هه‌واڵ

مەسرور بارزانی: ڕاگرتنی هەناردەی نەوت زیانی چەندین ملیار دۆلاری گەیاندووە

زێدپرێس

 

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دووپات لە ئامادەیی حکوومەتی هەرێم بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، کە وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدڕاڵ و شاندێکی یاوەری کە لە بریکاری و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیى کۆمپانیای سۆمۆ پێکهاتبوو، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی ڕێکار و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێم، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکوومەت ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دووپات کردەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هێنانەکایەی “لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەش بە ئاڕاستەی بەجێگەیاندنی پێداویستیيە دارایی و تەکنیکیيەکانی پڕۆسەی هەناردەكردن و لە چوارچێوەی بنەما دەستووریی و گرێبەستەکان و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی سەرجەم لایەنەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی خەرجیى شایستەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم کە لەناو بودجەی حكوومەتی فیدڕاڵ تەرخانکراویی پێویستی بۆ دانراوە”.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا، کە “وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە و پێویستە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردن دەست پێ بکاتەوە”.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکی حکوومەت، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی ڕاسپاردووە، هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ بکەن کە بڕیارە بۆ چەند ڕۆژێک لە هەولێر بمێننەوە.

جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدڕاڵ، “خواستی حکوومەتی فیدڕاڵی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەربڕی و ئەم داوایەشی بە ناوی سەرۆکوەزیران و حکوومەتی فیدڕاڵ خستەڕوو، ئەویش لە ڕێگای ده‌ستەبەرکردنی زەمینەیەکی لەباری هاوبەش لە چوارچێوەی دەستوور و لابردنی ئاستەنگ و لەمپەرەکانی بەردەم پڕۆسەکە”، ڕاگەیەندراوەکە وا دەڵێ.

لە کۆتاییدا بڕیاردرا کە “هەردوو وەزارەت درێژە بە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەکان لەسەر وردەکارییە قانوونی و دارایی و تەکنیکیيەکان بدەن تاکوو بە لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەشەوە، چارەسەرەکان بخرێنەڕوو بە ئامانجی ئەوەی لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە، کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە زیادکردنی سەرچاوەی داهاتی گشتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و خەرجکردنەوەی بۆ بەرژەوەندی گشتی دەبێت”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...