ئابووریسیاسیشرۆڤه‌

یەمەن، جەرگەی بازرگانی جیهانی؛ جەنگی کۆریدۆرەکانی ئاویی

دەستپێک

یەمەن، وڵاتێک بە شانزدە ملیۆن دانیشتوو، خاوەن هەڵکەوتەیەکی جوگرافیایی تایبەتە. یەمەن دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای کیشوری ئاسیا. بابئەلمەندەب سەر بە یەمەنە کە دەریای سور و زەریای هیند لە ڕێگەی کەنداوی عەدەن پێکەوە گرێدەدات. لە ڕووی بازرگانی نێودەوڵەتی، دوورگەی پریم و دوورگەی سوقوترا دوو دوورگەی هەستیارن کە سەر بە سنورە ئاوییەکانی یەمەنن، کۆی گشتی سنوری وشکانی یەمەن ١٧٤٦ کیلۆمەترە کە ١،٤٥٨ کیلۆمەتری لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی هاوسنورە و ٢٨٨ کیلۆمەتریش لەگەڵ وڵاتی عەمان. دەکرێت بڵێین جەنگی ئێستای یەمەن، زۆرتر لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی بەندەر و گەرووەکانی بابئەلمەند و کەنداوی عەدەنە.

 

گرنگی بابئەلمەندەبی یەمەن

بابئەلمەندەب، خاڵی پێکەوەگرێدانی ڕێڕەوی ئاویی بازرگانی نێودەوڵەتییە بەتایبەتیش لە نێوان ئاسیا و ئەوروپا. بابئەلمەندەب، گەرووی مالاکا کە دەکەوێتە نێوان ئەندونێسیا، مالیزیا و سەنگاپور، بە گەرووی هورمز لە کەنداوی فارس/عەرەب بەرەو کەناڵی سوئێز لە میسر گرێدەدات. ئەم کۆریدۆرە ئاوییە، شادەماری بازرگانی نێودەوڵەتی بەتایبەتیش لە ڕووی گواستنەوەی کاڵا خۆراکییەکان و نەوت پێکدێنێت. بەکۆی گشتی نزیکەی ٦٠٪ بازرگانی نێودەوڵەتی لە گەرووەکانی ئاسیا دەربازدەبن. بۆ نموونە، تەنیا لە گەرووی مالاکا ساڵانە ١٠٠،٠٠٠ کەشتی بارهەڵگر لە هاتوچۆدان. یاخود بابئەلمەندەب کە دەکەوێتە نێوان دەریای سوور و کەنداوی عەدەن نزیکەی ١٩ کیلۆمەتر پانە، کەچی ڕۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت لێی دەرباز دەبێت. بە واتایەکیتر، ٤٠٪ ئاڵوگۆڕیی بازرگانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا لە بابئەلمەندەب دەرباز دەبێت. بابئەلمەندەب بەتەنیا نزیکەی ١٠٪ ئاڵوگۆڕیی بازرگانی جیهانی پێکدێنێت. زیاد لەمەش نزیکەی دوو لەسەر سێی بازرگانی نێوان چین و ئەوروپا پشتی بە گەرووی بابئەلمەندەب بەستووە. هەروەها ١٠٪ بازرگانی برنج، ٢٠٪ گەنم، ٣٠٪ بازرگانی پەینی کیمیایی لەم گەرووە دەرباز دەبێت. سەرەڕای دەربازبوونی ساڵانە ٢١٠٠٠ کەشتی نەوتهەڵگر لەم گەرووە. واتە ئەم گەرووە پارێزەری ئاسایشی خۆراکە لەم ناوچەیە.

