كۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

زیاتر لە ٨٨٪ی هەرزەکار و لاوانی هەرێمی کوردستان مۆبایلی زیرەکیان هەیە

زێدپرێس

زۆرینەی ڕەهای هەرزەکار و لاوانی هەرێمی کوردستان، خاوەنی ئامێری ئەلیکترۆنی و مۆبایلی زیرەکن. ڕێژەی زیاتر لە ٨٠٪یان لە گرووپی تەمەن ١٥-٢٤ ساڵ، ئینتەرنێت بەکاردێنن، بەڵام تەنیا ٤٧٪یان پێیان وایە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرنگی بە ئارەزووەکانی لاوان دەدەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دوواین ڕووپێوی نیشتمانی هەرزەکاران و لاوان لە هەرێمی کوردستاندا، لە ساڵی ٢٠١٩ و لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان، سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان و ئاژانسی سویدی بۆ هەماهەنگی و پەرەپێدان، ئەنجامدراوە.

بەشێکی ڕووپێوییەکە، بۆ پەیوەندی هەرزەکاران و لاوان لەگەڵ تەکنەلۆجیای زانیاری و گەیاندنی کۆمەڵایەتی تەرخانکراوە.

ڕووپێوییەکە، هەرزەکران و لاوان بۆ دوو گرووپی تەمەن ١٠-٣٠ ساڵ و گرووپی ١٥-٢٤ ساڵ دابەش دەکات.

 

 

پیشانی دەدات، کە بەڕێژەی ٨٤.٩٪ لە گرووپی یەکەم (١٠-٣٠) ساڵ و بەڕێژەی ٨٩.٨٪ی گرووپی دووەم (١٥-٢٤) ساڵ خاوەنی ئامێری ئەلیکترۆنیین. وا دەردەکەوت، کە زۆرینەیان مۆبایلی زیرەکیان هەیە؛ بەڕێژەی ٧٨.٨٪ لە گرووپی یەکەم و ٨٨.٨٪ لە گرووپی دووەم. لەکاتێکدا تەنیا بەڕێژەی ٢٥.٤٪ لە گرووپی یەکەم و ٢٩.٣٪ی گرووپی دووەم خاوەنی ئامێری کۆمپیوتەرن. هێشتا بەڕێژەی ٣٧٪ لە گرووپی یەکەم و ٢٥.٩٪ی گرووپی دووەم هیچ زانیارییەکیان لەسەر بەکارهێنانی کۆمپیوتەر نییە.

 

 

 

بەشی تەکنەلۆجیای زانیاری و گەیاندنی کۆمەڵایەتی

وەک ڕووپێوییەکە ڕوونی دەکاتەوە، زۆرینەی هەرزەکاران و لاوانی هەرێمی کوردستان ئینتەرنێت بەکاردەهێنن؛ بەڕێژەی ٧٢٪ی گرووپی یەکەم و ٨٠.٧٪ی گرووپی دووەم. تێکڕای ژمارەی کاتژمێرەکانی بەکارهێنانی ئینتەرنێت ڕۆژانە ٣ كاتژمێر بۆ گرووپی یەکەم و ٣ كاتژمێر و ٢٤ خوله‌ك لە گرووپی دووەم تۆمارکراوە. بەنزیکەی یان زیاتر لە نیوەی هەرزەکاران و لاوان لە هەرێمی کوردستان، کە ئینتەرنێت بەکاردەهێنن، تەنیا بەمەبەستی کاتبەسەربردن بەشداری لە کۆڕبەند و گفتوگۆ لەڕێگەی تۆڕەکانی ئینتەرنێتەوە دەکەن؛ ڕێژەی ٤٩.٣٪ی گرووپی یەکەم و ٥٠.٤٪ی گرووپی دووەم.

