ژینگه‌
ئاراستەکان

باخچەی ئاژەڵان زیندان نییە

ئایا ئاژەڵانی باخچەكان زیندانین؟ ئەم وتارە لە ڕاستی ئەو پرسیارە دەكۆڵێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی باخچەی ئاژەڵانی مۆدێرن.

نووسەر: فلیپ جەی. كڕۆیس

وەرگێرانى لە ئینگلیزییەوە: شکۆ شێرکۆ

 

لەبەرچی ئاژەڵانی باخچەكان بەندی نین؟

زۆرجار گوێبیستی دەربڕینی “زیندانیكراو” دەبین لە لایەن ئەوانەی دژی باخچەی ئاژەڵانن، لە هەمان كاتدا ئەوانەی پاڵپشتی باخچەی ئاژەڵانیشن ناویستەكییانە بەكاری دەهێنن. ئەو واژەیە سەری هەڵدا كاتێك باخچەی ئاژەڵان وەك زیندان دەردەكەوت بۆ ئەوانەی لە دەرەوە سەیریان دەكرد: سێ دیواری داخراو و دەرگایەكی ئاسنین لە پێشەوە. بەڵام، ئەو دیزاینانە پەیتا پەیتا كەم دەبنەوە و چەندان دەیەیە شێوەی باخچەی ئاژەڵانی مۆدێرنیان پێك نەهێناوە. وێنەی زیندانی دەمێكە لە وەسفی باخچەی ئاژەڵانی مۆدێرن بەكار نایەت.

 

ئێستا باخچەی ئاژەڵانی مۆدێرن، وەك كۆنسێرڤەشنستێكی (پارێزەرانی ژینگە و ژیانی سروشتی) سەرەكی ڕۆڵ دەبینن، لە هەمان كاتیشدا پەروەردەی ژینگەیی پەرە پێ دەدەن

 

ئێستا باخچەی ئاژەڵان تەنیا پیشانگەیەكی ئاژەڵانی كێوی نییە، بەڵكوو زیاتر بەرەو بوون بە باڵیۆزخانەیەكی ئەو ئاژەڵانە پەرەی سەندووە، بە جۆر و ژینگە جیاوازییەكانیانەوە. وەك كۆنسێرڤەشنستێكی (پارێزەرانی ژینگە و ژیانی سروشتی) سەرەكی ڕۆڵ دەبینن، لە هەمان كاتیشدا پەروەردەی ژینگەیی پەرە پێ دەدەن. ئەوە وای كردووە ببن بە دامەزراوەی جێ نەگیراوە، كە بە زوویی پێویستن لە شەشەمین لەناوچوونی مەزنی جۆرەكانی ئاژەڵان (“لەناوچوونی شەشەم”)، بۆ ئەوەی بەتەواوی پارێزگاری لە ژیانی سروشت بكرێت.

 

تایبەتمەندییە بنەڕەتییەكانی زیندانیبوون

بە كورتی، زیندانیبوون مانای سنوورداركردنی بژاردەكانە لە زیانی یەكێك. مرۆڤێك زیندانی دەكرێت بۆ ئەوەی سزا بدرێت لەڕێی ئەزموونكردنی بێ دەسەڵاتییەوە و سەندنەوەی ئیمتیازە گشتییەكانەوە. ئەو سزادانە لە بەرگی سنوورداركردنی ناوچەی چالاكی و گەمارۆدانی لە هەندێك بوارەكانی ژیان خۆی دەبینێتەوە -زیندانییەكە چی دیكە “ئازاد” نییە. ئەوە سنوورداركردنێكی ڕوون و دیارە، سزایەكەش خۆی لە ئەزموونكردنی دۆخەكە بەرجەستە دەكات.

