هه‌واڵ

ڕێگەکانی ناسینی هاوسەر و هاوسەرگیری لە کوردستاندا

زێدپرێس

 

بەگوێرەی ڕووپێوی باری کۆمەڵایەتی و تەندروستی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان، بەرزترین ڕێژەی ئافرەتانی تەمەن ١٥ ساڵ و سەرتر، کە هاوسەرگیرییان کردووە، لەڕێگەی خزمایەتی و لە پلەی دووەمیشدا، هاوسەرەکانیان بەڕێککەوت ناسیوە.

 

ڕووپێوی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و تەندروستی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان، یەکێک لە ڕووپێوییە گرنگەکانە. دوایین ڕووپێو لە ساڵی ٢٠٢١ لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و پێش ١٠ ساڵ و لە ساڵی ٢٠١١دا یەکەم ڕووپێو لە کوردستان ئەنجامدراوە. ڕووپێوەکە بەگشتی سەرنج لەسەر بارودۆخی ئافرەتان چڕ دەکاتەوە. باری خوێندەواری، باری خێزانی، منداڵبوون، چاودێری پزیشکی و تەندروستی، توندوتیژی و کۆمەڵێک ڕەهەندی دی.

یەکێک لەو خاڵانەی ڕووپێوەکە سەرنجی لەسەر داوە، ڕێگەکانی هاوسەرگیری و ناسینی هاوسەرە، لەمەڕ ئافرەتانی تەمەن ١٥ ساڵان و سەرتر، کە ئێستا(کاتی ڕووپێوەکە) هاوسەردارن.

لە ڕووپێوەکەدا، هەزار و ٥٧٦ خێزان بە نموونە وەرگیراون و چاوپێکەوتن لە دوو هەزار و ١٦٢ ئافرەت کراوە.

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا و لە ماوەی ساڵانی ٢٠١١-٢٠٢١، زۆرترین ئافرەت (ڕێژەی ٤٩.٨٪) هاوسەرەکانیان لەڕێگەی (خزمایەتی)یەوە ناسیوە، ئەم بنەمای خزمایەتییە لە سنووری پارێزگای دهۆک بەرزترین پلە وەردەگرێت، کە ڕێژەی (٥٤.٠٪) دەگرێتەوە، پاشان پارێزگای سلێمانی بەڕێژەی (٤٩.٨٪) و لە پلەی سێیەمیشدا پارێزگای هەولێر بەڕێژەی (٤٧.٣٪)ی ئافرەتان هاوسەرەکانیان بەڕێگەی خزمایەتی ناسیوە.

لە پلەی دووەمدا، بەڕێژەی ٣٣.٥٪ی ئافرەتانی هەرێمی کوردستان هاوسەرەکانیان بە ڕێککەوت ناسیوە و هاوسەرگیرییان کردووە. ئەو ڕێژەیەش بەپێی پارێزگاکان بەڕادەیەکی کەم جیاوازی هەیە. زۆرترین ئەو ئافرەتانەی دەڵێنبە ڕێککەوت هاوسەرەکانیان ناسیوە، لە پارێزگای هەولێر بوون، بەڕێژەی ٣٥.٥٪، پاشان پارێزگای دهۆک بەڕێژەی ٣٤.٥٪ و لە پلەی سێیەمیشدا پارێزگای سلێمانی دێت، کە بەڕێژەی ٣١.٦٪ی ئافرەتان ئاماژەیان بەوە کردووە، بەڕێککەوت هاوسەرەکانیان ناسیوە.

هاوڕێیەتی، یەکێکی دیکەیە لە ڕێگەکانی ناسینی هاوسەر بۆ ئافرەتانی تەمەنی ١٥ ساڵان و سەرتر، ئەو ڕێگەیە پلەی سێیەم وەردەگرێت، بەدوای ڕێگەکانی خزمایەتی و ناسینی بە ڕێککەوت. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا، تەنیا ٩.٩٪ی ئافرەتان هاوسەرەکانیان بەڕێگەی هاوڕێیەتی ناسیوە. لەسەر ئاستی پارێزگاکاندا، هەولێر بەرزترین ڕێژەی هەیە، کە دەگاتە ١٣.٣٪، پاشان پارێزگای دهۆک بەڕێژەی ٩.٦٪ و لە پلەی سێیەمیشدا پارێزگای سلێمانی بەڕێژەی ٧.٥٪ی ئافرەتان جەخت لەوە دەکەنەوە، بەڕێگەی هاوڕێیەتی، هاوسەرەکانیان ناسیوە.

ژمارەیەکی زۆر کەم لە ئافرەتانی هاوسەردار لە هەرێمی کورستاندا، ئاماژەیان بەوە کردووە، کە بە ڕێگەی کار و خوێندنەوە هاوسەرەکانیان ناسیوە، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا و لەماوەی ساڵانی ٢٠١١-٢٠٢١ تەنیا بەڕێژەت ٢.٦٪ی ئافرەتان، هاوسەرەکانیان لەڕێگەی کار و خوێندنەوە ناسیوە. زۆرترینی ئەوانە لە پارێزگای سلێمانی بوون، بەڕێژەی ٣.٩٪، پاشان پارێزگای هەولێر بەڕێژەی ٢.٦٪ و دواتر پارێزگای دهۆک بەڕێژەی ١.٣٪.

لەماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا، کەمترین ئافرەت بەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاوسەرەکانیان ناسیوە، کە ڕێژەی تەنیا (٠.٣٪) دەبێت لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا و جگە لەو ڕێگەیانەیش، بەڕێژەی ٣.٩٪ی ئافرەتان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە بە جیاواز لە ڕێگە ئاماژەکراوەکان و بەڕێگەی دی، هاوسەرەکانیان ناسیوە.

هەر بەپێی ڕووپێوییەکە، بەڕێژەی ٦٢.٦٪ی ئافرەتان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە خێزانەکانیان بڕیاری هاوسەرگیرییەکەیان داون، بەڕێژەی ٣٤٪یان دەڵێن کە خۆیان بڕیارەکەیان داوە و بەڕێژەی ٢.٩٪یشیان دەڵێن خزمەکان بڕیاری هاوسەرگیرییەکەیان بۆ داون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...