هه‌واڵ

وەزارەتی دارایی عێراق هۆشداری بە حکوومەتی هەرێم دەدات

وەزارەتی دارایی عێراق داوا لە حکوومەتی هەرێم دەکات بڕی یەک ترلیۆن و ٥٠٠ ملیۆن دینار لە داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغدا بکات و بەپێچەوانەوە حکوومەتی هەرێم بەرپرسیارێتیی یاسایی هەڵدەگرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق بە ژمارە ١٧٢٨٥ی ڕێککەوتی ٤ی تەممووزی ٢٠٢٤ کە بە واژۆی تەیف سامی وەزیری دارایی ئاڕاستەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کراوە، جەخت لەوە کراوەتەوە کە حکوومەتی هەرێم لەماوەی ئەمساڵدا بڕی ٨٥ ملیار و ١٩٩ ملیۆن و ٦٣٤ هەزار دینار لە داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغدا کردووە، لەکاتێکدا بەگوێرەی خشتەکانی بەردەست، داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان لەماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، زیاتر یەک ترلیۆن و ٦٤٦ ملیار و ٤٤٤ ملیۆن دینار بووە.

هەرچەند لە نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراقدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە حکوومەتی هەرێم تەنیا ٨٥ ملیار و ١٩٩ ملیۆن دینار لە داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغدا کردووە، بەڵام پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، بڕی زیاتر لە ١٥٥ ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی بۆ مانگەکانی شوبات و ئاداری ٢٠٢٣ ڕادەستی بەغدا کردووە.

تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق هەر لە هەمان نووسراودا داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، کۆی ئەو داهاتەی ماوەتەوە، بخاتە سەر هەژماری داهاتی نانەوتی هەرێم لە بانکی ناوەندی و بە پێچەوانەوە حکوومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی یاسایی لە ڕادەست نەکردنی داهاتەکە لە ئەستۆ دەگرێت.

هەروەها بەگوێرەی چەند نووسراوێکی دیکە، وەزارەتی دارایی عێراق داوای دوو ترلیۆن و ٩٣٥ ملیار دینار لە داهاتی نەوت و چوار ترلیۆن و ٧١١ ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی ساڵی ٢٠٢٣ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.

پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا کە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراقی کردووە، ڕایگەیاندووە، لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ٢٠٢٣دا، بڕی دوو ترلیۆن و ٧٤ ملیار و ٥٩٧ ملیۆن و ٦٠٣ هەزار دینار داهاتی نانەوتی هەرێمی کورداستان بووە و هەر لەو شەش مانگەشدا داهاتی دەستکەوتووی لە هەناردەی نەوت دوو ترلیۆن و ٩٣٥ ملیار و ٩٣٥ ملیۆن دینار بووە، ئەوەش هەمان ئەو داهاتانەتە کە حکوومەتی عێراق داوای ڕادەستکردنی دەکات. لەکاتێکدا حکوومەتی هەرێم پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات کە بڕی نۆ ترلیۆن و ٣٧٨ ملیار دینار لە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ڕادەستی هەرێمی کوردستان نەکراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button