هه‌واڵ

ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی پرسی مووچە و دۆخی دارایی کۆدەبێتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە و دۆخی دارایی و چەند پرسێکی دیکە کۆدەبێتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەم، ٢١ی ئابی ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیران  بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران کۆ دەبێتەوە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، گوتەبێژی حکوومەت ئاشکرای کرد، گفتوگۆ لەسەر چاودێری دارایی و دۆخی دارایی و کاری هەردوو دیوانی چاودێری هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێت.

ئەوە لەکاتێکدا دێت، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و وربینی لە داهات و خەرجییەکانی سێ مانگی دووەمی هەرێمی کوردستان دەکات.

پێشەوا هەورامانی، ئاماژەی دا، هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکرێت و لەو چوارچێوەیەشدا و بەگوێرەی زانیارییەکانی زێدپرێس، هەڵوەستە لەسەر هەماهەنگی نێوان کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان دەکرێت. لەکاتێکدا، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان پێشتر لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق هەڵوەشێنراوەتەوە.

بەگوتەی پێشەوا هەورامانی، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ڕاپۆرتی تایبەت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵی ئەو دۆسیەیە، دەخرێتە ڕوو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button