
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم تاوەباران و بروسکە ناوەندی شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەگرێتەوە.
بەشی پێشبینی کەشناسی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە کەشوهەوای ئەمڕۆ دووشەم. ٥ی ئایاری ٢٠٢٥ کردووە و پێشبینی دەکات، ئاسمان لە نێوان هەوری تەواو و نیمچە هەوردا بێت. هاوکات تاوەباران و بروسکە، ناوچە شاخاوییەکان بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
کەشناسی پێشبینی کردووە، کاریگەری ئەم شەپۆلی تاوەباران و بروسکەیە لە کاتەکانی ئێوارەدا بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و بەدیاریکراوی ناوەندی شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی درێژ دەبێتەوە، بەڵام ماوەیەکی کەم بەردەوام دەبێت و پاشان دابارین لاواز دەبێت بەرەو ناوچە سنوورییەکان.
کەشناسی پێشبینی دەکات، خێرایی با لە زۆربەی ناوچەکاندا چالاک ببێت و تۆز و خۆڵ زیاتر لە ناوچەکانی باشووری هەرێمی کوردستان بەرز ببێتەوە.
پێشبینی کەشناسی ئەوەیە کە لە ناوچەکانی شارۆچکەی بەردەڕەش، ئاکرێ، ناوەندی دهۆک و دەوروبەری، بروسکەی زیاتر ڕووبدات.