بەڵکو پیاوان لە شەڕدا دەبینین کە ستراتیژی و پاڵنەرەکان و ڕێزیان بۆ دوژمنەکانیان هەبوو. تەنانەت لە بۆنەیەکدا، ئێرەیی و ناڕەزایەتییە بچووکەکان دەبینین کە دەتوانێت لە هەر جەستەیەکی چەکداردا دەربکەوێت کە بەپێی فەرمانی ئەو کەسانەی لەگەڵیاندا کار دەکەن هەمیشە هاوڕا نین. لەکاتێکدا دیدگاکانی هندی بۆ شەڕی کاستەر لە ناوەوە تایبەت نییە بە  ژانری توێژینەوەکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان، سەرەڕای ئەوەش، سەرچاوەیەکی سەرسوڕهێنەرە بۆ ئەوانەی هەوڵدەدەن بۆ تێگەیشتن لە شتێک کە فرەجار “لایەنەکەی تر”ی لەبیر دەکات ئەوەی لە مێژوودا بە ناوی “دواین هەڵوێستی کاستەر” هاتووە. هەم زانیارییە و هەم ئیلهامبەخش و زیادکردنێکی ستایشکەرە بۆ ئەدەبیاتی ئەوەی کە ڕوویدا و ڕۆژێکی چارەنووسساز بوو لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٨٧٦دا.

 

تێزی سەرەکی ئەندەرسن ئەوەیە کە ئەنگلۆ – ئەوروپی و تەکساسییە ئیسپانی زمانەکان (تێجانۆس Tejanos) خەریکی پیلانێکی ڕێکخراو بوون بۆ دەرکردنی ئەمریکییە گەلە ڕەسەنەکان لە تەکساس، یان بۆ قڕکردنیان

 

مایەی ئومێدە کە هاردفۆرد بەدوای بەرژەوەندیی خۆیدا بگەڕێت بۆ وەرگرتنەوەی ئەم فۆرمەی شایەتحاڵی بە شوێنکەوتنی چارەنووسی دواتری سوپای حەوتەمی سوارەی ئەمریکا بۆ ڕووداوەکان لە  وۆندد نی کریک Wounded Knee Creek و داکۆتای باشوور، لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ١٨٩٠دا. لەو کاتەدا، سوپای سوارەی حەوتەم، کە هێشتا لە شکست و دۆڕانەکەی لیتڵ بیگهۆرن چواردە ساڵ تێپەڕیبوو، دەرفەتەکەی قۆستەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆخی خۆی لەگەڵ سیۆکسەکانی کەوا بنکەیان لە وۆندد نی دانابوو. کۆمەڵکوژییەکەی دواتر کە حیکمەتی میللی پێی باشتر بووە ناوی ‘شەڕێکی’ لێبنێت، هەرچەندە ئەوەندە یەکلایەنە بوو کە ئەم زاراوەیە بەزەحمەت گونجاو بوو بۆی – دوا ڕووبەڕووبوونەوە لە پەیوەندی سێ سەدەی نێوان ئەمریکییە ڕەسەنەکان و سپیپێستە فرەوانخوازەکان لەسەر ئەوەی کە ئەمی دووەمیان بە “سنوور” ناودەبرد. سیۆکسەکان بێبەزەییانە تێکشکێنران، چونکە چوار چەکی هۆچکیس کە دەوری کەمپەکەیان دابوو، تەقەیان دەکرد و وەک دەغڵودان قوربانییەکانیان دەدوورییەوە و بە کەمتر لە کاتژمێرێک شەڕ و کوشتار کۆتایی هات. پاشان نزیکەی دوو لەسەر سێی سیۆکسەکان بوون بەقوربانی –  کە لانیکەم دووسەد کوژراو و برینداریان لێکەوت، ئەگەرچی زۆرێکیشیان هەر نەهاتنە ژماردن. سوپای ئەمریکا بیست و پێنج کوژراو و سی و نۆ برینداری دا. بەم پێیە “شەڕگەی” Wounded Knee یان ‘ئەژنۆی بریندار’ کۆمەڵکوژییەک بوو لە ژن و پیاو و منداڵان، کە دوا ئۆپەراسیۆنی گەورەی لە جۆری خۆی بوو لە ڕەوتی پەلکوتان و فراوانخوازیی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بەرەو ڕۆژئاوا.