 

 

ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری

بەشێکی دیکەی ڕووپێوییەکە، بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری تەرخانکراوە. هەرچەند، وەک لە سەرە ڕوونکرایەوە، زۆرینەی ڕەهای هەرزەکاران و لاوان لە هەرێمی کوردستاندا ئینتەرنێت بەکاردێنن، بەڵام کەمتر لە نیوەیان پێیان وایە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرنگی بە ئارەزووەکانی لاوان دەدەن؛ بەڕێژەی ٤٦.٦٪ لە گرووپی تەمەن ١٥-٣٠ ساڵ و بەڕێژەی ٤٧.٣٪ لە گرووپی تەمەن ١٥-٢٤ ساڵ.

لەم بەشەدا، هەرزەکاران و لاوان بۆ دوو گرووپی تەمەن ١٥-٣٠ ساڵ و گرووپی تەمەن ١٥-٢٤ ساڵ پۆلێنکراون.

زیاتر لە لاوان و هەرزەکارانی هەرێمی کوردستان سەیری کەناڵە ئاسمانییە ناوخۆییەکان دەکەن؛ ڕێژەی ٦٩.٩٪ی گرووپی یەکەم و ٦٩.٥٪ لە گرووپی دووەم. ڕێژەیەکی زۆر کەمتر سەیری کەناڵە ناوخۆییەکان دەکەن؛ ٣٦.٩٪ی گرووپی یەکەم و ٣٦.٤٪ی گرووپی دووەم. هەرچەند کەناڵە ناوخۆییەکان زیاتر بە پەخشکردنی فیلم و دراما دەناسرێنەوە، بەڵام ڕێژەی ئەو هەرزەکار و لاوانەی سەیری فیلم و دراما دەکەن، زۆر زیاترە لەوانەی سەیری کەناڵە ناوخۆییەکان دەکەن؛ ڕێژەی ٦٧.٧٪ی گرووپی یەکەم و ٧٠.٢٪ی گرووپی دووەم. وا دەردەکەوێت، زیاتر لەڕێگای ئینتەرنێتەوە سەیری فیلم و دراما دەکەن یان یان لە ڕێگەی کەناڵە ئاسمانییە بیانییەکان و هەروەها لەڕێگەی ماڵپەڕەکانی تایبەت بە فیلم و دراما.

 

 

ژمارەیەکی زۆر کەمتر لە هەرزەکاران و لاوان تەماشای بەرنامەکانی وەرزشی دەکەن؛ ڕێژەی ٢١.٥٪ی گرووپی یەکەم و ٣٣.٢٪ی گرووپی دووەم.

هەرچەند زیاتر لە نیوەی هەرزەکاران و لاوانی هەرێمی کوردستان دەخوێننەوە: بەڕێژەی ٥٤.٨٪ی گرووپی یەکەم و ڕێژەی ٥٥٪ی گرووپی دووەم، بەڵام مەودایەکی کەم هەیە لەگەڵ ژمارەی ئەوانەی ناخوێننەوە؛ ڕێژەی ٤٥.٢٪ی گرووپی یەکەم و ٤٥٪ی گرووپی دووەم.

 

 

هێشتا، زیاتر لە نیوەی ئەوانەی دەخوێننەوە؛ ڕێژەی ٥٠.٣٪ی گرووپی یەکەم (١٥-٣٠ ساڵ) لەڕێگای ئینتەرنێتەوە دەخوێننەوە، لەکاتێکدا ڕێژەی ٤٧.٦٪ی هەرزەکاران و لاوان لە گرووپی دووەم (١٥-٢٤ ساڵ) لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە دەخوێننەوە. لەکاتێکدا وەک لە خشتەی یەکەمدا ڕوونکرایەوە، بەڕێژەی زیاتر لە ٨٠٪ی هەرزەکاران و لاوانی تەمەن ١٥-٢٤ ساڵ ئینتەرنێت بەکاردەهێنن، بەڵام نزیکەی نیوەیان ناخوێننەوە.

هێشتا، وا دەردەکەوێت، ئینتەرنێت دەرفەتێکی کراوەی بۆ خوێندنەوە ڕەخساندبێت، لەکاتێکدا بەڕێژەی ٧٨.٢٪ی هەرزەکاران و لاوانی هەرێمی کوردستان ناچنە کتێبخانە گشتییەکانەوە.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...