بۆیە، دەتوانین دوو تایبەتمەندی زیندانیبوون دەست نیشان بكەین:

  • سنوورداركردنی بژاردەكان
  • سەندنەوەی ئیمتیازە گشتییەكان لە تاكەكە

 

ئازادیی ئاژەڵان

بەدڵنیاییەوە گریمانەیەك بۆ كۆنسێپتی ئازادی، بیركردنەوە لەوەیە هەست بە “دەستبەسەری” بكرێت. ژینگەی زیندووی ئاژەڵانی “ئازاد” بە گشتی كارتێنەكراوە بە كاریگەرییەكانی بوونەوەری زیندووی دیكە یان دۆخە سروشتییەكان. نەهەنگێكی ئۆركا، كە زۆربەی كاتەكانی خۆی بەسەر دەبات بە گەڕان بەدوای هەر تاك ماسییەك كە پێویستییەتی بۆ بەردەوامبوونی لە ژیان، ئەزموونی ئازادی ناكات، چونكە بڕیاری خۆی نییە بۆ ئەوەی بە بەردەوامی بەدوای خۆراكدا بگەڕێت: هیچ هەڵبژاردەیەكی دی نییە، دەبێت بخوات یان دەمرێت. ئەوە حاڵەتێكی تەواو جیاوازە بۆ دانیشتوویەكی شار، كە بەیانی سەرەهەفتان، بۆ تێركردنی خوولیای خۆی سەردانی گۆمێك دەكات بۆ ماسی گرتن.

 

ناوچەی چالاكی ئاژەڵان لە سروشتدا پێوەست نییە بە بابەتی تەندروستییانەوە، بەڵكوو هەوڵێكە بۆ مانەوەیان لە ژیان

 

سنوورە سروشتییەكان زۆربەی نادیارن -بە پێچەوانەی زیندانیبوون. ناوچەی چالاكی ئاژەڵان لە سروشتدا پێوەست نییە بە بابەتی تەندروستییانەوە، بەڵكوو هەوڵێكە بۆ مانەوەیان لە ژیان. مەودای چالاكییان كاری تێدەكرێت بە فاكتەرەكانی وەك بەردەستی خۆراك، هەبوونی دوژمنی سروشتی، یان دۆخی تر كە بەسەر مرۆڤدا ناسەپن. مرۆڤ توانیویەتی خۆی لە زۆر ئەو فاكتەرە سنوورداركەرانە ئازاد بكات؛ دانیشتووی شار خەمی دۆزینەوەی خۆراكی نییە -دەچێت بۆ نزیكترین سوپەر ماركێت و لە نیو كاتژمێر هەمان ئەو شتە دەكات كە ئۆركایەك چەندان كاتژمێری ڕۆژەكەی بۆ تەرخان دەكات. لە ژێر ئاو، ئۆتۆمبێلی لێ نییە بۆ ئۆركاكان، بۆ ئەوەی بیانبات بۆ لای ماسی فرۆشێك، ئەویش هەموو ئەو شتانەی پێویستییانە بۆ مانەوە لە ژیان بۆیان بەردەست بخات.

ئەو فۆڕمە ئازادییە هیچ بەشێك لە ئەزموونی ژیانی ئاژەڵانی كێوی پێك ناهێنێت، هیچ نیشانەیەكیش نییە خواستی ئەوەیان هەبێت یان هەر بیرۆكەیەكیان لەبارەوەی هەبێت. ڕێكخراوی باخچەكانی ئاژەڵان (VdZ) بەم شێوەیە ئەوە ڕوون دەكاتەوە: “ئازادیی پێویستییەكی ئاژەڵان نییە. لە بنەڕەتدا، ئازادی لە سروشتدا زۆر سنووردارە. هۆكارەكانیش بۆ ئەوە بریتین لە (بە بەراورد لەگەڵ مرۆڤ) پلەی نزمتری چالاكی مێشك، هەروەها كۆمەڵێك هۆكاری ناوەكی و دەرەكی دیكە. بەهەرحاڵ، ئەو ئاژەڵانەشی لەژێر خاوەندارێتی مرۆڤەكانن، دەبێت لە هەر حاڵێكدا پەرژین و شوێنی مانەوەیان بە شێوەیەك دیزاین كرابێت، كە گشت پێویستییە سەرەتاییەكانیان دەستەبەر بكات، هەروەها ڕەفتارەكانیشیان لەبەرچاو بگرێت.”