بە زمانی پارە، ساڵانە ٨٠٠ ملیار دۆلار کاڵا و خزمەتگوزاری لە بابئەلمەندەب دەربازدەبێت، واتە پتر لە کۆی گشتی بەرهەمی ناپوختەی نیشتمانی (GDP) گشت وڵاتانی کەنداو. ئەم بڕە پارەیە گرنگی ستراتیژی یەمەن و دوورگەکانی سەر بەم وڵاتە دەردەخات، کە ئەوەی حوکمی یەمەن بکات، حوکمی بازرگانی نێودەوڵەتی دەکات. لەم ڕووەوە بۆمان دەردەکەوێت کە پاراستنی ئاسایشی دەریای سور لە ڕووی ڕاگرتنی نەزمی نێودەوڵەتی، بەتایبەتیش لە ڕووی بازرگانییەوە چەندە گرنگە. ئەگەر گەرووی بابئەلمەندەب دابخرێت، کەناڵی سویس دادەخرێت، ئەمەش واتە داتەپینی میسر، چونکە ئەو بارهەڵگرانەی لە میسرەوە بەرەو بابئەلمەندەب دێن تەنیا دەتوانن لە بەندەرەکانی سوودان، جیبوتی و عەرەبستان بار هەڵگرن و بەتاڵ بکەن.

 

یەمەن و ئەفریقیا

لەودیوی سنوری ئاوی یەمەن، واتە لە ئەفریقیا سێ وڵاتی سوودان، جیبوتی و ئیریتریا بوونیان هەیە کە هەر سێ وڵات خاوەن سنوری ئاویین. بۆیەش لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆیی یەمەن، دوای شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی ئامادەیی وڵاتانیتر لەم سێ وڵاتە پەرەی سەند. ئێستا هەر یەکە لە ئەمریکا، فەڕەنسا، بریتانیا و تەنانەت چین لە یەکێک لەم سێ وڵاتانە خاوەن بنکەی سەربازیین بۆ ئەوەی بتوانن ئاسایشی بابئەلمەندەب دابین بکەن تا ڕێڕەوی ئاویی بازرگانی جیهانی پەکی نەکەوێت، بەتایبەتیش چین. چین بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی چەتەکانی دەریا، کە لە دوای پشێوییەکانی سوودان سەریانهەڵدا، ناچاربوو هێزی سەربازیی بۆ ئەم ناوچەیە بنێرێت و ئێستا لە جیبوتی خاوەن بنکەی سەربازییە، واتە ڕێک بەرانبەر بابئەلمەندەب و کەنداوی عەدەن.

 

یەمەن؛ هاوکاریی و ناکۆکی ئیمارات و عەرەبستان

ساڵی ٢٠١٥ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و عەرەبستانی سعوودی بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سەرکۆتکردنی حوسییەکان هاتنە ناو یەمەن، حوسییەکان لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکران، بەدەسەڵات گەیشتنی حوسییەکان بەواتای دەستگەیشتنی ئێران بە گەرووی بابئەلمەندەب و کەنداوی عەدەن دەهات، بەم پێیەش ئێران بە ئاسانی کۆنتڕۆڵی کۆریدۆرە ئاوییەکانی لە گەرووی هورمز تا خوارەوەی کەناڵی سوێس دەکرد، ئەمەش مەترسی بوو بۆ سەر وڵاتانی وەک ئیمارات و عەرەبستان، هەر بۆیەش ئەم دوو وڵاتە بە هاوکاریی هەواڵگریی سەربازیی و لۆجیستیکی ئەمریکا، هێزی سەربازییان بەرەو یەمەن ڕەوانە کرد. ڕکابەری سەرەکی ئێران لەم ململانێیەدا، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییە. هاوشێوەی ئێران، ئیماراتیش تموحی کۆنتڕۆڵکردنی کۆریدۆرە ئاوییەکانی هەیە هەر لە گەرووی هورمزەوە تا دەگاتە کەناڵی سوێس، هەر بۆیەش ئەم دوو دەوڵەتە تا ئێستا لەسەر دوورگەکانی تونبی بچووک، تونبی گەورە و ئەبوو موسا ناکۆکیان هەیە. ئەم سێ دوورگەیە سەر بە هەر یەک لەم دوو دەوڵەتە بێت، واتە ئەو دەوڵەتە کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمز دەکات.

