هه‌واڵ

ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تاوتوێکردنی چوار بابەت کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ چوارشەم، ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت، كۆدەبێتەوە و چوار بڕگەی سەرەكی تاوتوێ دەكات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەت، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای حكوومەتی هەرێم و نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان بۆ بەغدا تاوتوێ دەكرێت، كە لە ڕۆژانی ٨ و ٩ی حوزەیران لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان كۆبوونەوە.

لە بڕگەی دووەمدا، پرسی كردنەوەی دوو گۆڕەپانی گومرگی لە پارێزگاكانی دیالە و مووسڵ كە لەلایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە كراونەتەوە، تاوتوێ دەكرێت.

بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكە بریتییە لە خستنەڕووی بابەتی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، كە بڕیارە لە ٢٠-٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت.

بڕگەی چوارەمی كۆبوونەوەكە، بریتییە لە خستنەڕووی ئامادەسازییەكانی وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ تاقیكردنەوە گشتییەكانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بە هەموو بەشەكانییەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...