ئەوجا لەبەر ئەوەی جینۆساید تاوانە، ئەدەبیاتی ئەکادیمی سەبارەت بە وێرانکاری لەناوبردنی جینۆسایدی گەلێ جار هاوڕێیە لەگەڵ قبووڵکردن یان ڕەتکردنەوەی پارتیزانی لەلایەنی قوربانی یان دانیشتووانی ئەنجامدەرەوە. هەندێ جار سکۆڵەرشیپی ئەکادیمیی جیددی یەکسەر جێبەجێ دەکرێت و نکووڵی کردنی بێ ئەملا و ئەولا  لەلایەن ئەوانەی کە وابەستەی تۆمەتەکانی جینۆساید بوون. لەوانەیە ئیددیعای ئەوە بکرێت سەبارەت بە داواکاریی هەڵە وەرگرتن و ساختەکردنی ئەنجامەکانی توێژینەوە، یان بەڵگەکان ڕەنگە وەک نادروست ڕەت بکرێتەوە.

وەڵامدانەوەی تا ڕادەیەک گەرم بۆ دەرکەوتنی لێکۆڵینەوەی گاری کلەیتۆن ئەندەرسن لە ساڵی ٢٠٠٥دا بە ناوی “داگیرکردنی تەکساس: پاکتاوی ئیتنیکی

لە خاکی بەڵێن پێدراودا، ١٨٢٠ – ١٨٧٥”.

The Conquest of Texas: Ethnic Cleansing in the Promised Land.

ئەندەرسن باسێکی زۆر ورد و دوورودرێژی لەبارەی سەرەتای مێژووی تەکساسەوە نووسیوە، بەڵام کاتێ بۆ یەکەمجار دەرکەوت، زۆرێک لە شرۆڤەکاران، بەتایبەتی لە ناو تەکساس خۆیدا، کەمێک زیاتر لە ڕوانگەیەکی نوێ و “لە ڕووی سیاسییەوە ڕاست” بۆ مێژووی لایەنداریی تەکساس پۆلێن کرد دژ بە نیشەجێبووانی سپی پێست کە یەکەمجار کۆماریان دروستکرد و پاشان ئەو ویلایەتەی کە ئەمڕۆ هەیە. هەندێکی تریش بە هەمان شێوە کتێبەکەیان بە هەوڵێک زانی لەلایەن ئەندەرسنەوە بۆ خولقاندنی ناوبانگێکی مشتومڕ ئامێز و بازرگانی لە مێژووی تەکساس بە شێوەیەکی لایەنگرانە. ئەمەش زیاتر لە لێکۆڵینەوەیەکی پێشکەوتووی فرەکولتووری پەیوەندییەکان دەچێت لە سەرەتای تەکساسدا و وا ئیددیعا دەکرا کە ئەندەرسن لەبری ئەوە کارێکی بەرهەمهێنابوو کە لە بنەمایەکی پڕ کەموکووڕییەوە سەرچاوە دەگرێت – واتە، لە دیدگای ئەمریکییە ڕەسەنەکانەوە لەسەر مێژووی سەرەتایی تەکساس هەرگیز بەڕاستی بایەخی نەزانراوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە.

 

ڕەنجەرەکانی تەکساس ئەو خەسڵەتەیان نەبوو کە ئەمڕۆ پێی دەگوترێت “شەرەفی جەنگاوەر”، و بە هۆی ئەمەشەوە زۆرجار بێڕێزییان پێدەکرا

 

تێزی سەرەکی ئەندەرسن ئەوەیە کە ئەنگلۆ – ئەوروپی و تەکساسییە ئیسپانی زمانەکان (تێجانۆس Tejanos) خەریکی پیلانێکی ڕێکخراو بوون بۆ دەرکردنی ئەمریکییە گەلە ڕەسەنەکان لە تەکساس، یان بۆ قڕکردنیان. کتێبەکەی ئەو پێناسەی هەڵمەتێکی بەرفرەوان و بە باشی ڕێکخراوە کە لەلایەن داگیرکەرانەوە جێبەجێ کراوە و تێیدا چارەکێکی کەمی پێدراوە. ئەمە بە ڕوونی کارێکی پێداچوونەوەخوازانە بوو کە دژایەتی زۆرێک لە ئەدەبیاتی پێشوەختەی تێدابوو لەسەر پەرەسەندنی ویلایەتی تەکساس لە ماوەی سەدەی نۆزدەهەمدا.