لەم میانەیەدا، ئەرکی ئیمارات قورسترە، چونکە ئەگەر ئەم گەرووانە کۆنتڕۆڵ نەکات یاخود لە بەڕێوەبردنیان هاوبەش نەبێت، ئەمە هەم لەلایەن ئێران و هەمیش لەلایەن چین دەکەوێتە ژێر گوشار، چونکە چین خەریکی بونیاتنانی پڕۆژەی ”یەک ڕێگا-یەک پشتێن”ە، واتە هەمان ڕێگای ئاوریشمی کۆن؛ لقێک لەم پڕۆژەیە لە گەرووی مالاکاوە دەستپێدەکات تا دەگاتە کەناڵی سوێس و وڵاتانی باکووری ڕۆژئاوای ئەفریقیا. هەرچی تایبەتە بە عەرەبستان، عەرەبستان لەبری ئەوەی کە ڕاستەوخۆ سەرنج لەسەر ئێران چڕ بکاتەوە، پشێوییە ناوخۆییەکانی یەمەن، عەرەبستانی ناچارکرد کە بچێتە ناو ئەم جەنگە.

باڵادەستی حوسییەکان/ئێران لە یەمەن، بە مانای دەورەدانی عەرەبستان لە هەر دوو دیوی دەریای سوورەوە دەهات. هەربۆیەش لە ساڵی ٢٠١٥، سوودان و ئەریتریا لەلایەن ئیمارات و عەرەبستانەوە ناچارکران پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران بپچڕێنن. سوودان بەهۆی بەدەستهێنانی پاڵپشتییە داراییەکانی ئەم دوو وڵاتە، تەنانەت هێزی سەربازیشی ڕەوانەی یەمەن کرد. ئەگەرچی گوشارەکانی سەر عەرەبستان بە بەراورد بە ئیمارات کەمترن بە هۆی ئەوەی کە عەرەبستان خەریکی ڕاکێشانی بۆڕییە لە ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە بەرەو ڕۆژهەڵات بۆ سەر دەریای سوور، بەڵام هەمدیس ئەم بۆڕییە توانای گواستنەوەی بڕە نەوتی بەرهەمهاتووی عەرەبستانی نییە. ئەگەرچی پێشتریش و لە ساڵی ٢٠١١، بە هۆی سەرهەڵدانی حوسییەکان، عەرەبستان پاڵپشتی عەلی عەبدولا ساڵح سەرۆککۆماری یەمەنی کرد، بەڵام دواجار ساڵح ناجاربوو دەست لە دەسەڵات بەردات و بەرەو عەرەبستان هەڵات، بۆیە عەرەبستان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیمارات ناچار بوو مەنسوور هادی، جێگرەکەی ساڵح، بکاتە سەرۆک. بەڵام گەمەی ئێران بەهێزتربوو، ئەوەبوو ئێران توانی سووننەکان و حوسییەکان لێک نزیکبکاتەوە و لە ساڵی ٢٠١٤ ئەنساروڵای یەمەنی دامەزراند. هەر بۆیەش تەنانەت مەنسوور هادیش دەستی لەکار کشایەوە و بەرەو سعوودییە ڕۆیشت. ئەنساروڵا، بە پاڵپشتی ئێران لە مانگی ئایاری ٢٠١٥ گەیشتنە بەندەری عەدەن و دواتر بەندەری حودەیدە، ئەمەش بە مانای کۆنتڕۆڵکردنی گشت یەمەن دەهات. گەیشتنی ئەنساروڵا بۆ بەندەری عەدەن، بە واتای دروستبوونی مەترسی بۆ سەر بابئەلمەندەب دەهات، واتە ئەو کۆریدۆرەی کە ساڵانە، وەک ئاماژە پێدرا، ٨٠٠ ملیار دۆلار ئاڵوگۆری بازرگانی تێدا دەکرا. ئەمەش عەرەبستانی ناچار کرد کە داوای هاوکاری لە وڵاتانی هاریکاری کەنداو بکات، هەر بۆیەش هاوپەیمانییەک لە نێوان ئەم وڵاتانە لەگەڵ هەر یەک لە میسر و سوودان بە سەرکردایەتی سعوودییە و ئیمارات پێکهات بۆ هێرشکردنە سەر یەمەن. هۆکاری بەشداریکردنی سوودان باسکرا، هۆکاری بەشداری میسریش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە داخستنی تەنانەت یەک ڕۆژی بابەلمەندەب بە مانای داخستنی کەناڵی سوێس دەهات، هەر بۆیەش میسر ناچاربوو بێتە ناو ئەم هاوپەیمانییە.

