سێیەمین تووشبووی ڤایرۆسی تای خوێنەربوون تۆمارکرا

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی، تووشبووەکە ئافرەتێکی تەمەن ٢٧ ساڵ و دانیشتووی (بەعاج)ی سەر بە پارێزگای مووسڵە.
وەزارەتی تەندروستی دەڵێ: “دوای دەرکەوتنی نیشانەکانی، ڕوو لە شاری هەولێر دەکات بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری، بەهۆی بوونی نیشانەکان و گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی دەگیرێتە بەر، ئێستا لەشاری هەولێر لەژێر چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت”.
تا ئێستا دوای بوونی چەندین حالەتی گومانلێکراوی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنینیان، لەماوەی مانگی ڕابردوو، تەنها دوو حاڵەت دەستنیشانکراون و پشتڕاستکراونەتەوە، کە حاڵەتێکیان لەشاری دهۆک بوو، هەفتەی ڕابردوو لەبەر قورسی باری تەندروستی گیانی لەدەستدا و حاڵەتی دووەم بە تەواوی چاکبووەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچووە.
حاڵەتەکەی ئەمڕۆیش، دەبێت بە سێیەمین حاڵەتی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستاندا، بەو تێبینییەوە کە تەنیا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و لە مووسڵەوە هاتووە.