لە هەوڵی دامەزراندنی دۆسیەکەی و لابردنی ئەفسانەیی ڕۆمانسی مێژووی تەکساس، ئەندەرسن هەندێ جار دەبێتە تەڵەوە کە ڕەنگە وا باشتر بوو لێی دوور بکەوێتەوە. هەن بۆ نموونە بۆنەیەک کە ڕووداوە ئاڵۆزەکان و سیاسییەکان لەڕادەبەدەر ئاسان دەکات ژینگەی تەکساس لە ماوەی درێژخایەنی لێکۆڵینەوەکەیدا – نیو سەدە کە لەم ماوەیەدا گۆڕانکاریی گەورە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ڕوویدا. بۆ نموونە هەڵسەنگاندنی ئەندەرسن بۆ ئەو کەسانە وەربگرە کە گوایە بەرپرسیارن لە زۆر ڕووی وێرانکارییەکە، وەک یانەی ڕەنجەرەکانی (یان مەترسییەکانی) تەکساس Texas Ranjers. ئەو وەک کەسانێکی لە ژێر کۆنترۆڵ دەرچوو و میلیشیای خوێنڕێژ وەسفیان دەکات کە خەسڵەتی ڕزگارکەری کەمیان هەبوو و لەم بابەتەدا جیاوازییەکی ئەوتۆیان نەبوو لەگەڵ زۆرێک لەو میلیشیا ناڕێکخراوانەی کە بەمەبەستی دەستەبەرکردنی دەسەڵاتی ئەمریکا بەسەریاندا دامەزراون ئەو ناوچە و خاکانەی کە داوای نیشتەجێبوونی سپی پێستەکانیان دەکرد – خۆبەخشانی فەوجی سێهەمی کۆلۆرادۆ لە ساند کریک نموونەیەکی ترن لە نێو زۆرێکی تردا. شتێکی کەم لەم هەڵسەنگاندنەدا نوێیە: ئەویش ئەوەیە کە سەرەتای تەکساس بەڕاستی ڕەنجەرەکان کردەوەی بەربەرییان ئەنجامدا لە سەر سنوور. وەسفکردنی ئەندەرسن بۆ ڕەنجەرەکان وەک بکوژێکی بێوچان و بێبەزەیی پێویستە لە چوارچێوەی ئەو بەڵگانەدا  لەبەرچاو بگیرێت کە ئیددیعاکانی لەسەر بنیات دەنێت. ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر لەو گێڕانەوە نەرێنییە هاوچەرخانە پێکدێت کە لەلایەن ئەفسەرانی ئاسایی سوپای ئەمریکاوە بەرهەم هێنراون کە نافەرمی سەربازیی ڕەنجەرەکان و نەبوونی دیسیپلینی ڕواڵەتی پەسەند نەکرد. بەپێی ئەم جۆرە ڕاپۆرتانە، ڕەنجەرەکانی تەکساس ئەو خەسڵەتەیان نەبوو کە ئەمڕۆ پێی دەگوترێت “شەرەفی جەنگاوەر”، و بە هۆی ئەمەشەوە زۆرجار بێڕێزییان پێدەکرا. وا دیارە ئەندەرسۆن، هەیبووە زۆرێک لەم گێڕانەوانەی بە بەهای ڕووکەش وەرگرتووە و بەم کارەش پڕۆفایلی خۆی لە ڕادەیەکی زۆر لەسەر بنەمای سەرچاوە تاک ڕەهەندییە. مایەی سەرنجە ئەوە بزانین کە ئاخۆ مەودای سنوورەکان ڕەنگە سەرچاوەی فراوانتر بەرهەم بهێنن بۆ وێنەیەکی جیاواز لە ڕەنجەرەکان.

 

کۆڵۆنیالیزم، بە کاریگەریی خۆی لەسەر دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمریکا، دیسان بووەتە هۆکاری پێشەنگی سەرکوتکردنی زمان و ئایین و نەریتە میللییە ناوخۆییەکان

 

زیاد لەوەش، بە لەبەرچاوگرتنی بابەتەکەی، ئەندەرسن لەسەر زەمینەیەکی هەستیاردایە کاتێ کە زاراوەی مشتومڕئامێز دێنێتە ئاراوە وەک “پاکتاوی ئیتنیکی” و “‘کەمپەکانی کۆکرنەوە” – مەسەلەی مشتومڕئامێز بە هۆی نەبوونی هیچ جۆرە باسێکی تیۆریی قووڵ لەسەر ئەم چەمکەکانی سەدە بیستەمە لە پەیوەندییان بە ڕووداوەکانی سەدەی نۆزدەهەمەوە. لەوەش زیاتر، ئەو بەو ئەنجامە دەگات کە هەرچەندە ئەمریکییە ڕەسەنەکانی تەکساس ئەزموونی پاکتاوکردنی ئیتنیکییان کردووە، بەڵام ئەوان ئەزموونی جینۆسایدیان نەکردووە –  کە ئەو پێناسەی دەکات، بە پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتی کە بەم شێوەیە کە لە ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ساڵی ١٩٤٨دا هاتووە بۆ قەدەغەکردنی جینۆساید و سزادان لەسەر تاوانی جینۆساید،    1948 UN Convention on the Prevention and      Punishment of the Crime of Genocide

وەک “کوشتنی بەئەنقەست نزیکەی هەموو گرووپێکی ڕەگەزی، ئایینی، یان کەلتووری”.

