هه‌واڵ

پەیامێک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، “ئه‌گه‌ر هیچ دادپه‌روه‌رییه‌ك هه‌بووایه‌، ته‌نیا جینۆسایدی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌لی كوردستان، بناسرێن”.

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراق بڵاوکردەوە، کە تیایدا دەڵێ: “ئه‌گه‌ر هیچ دادپه‌روه‌رییه‌ك هه‌بووایه‌، ته‌نیا جینۆسایدی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌لی كوردستان، بناسرێن”.

سەرۆکی هەرێم، هەر لە پەیامەکەیدا پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات، کە “پێویسته‌ حكوومه‌تی عێراق هه‌موو ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كان و دادپه‌روه‌ری بۆ قوربانییان جێبه‌جێ بكات. له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش ده‌بێ كار بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز ڕێگه نه‌درێت تاوان و كۆمه‌ڵكوژیی ئاوا له‌ هیچ شوێنێك دووباره‌ ببنه‌وه‌”.

 

دەقی پەیامەکە:

له‌ (٣٦)هه‌مین ساڵیادی مه‌رگه‌سات و تاوانی سامناكی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا، سه‌ری ڕێز نه‌وازش بۆ گیانی پاكی زیاتر له‌ پێنج هه‌زار شه‌هیدی هه‌ڵه‌بجه‌ و ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان داده‌نوێنین، به‌ ڕێز و شكۆدارییه‌وه‌ یادیان ده‌كه‌ینه‌وه‌، سڵاو بۆ خێزان و كه‌سوكاریان و بۆ هه‌موو ئه‌و قوربانییانه ده‌نێرین كه‌ هێشتا به‌ شوێنه‌وار و پاشماوه‌ و نه‌خۆشییه‌كانی ئه‌و تاوانه‌وه،‌ ده‌ناڵێنن.‌

كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌ڵقه‌یه‌كه‌ له‌ زنجیره‌یه‌ك تاوان و جینۆساید و ئه‌نفال و زینده‌به‌چاڵكردن كه‌ زۆر دڕندانه‌ ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی سته‌ملێكراوی ئاشتیخواز و ژیاندۆست و مرۆڤپه‌روه‌ری كوردستان كراوه‌، ته‌نیا گوناهیشی ئه‌وه‌ بووه‌ له‌ وڵاتی خۆیدا داوای ماف و ژیان و ئازادی و شكۆمه‌ندی كردووه‌. ئه‌گه‌ر هیچ دادپه‌روه‌رییه‌ك هه‌بووایه‌، ته‌نیا جینۆسایدی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌لی كوردستان، بناسرێن.

له‌م یاده‌دا جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌بێ هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌یییه‌كان و ته‌واوی قوربانییانی جینۆساید و ئه‌نفال و تاوانه‌كانی ڕژێمی پێشوو له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌، له‌ هه‌موو بواره‌كانیشدا باشترین خزمه‌ت بكرێن. بۆ ئه‌مه‌ پێویسته‌ حكوومه‌تی عێراق هه‌موو ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كان و دادپه‌روه‌ری بۆ قوربانییان جێبه‌جێ بكات. له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش ده‌بێ كار بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز ڕێگه نه‌درێت تاوان و كۆمه‌ڵكوژیی ئاوا له‌ هیچ شوێنێك دووباره‌ ببنه‌وه‌.

ده‌ستكه‌وته‌كان و قه‌واره‌ی سیاسی و ده‌ستووریی فیدڕاڵیی هه‌رێمی كوردستان، به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدان و قوربانیدانی گه‌لی كوردستانن به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌، بۆیه‌ ئێستاش ئه‌ركی هه‌مووانه‌ به‌ یه‌كڕیزی و ته‌بایی بیانپارێزن و گیانی شه‌هیدان و دڵی خێزان و كه‌سوكاریان شاد بكه‌ن، تا پێكه‌وه‌ به‌ره‌و داهاتوویه‌كی باشتر و ئارام و پارێزراو هه‌نگاو بنێین.

 

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

2024/3/16

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button