لەم پڕۆسەیەدا، ئیمارات زۆر بە هۆشیاریی و زیرەکانە کاری کرد. ئەم دەوڵەتە، ئەرکی کۆنتڕۆڵکردنەوەی بابئەلمەندەبی گرتەئەستۆ. ئیمارات، پێشتر لە ئەریتریا، بنکەیەکی سەربازی دامەزراندبوو بە ناوی بنکەی ”ئەسەد” کە لەودیوی سنوری ئاویی یەمەن، ڕێک دەکەوێتە بەرانبەر بابئەلمەندەب؛ ئەمە بە مانای باڵادەستی ئیمارات لەم پڕۆسەیەش دەهات. بۆ ئەم مەبەستە، ئیمارات هەم سوودی لەم بنکە سەربازییە وەرگرت و هەمیش هێزەکانی سەر بە ئەنجوومەنی گواستنەوەی یەمەن، کە سەر بە ئیمارات بوو و لە ڕێگەی ئەم دەوڵەتەوە پاڵپشتیی دارایی، لۆجیستی و سەربازیی دەکرا، ئەم ستراتیژییەی خۆی جێبەجێ کرد. ئەم پڕۆسەیە لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠١٨ درێژەی کێشا و لە ساڵی ٢٠١٨، ئیمارات ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی بەندەری ”ئەلحودەیدە”شی دەستپیکرد کە یەکێکیترە لە بەندەرە گرنگەکانی یەمەن، بەڵام بە هۆی خۆڕاگری سوپای یەمەن یاخود ”ئەنساروڵا”ی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرا، ئەم ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتوو نەبوو. ئەمەش هاوپەیمانانی وڵاتانی عەرەبی ناچارکرد تا ڕێککەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ حکوومەتی یەمەن/ئەنساروڵا واژۆ بکەن. هەر بۆیەش حکوومەتێکی تری یەمەن، بە سەرۆکایەتی مەنسور هادی ڕێککەوتننامەی ئاشتییان لە ستۆکهۆڵم واژۆ کرد. بەڵام خەونی کۆنتڕوڵکردنی کوریدۆرە ئاوییەکان هەر لە هزری ئیمارات مابووە، ئەویش ئەمجارە بەبێ چوونە ناو جەنگ.

هۆکاری سەرەکی ئەم گۆڕینەی ستراتیژی ئیمارات بۆ ڕووداوەکانی دوای ساڵی ٢٠١٧ دەگەڕێتەوە، لەم ساڵەدا حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە بە چەکی کروز، درۆن و تەنانەت جۆرێک لە مووشەکی بالستیک پڕچەک کرابوو، هێرشێکی مووشەکیان بۆ سەر بنکەی ئەتۆمی وەربەرهێنانی کارەبا لە ”براکێ”ی ئێمارات ئەنجامدا کە مەوداکەی ١٦٠٠ کیلۆمەتر لە یەمەنەوە دوورە، ئەگەرچی مووشەکەکان لە نزیک بنکەکە کەوتنە خوارەوە، بەڵام بە وردی ئامانج نەگرتنی ئەم بنکە ئەتۆمییە بە ئەنقەست بوو، حوسییەکان دەیانویست هۆشداریی بدەنە ئیمارات کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە لە ژێر مەترسی هەڕەشەی حوسییەکاندایە. دواتر لە ساڵی ٢٠١٨ حوسییەکان بە درۆن هێرشێکیان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبوزەبی ئەنجامدا، ئەگەرچی سەرەتا ئەبوزەبی نکۆڵی لەوە کرد کە فڕۆکەخانەکە وەبەر هێرش کەوتبێت، بەڵام دواتر ڤیدیۆیە دزە پێکراوەکان ئەوەیان سەلماند کە هێرشەکە فڕۆکەخانەی کردووەتە ئامانج. ئەمەو سەرەڕای هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کۆمپانیای وەبەرهێنانی نەوتی ئارامکۆی عەرەبستان کە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهانە.