کتێبەکەی ئەندەرسن لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان و گێڕانەوەیەکی پڕ وردەکاری نووسراوە و  گەلێ خاڵی ورد دەهێنێتەوە کە پێشتر ڕووناکیی ڕۆژیان نەبینیوە و لە کاری قورسی نێو ئەرشیفەکاندا لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکاندا سەرچاوە دەگرێت. لایەنگریی ئەندەرسن زۆر بە ئاسانی دیارە بۆ ئەوەی ئەم پێداچوونەوەیە ئاسوودە بکات، بەڵام وا باشتر دەبوو ئەگەر ڕێگەی دابا کۆی بەڵگە بەردەستەکان بۆ خۆیان قسە بکەن، نەک وەک ئەوەی هەندێ جار دەیکات کە بەزەحمەت خاڵەکەی بخاتە سەر. ئاخۆ فیلمی “داگیرکردنی تەکساس The Conquest of Texas” پشتگیری لە تێزی ناوەندیی خۆی دەکات کە پیلانگێڕییەکی یەکگرتووی دژە نەیتیڤەکان یان گەلە ڕەسەنەکانە لە سەرەتای تەکساسدا؟ لە ڕووکەشدا، ئەوە دەکات، هەرچەندە خوێندنەوەیەکی زۆر نزیکە لە سەرچاوەکان و کۆنتێکستەکان کە نووسەر بەپێی بنەمای دەرەنجامەکانی بە پەراوێزکەوتووی دادەنێت، لە ژمارەیەک بواری گرنگدا.

کۆڵۆنیالیزم جۆرێکە لە کۆنتڕۆڵکردن کە فرەجار خەسڵەتی دامەزراندنی کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی هەیە کەوا ئەنجامی ئاوارەبوون، تواندنەوە، یان لەناوبردنی ئەو کۆمەڵگایانەی لێدەکەوێتەوە کە پێشتر کۆمەڵگە ڕەسەنەکان بوون. لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ژمارەیەکی گەورەی دانیشتووان زێدی بنەڕەتیی خۆیان بەجێهێشت بۆ دەستپێکردنی کۆمەڵگەی گەشەسەندنی نوێ یان بۆ بەهێزکردنی ئەو خزمانەیان کە پێشتر لەوێ گیرسابوونەوە. ئەوان بەم کارەیان، دەستیان بەسەر ئەو خاک و وڵاتەدا گرت –  کە هەندێکجار بە شێوەیەکی دڕندانەی تەواو بوو – خاک و وڵاتێک کە پێشتر زێد و نیشتەجێی خەڵکە ڕەسەنەکانی ئەمریکا بوو. کۆمەڵکوژییە جینۆسایدییەکان ئەم خەڵکە ڕەسەنە هیچ کاتێک کەم نەبوون و ستەم یان پشتگوێخستنی بەردەوام لە چەندین حاڵەتدا هەبووە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش بەردەوامە. کۆڵۆنیالیزم، بە کاریگەریی خۆی لەسەر دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمریکا، دیسان بووەتە هۆکاری پێشەنگی سەرکوتکردنی زمان و ئایین و نەریتە میللییە ناوخۆییەکان، چون نیشتەجێبووە نوێکان بەدوای ئەو ڕێگایانەی چەسپاندنی دەسەڵاتیاندا دەگەڕان بۆ دوورخستنەوەی ئەوەی کە بە هەڕەشە تێدەگەیشتن لە بەردەم فرەوانکرنی زەوی و خاکی “ئەوان” لە خاکی نوێدا. تێچووی مرۆڤایەتیی ئەم کردەوەیە وێرانکەر و درێژخایەن بوو بۆ دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمریکی کە لەلایەن کۆڵۆنیالیستەکانەوە دەستیان بەسەردا گرتبوو و ئەو زامەی کەوا کراوەتە هەستی شوناس و بەهای خۆیان، لە زۆر حاڵەتدا، هێشتا هەر ساڕێژ نەبووەتەوە.

 

پەراوێز:

  1. لیۆ کوپەر، “جینۆساید: بەکارهێنانی سیاسی لە سەدەی بیستەمدا” (نیویۆرک: پێنگوین،١٩٨١).

 

سەرچاوە:

Episodes from the Genocide of the Native Americans: A Review Essay

Paul R. Bartrop

Head, Department of History, Bialik College, Melbourne, Victoria, Australia

ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی توێژەرانی جینۆساید

International Association of Genocide Sholars (IAGS)

گۆڤاری نێودەوڵەتیی توێژینەوەی جینۆساید و قەدەغەکردنی، ژمارە (٢)، ئابی ٢٠٠٧

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button