 

سنوورەكانی ژینگە دروستكراوەكانی باخچەكانی ئاژەڵان

زۆربەی ئاژەڵان مەودایەكی بچووكی چالاكییان هەن لە باخچەكانی ئاژەڵان بە بەراورد لەگەڵ سروشت -بێگومان ئەوە ڕوونە. بەڵام ئەوە بە زیانی ئاژەڵەكە ناشكێتەوە، چونكە زۆربەی جار، بە ناچاری و دوور لە ویستی سەربەخۆ، چەندان كیلۆمەتر دەبڕێت ئەگەر لە دەرەوە بێت. بۆیە دەكرێت نەهەنگێكی بكوژ لە مەودایەكی سنوورداركراوی چالاكی بهێڵدرێتەوە، بێ ئەوەی لە بەرژەوەندییەكانی كەم بكرێتەوە. ئەو ماسییەی كە بۆ ژیان پێویستییەتی وەری دەگرێت، پێویستیش ناكات توانایەكی زۆر خەرج بكات لە هەوڵدان بۆ دەستكەوتنی -هەلومەرجێك كە زۆرینەی مرۆڤەكانیش چێژی لێدەبینن. بەدەر لەوە، جۆرێتیی خواردنەكانی باخچەی ئاژەڵان زۆرجار باشترن -پیسبوونی زۆری ماسییەكان لە جۆرێتیی ماسییەكانی زۆربەی ناوچەكانی ڕاوكردن لە سروشتدا كەم دەكاتەوە. باخچەی ئاژەڵان توانای ئەوەی هەیە، بە بەراورد، ماسی پاكتر پێشكەش بە نەهەنگەكان بكات.

ئەو بنەمایە بەسەر ئاژەڵانی دیكەش پێڕەو دەبێت. باخچەی كۆڵۆن بۆ فیلەكان لە ئەڵمانیا وەك نموونە، باخچەكە بە شێوەیەكی سروشتی دیزاینكراوە، هەروەها بەگوێرەی پێویستییەكانی ئاژەڵە خاوەندارێتیكراوەكان دروستكراوە. ئەوە مانای ئەوە نییە ناوچەی چالاكیی فیلە كێوییەكان بەتەواوی لەبەر بگیرێتەوە، چونكە هیچ فیلێكی باخچەی ئاژەڵان پێویستی بە مەودایەكی چالاكی ئەوەندە فرەوان نییە بە بەراورد لەگەڵ فیلە كێوییەكانی دەرەوە. زۆربەی جار حەزی پیاسەكردن نییە وا دەكات ئاژەڵان مەودایەكی دوور ببڕن.

 

باخچە مۆدێرنەكان پەرژینێك پێشكەشی ئاژەڵان دەكەن، كە بەپێی پێویستییەكانیان لەژێر خاوەندارێتیی مرۆڤ ڕێكخراوە، نەك پەرژینێك كە لە هەمان كاتدا ناچاریان بكات دووبارە هەمان ئەو شتانە بكەنەوە كە ئاژەڵەكانی دەرەوە دەیانكەن

 

چاودێریكردن، ئاڕاستەكردن و هێشتنەوەی ئاژەڵان لە باخچەكانی ئاژەڵان بە مانای سازان دێت، بەڵام سازانێك لە بەرژەوەندی ئاژەڵەكە. باخچە مۆدێرنەكان پەرژینێك پێشكەشی ئاژەڵان دەكەن، كە بەپێی پێویستییەكانیان لەژێر خاوەندارێتیی مرۆڤ ڕێكخراوە، نەك پەرژینێك كە لە هەمان كاتدا ناچاریان بكات دووبارە هەمان ئەو شتانە بكەنەوە كە ئاژەڵەكانی دەرەوە دەیانكەن. بۆیە، سنوورداركردنی ژینگەكانی باخچەی ئاژەڵان لە زیانی ئاژەڵەكاندا نییە.

