مەسرور بارزانی: هەندێک کەس و لایەن بازرگانی بە شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن
ئەو گوتانەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پەیامێکدا هات، کە ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٠ی ئازاری ٢٠٢٤ بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە بڵاویکردەوە.
دەقی پەیامەکە:
بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی 2724، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کوردستانییان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەس و کار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم و هیوای شادی و کامەرانییان بۆ دەخوازم.
نەورۆز بۆ خەڵکی کوردستان، هەمیشە هێمای سەرکەوتن و ئازادی و وەستانەوە بووە بەڕووی ستەمکار و زۆرداران و دەستپێکی ژیان و سەردەمێکی نوێیە.
ڕێز و پێزانینی زۆرم بۆ خەڵکی خۆڕاگری هەرێمی کوردستان هەیە، کە بەداخەوە بوونەتە قوربانیی گەمەی سیاسیی هەندێک کەس و لایەن کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بازرگانی بە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن، بەڵام دڵنیاین دواجار خواست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان لە پێناو ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانە هەر سەردەکەوێت. هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی هەموو ناخۆشی و ستەم و بێدادییەک بێت کە بەرانبەر گەلی کوردستان دەکرێت.
نەورۆزتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە خۆشی و شادیدا بژین.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/3/20