هه‌واڵ

ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پرسی مووچە کۆدەبێتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و سێ‌ تەوەری سەرەكی گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت‌.

 

ئەمڕۆ چوارشەم، ١٣ی ئازاری ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان كۆدەبێتەوە.

بەگوێرەی خشتەی كاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، یەكەمین تەوەری كۆبوونەوەكە، تایبەت دەبێت بە سەردانی شاندەكەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریكا و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، لەم تەوەرەدا گفتوگۆ لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامانی حكوومەتەكەی دەكرێت.

هەر بەپێی كارنامەكە، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی ڕاپۆرتێكی تایبەت بە جێبەجێكردنی (ستراتیژی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان-عێراق) كە پێشتر لەلایەن ئەنجوومەنەكەوە پەسند كرابوو، دەخرێتەڕوو.

بەشێكی دیکەی كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیران، تایبەت دەبێت بە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، لەلایەن وەزیری داراییەوە هەنگاو و ڕێكارەكانی ئەمدواییانەی وەزارەتەكە و لایەنە پێوەندیدارەكان دەخرێنەڕوو، تایبەت بە مووچەی موووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ژێر ڕۆشنایی دواین پێشهات و گۆڕانكارییەكان دەخرێتەڕوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەی حکوومەتی هەرێم سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ چوارشەم، هیچ ئاماژەیەک بە بەشداریکردنی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا نەکراوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button