 

سەندنەوەی سەربەستی؟

بێگومان زیندانی بژاردەی ژیان لە دەرەوەی لێ سەندراوەتەوە. بۆ زۆربەی ئاژەڵانی باخچەكان ئەوە بژاردەیەكی جددی نییە. بۆ ئەو ئاژەڵانەی لەناو باخچەكان لەدایكبوون، ڕەنگە ژیان لە دەرەوە هەر بژاردەیەك نەبێت، بەهۆی نەبوونی ئەو كارامەییە گرنگانەی كە زامنی ڕزگاربوونیان دەكەن لە دەرەوە. یەكێك لە نموونەكان دۆلفینەكانن؛ هیچ یەكێك ناتوانێت ڕاوكردنی بە كۆمەڵ فێری ئاژەڵێكی باخچەی ئاژەڵان بكات، تاوەكوو ئێستاش نەتوانراوە. تەنانەت لە حاڵەتی ئاژەڵانی ڕزگاركراویش، ئاژەڵەكە ڕەنگە كارامەیی گرنگ بۆ ژیان لە دەرەوە فێر نەبووبێت، یان بەهۆی نەخۆشییەكەوە، كارامەییەكانی لەدەست دابێت -ئەوەش گەڕاندنەوەی ئاژەڵەكان بۆ سروشت دەكاتە كارێكی ناپەسەند، بە هەمان شێوەی زۆر بەستنەوەیان بە مرۆڤەكانەوە. كەوایە ئەو ئاژەڵانە ئازادیان پێ دەدرێت ئەگەر نەگەڕێنرێنەوە بۆ ژینگەكانی دەرەوە؟ نەخێر، چونكە “ئازادی” تەنانەت بژاردەیەكیش نییە كە ڕێی تێبچێت بۆ ئەو ئاژەڵانە. كەواتە ناتوانیت ئازادییان لە بنەڕەتدا قۆرخ بكەیت -حاڵەتێكی تەواو جیاوازە لەگەڵ ئەوەی زیندانییەكە.

 

گەڕاندنەوە بۆ سروشت

پڕۆژەكانی گەڕاندنەوە بۆ سروشت هەندێك جار لە لایەن ئەوانەی دژی باخچەی ئاژەڵانن بەكار دەهێنرێن لە دژی بیرۆكەی باخچەی ئاژەڵان. بەسەركەوتوویی گەڕاندنەوەی ئاژەڵان بۆ سروشت گریمانەی ئەوە دروست دەكات، كە ئاژەڵەكان پێویست ناكات لە باخچەكان بژین، دەتوانرێت بەرەڵاش بكرێن. هەر چۆنێك بێت، ڕاستییەكەی، گەڕاندنەوە هێندە ئاسانیش نییە، هەموو جارێكیش پێویستە حاڵەتەكە بە سەربەخۆیی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و جیا بكرێتەوە لەگەڵ ئەوانی دی.

بۆ ئەوەی ئاژەڵێك بگەڕێنرێتەوە، دەبێت پشكنینی بۆ ئەنجام بدرێت بۆ هەڵسەنگاندنی توانای. تەنانەت ئەگەر هەندێك لە ئاژەڵانی هەمان جۆر بە ئەنجامی ئەرێنی بەو پاڵاوتنانە تێپەڕ ببن، مانای ئەوە نییە بتوانرێت ئەنجامەكان بۆ گشت ئاژەڵەكانی دیكەی هەمان جۆر بەكار بهێنرێن.

