هه‌واڵ

زانیاری نوێ سەبارەت بەو کچەی تەرمەکەی لە دەربەندی ڕانیە دۆزرایەوە ئاشکرا دەکرێت

ئەو کچەی کە مانگی ئابی ڕابردوو تەرمەکەی لە ئاوی دەربەندی ڕانیە دۆزرایەوە کێشەی کۆمەڵایەتی هەبووە و گومان دەکرێت کوژرابێت.

ڕۆژی ٢١ی ئاب، پۆلیسی ڕاپەڕین دۆزینەوەی تەرمی کچێکی ٢٦ ساڵانی لە ئاوی دەربەندی ڕانیەدا ڕاگەیاند کە “سێ ڕۆژ بوو بێسەروشوێن بووبوو”. شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕانیە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەهەمان ڕۆژ ڕایگەیاند کە تەرمی کچەکەیان بۆ “پشکنینی زیاتر” ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کردووە  چونکە “گومان” لە شێوازی مردنەکەی هەیە.

دوای تێپەڕبوونی مانگێک لە رووداوەکە تاکو ئێستا پۆلیسی ڕاپەڕین ئامادە نییە زانیاری زیاتر ئاشکرا بکات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست زێدپرێس کەوتووە، کچەکە پێشتر داواکاری لەلایەن کوڕێکەوە بەناوی (ب.ب.ع) هەبووە بەڵام ماڵی کچەکە ڕازی نەبوون کچەکەیان شوو بەو کوڕە بکات چونکە پێشتر لەسەر هەمان بابەت لەگەڵ ماڵی کوڕەکە توشی کێشەی کۆمەڵایەتی بووبوون.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی کوڕەکە بە زێدپرێسی ڕاگەیاند کە چەند مانگێک پێش ئێستا، بنەماڵەی کچەکە، بەتایبەتی ئامۆزا و پورزاکانی کە یەکێکیان فەرماندەیەکی دیاری سەربازی سەر بە حیزبی دەسەڵاتە بە ناوی (ه،ک) لە ڕانیە هێرشیان کردۆتە سەر کوڕەکە و بەچەقۆ برینداریان کردووە. برینی کوڕەکە قورس بووە و بەئاستەم لە مردن ڕزگاری بووە.

ماڵی کوڕەکە هەوڵی زۆریان داوە کە کێشەکە بە سوڵحی عەشایەری چارەسەر بکەن بەڵام ماڵی کچەکە ڕەتیان کردۆتەوە چونکە ویستویانە کچەکە بەزۆر شوو بە یەکێک لە خزمە نزیکەکانی خۆیان بکات.

سەرچاوەکە وتی کە کچ و کوڕەکە زۆر یەکتریان خۆشویستووە و پەیوەندی نهێنیان هەر بەردەوام بووە بەڵام دواتر ماڵی کچەکە بە پەیوەندییەکەیان زانیوە و کێشەکە سەری هەڵداوەتەوە.

دوای مردنی کچەکە ماڵی کچەکە ڕایانگەیاندووە کە نەخۆشی دەرونی هەبووە بۆئەوەی ئابڕوی خۆیان بپارێزن.

هاوکات ماڵی کوڕەکەش ڕوبەڕووی هەڕەشە بونەتەوە و لەترسی ئەوەی خوێنی زیاتر نەڕژێت و ژیانیان سەلامەت بێت هەفتەی ڕابردوو “سەرجەمیان بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵهاتوون”.

بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ٢٠١٥ تا ٢٠٢١ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا ٢٨٤ ئافرەت خۆیان کوشتووە یان کوژراون. لەسەر ئەو بنەمایەش لە هەر سێ ڕۆژدا ژنێک لە هەرێمی کوردستان کوژراوە یان خۆی کوشتووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button