ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تاوتوێکردنی چوار بابەت کۆدەبێتەوە
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەت، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای حكوومەتی هەرێم و نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان بۆ بەغدا تاوتوێ دەكرێت، كە لە ڕۆژانی ٨ و ٩ی حوزەیران لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان كۆبوونەوە.
لە بڕگەی دووەمدا، پرسی كردنەوەی دوو گۆڕەپانی گومرگی لە پارێزگاكانی دیالە و مووسڵ كە لەلایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە كراونەتەوە، تاوتوێ دەكرێت.
بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكە بریتییە لە خستنەڕووی بابەتی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، كە بڕیارە لە ٢٠-٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت.
بڕگەی چوارەمی كۆبوونەوەكە، بریتییە لە خستنەڕووی ئامادەسازییەكانی وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ تاقیكردنەوە گشتییەكانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بە هەموو بەشەكانییەوە.