پڕۆژەكانی گەڕاندنەوە لە هەمان كاتدا وەك بەشێك لە پڕۆژەكانی پاراستنی سروشت و جۆرەكانی ئاژەڵ جێبەجێ دەكرێن. تەنیا كاتێك كار دەكەن ئەگەر كۆمەڵەیەكی دیاریكراو و خۆگونجێن بگەڕێنرێنەوە. بە هەمان شێوە، ناكرێت فشارێكی زۆر بخرێتە سەر ئیكۆسیستەمەكان بە ژمارەیەكی زۆر لە ئاژەڵان -بە دەربڕینێكی دیكە، پێویستە هێندەی پێویست ژوور هەبن بۆ ئاژەڵەكان. ناوچە پارێزراوە ماوەكان مەرج نییە پەرە بە پاراستنی سروشت و ئاژەڵەكان بدەن.

 

گرنگە ئەو ئاژەڵانەی بە “یەدەگەكان” ناویان دەبەن، لە باخچەكان بهێڵدرێنەوە بۆ ئەوەی ژمارەكانی ئاژەڵە كێوییەكان بەرەو زیادبوون بچێت

 

زۆربەی ئاژەڵانی باخچەكان هەڕەشەیان لەسەرە و لە دۆخێكدان كە كەم و زۆر خراپە وەك لەوەی باش بێت. دەبێت بەگوێرەی ئاستی مەترسی، بیرۆكەكانی گەڕاندنەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بكرێت. تەنانەت ئەگەر ئێستا هیچ گەڕاندنەوەیەك نەبێت، كە پێویستن یان ڕێیان تێدەچێت، گرنگە ئەو ئاژەڵانەی بە “یەدەگەكان” ناویان دەبەن، لە باخچەكان بهێڵدرێنەوە بۆ ئەوەی ژمارەكانی ئاژەڵە كێوییەكان بەرەو زیادبوون بچێت.

هەرچەندە بەبێ گەڕاندنەوەش، ئاژەڵەكان وەك باڵیۆزی جۆرەكانی خۆیان ڕۆڵ دەبینن لە بواری پەروەردە و توێژینەوە، ئەوەش سوودی دەبێت لە پاراستنی ئاژەڵانی هەمان جۆری دەرەوەی باخچەكان. بۆیە ئاژەڵانی باخچەكان زیندانی پیشاندراوی جۆرەكانی خۆیان نین، بەڵكوو جۆر و ژینگەكانی خۆیان نزیكتر دەكەنەوە لە كۆمەڵگە، كە بەرە بەرە لە سروشت دوور دەكەوێتەوە، لە ڕۆڵی نوێنەر یان باڵیۆزدا. ئەوان بە خۆشەویستی و ڕێزی زۆرەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت -پێزانینێك كە زیندانی تەنیا دەتوانێت خەونی پێوە ببینێت.

 

بەرەنجام

چاودێریكردنی ئاژەڵان لە چوارچێوەی باخچەكان پێناسەی زیندانی بەسەردا جێبەجێ نابێت. ئاژەڵان بەندی باخچەكانی ئاژەڵان نین، بەڵكوو باڵیۆزی جۆرەكانیانن، كە لەوانەیە لە سروشتدا نەتوانن بژین، یان هیچ ژینگەیەكی لەبار بۆیان بەردەست نییە، كە تێیدا سوودیان لێ وەربگیرێت لە بەرژەوەندی خۆیان یان ئیكۆسیستەمەكە.

لە كۆمەڵگەیەكی دابڕاو لە سروشت، هەروەها لەبەرانبەر شەشەمین لەناوچوونی مەزنی جۆرەكانی ئاژەڵان، باخچەكان باڵیۆزی گرنگی ژینگە كێوییەكانن، كە پاڵپشتی و پارێزگاری لە چەندان ئاست پێشكەش دەكەن. ئەگەر تاوەكوو ئێستا بوونیان نەبێت، ئەوا دەبێت دابهێنرێن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...