گشت ئەمانە هۆکاربوون کە ئیمارات ناچاربێت چیتر بە ڕاستەوخۆ لەگەڵ حوسییەکان نەچێتە جەنگ. بۆ ئەم مەبەستە، ئیمارات هزری لەوە کردەوە کە دوورگەی سوقوترای یەمەنی کۆنتڕۆڵ بکات، ئەم دوورگەیە ٦٠،٠٠٠ دانیشتووی هەیە کە دەکەوێتە بەرانبەر بابئەلمەندەب، کۆنتڕۆڵکردنی ئەم دوورگەیە بە واتای کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوە ئاوییەکان دێت. لەم ستراتیژییەدا ئیمارات سەرکەوتوو بوو، چونکە خەسڵەتی هەڵکەوتەی جوگرافیایی ئەم دوورگەیە بەشێوەیەکە کە هەرچەند ساڵ جارێک وەبەر زریانی بەهێزی دەریا دەکەوێت و کاولکاریی لێدەکەوێتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٠ ئەم دوورگەیە وەبەر زریان کەوت و ئیمارات بە بیانووی یارمەتی مرۆڤایەتی مانگی سوری ئیماراتی و کۆمەڵێک سەربازیی بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووان ڕەوانەی ئەم دوورگەیە کرد. سەرلەنوێ لە ساڵی ٢٠١٥ ئەم دوورگەیە وەبەر زریان کەوتەوە، دووبارە سوپای ئیمارات بە یارمەتی مانگی سوری ئیماراتی بە بیانووی یارمەتیدانی لێقەوماوان چووە ناو ئەم دوورگەیە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨ بە فەرمی سوپای ئیمارات چووە ناو ئەم دوورگەیە و بنکە و بارەگای سەربازی لەم دوورگەیە دامەزراند. ئەمە سەرەتای ناکۆکی بوو لە نێوان ئیمارات و عەرەبستانی سعوودی، تەنانەت مەنسوور هادیش لە دژی ئەم هەنگاوەی ئیمارات وەستایەوە و لە باشووری یەمەنیس پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سەر بەم دوو هاوپەیمانە ڕوویدا. لە بەرانبەر ئەم هەڵوێستەی عەرەبستان، ئیمارات لە ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ گشت هێزە چەکدارەکانی لە خاکی یەمەن کشاندەوە جیا لە دوورگە هەستیارەکان. لە بەرانبەردا عەرەبستان هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانی یەمەنی دا، ئەگەرچی بەشێک لەم کێڵگانە لەلایەن ئیماراتەوە کۆنتڕوڵکرابوون.

پێش هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆیی یەمەن، یەمەن رۆژانە تا ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، بەڵام ئێستا نزیکەی ٥٠ هەزار تا ٦٠ هەزار بەرمیل نەوت دەردەهێنێت، کە ئەویش بەشی پێداویستییە ناوخۆییەکانی ئەم وڵاتە دەکات، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی هەژاریی و تەنانەت قاتوقڕی لەم وڵاتە، چونکە نەوت بڕبڕەی داهاتی یەمەنی پێکدەهێنا.

ئیمارات بەردەوامی بە ستراتیژییەتی خۆی دا لە کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوە ئاوییەکاندا، هەر بۆیەش لە ساڵی ٢٠٢٠، ئیمارات دوورگەیەکی تری گرنگی یەمەنی کۆنتڕۆڵ کرد بەناوی ”پێرم”. ئەم دوورگەیە گەرووی بابئەلمەندەب بۆ دوو ڕێڕەو دابەش دەکات، لە ڕێڕەوێک کەشتییەکان دەرباز دەبن و لە ڕێڕەوەکەی تر کەشتییەکان دەگەڕێنەوە، واتە وەک شەقامێکی جووت ساید. تەنانەت ئیمارات باندێکی نیشتنەوەی فڕۆکەی لەم دوورەگە دروستکرد؛ مەبەستی سەرەکی ئیمارات لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەم دوورگەیە، پێکەوەگرێدانی بەندەری عەدەن و دوورگەی سوقوترا بوو، بە واتایەکیتر کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوە ئاوییەکان هەر لە گەرووی هورمز تا بنەوەی کەناڵی سوێس. ئەم ستراتیژەی ئیمارات، بە پلەی یەکەم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران بوو لە داخستنی گەرووی هورمز، چونکە ئەگەر ئێران گەرووی هورمز دابخات، لەبەرانبەردا ئیمارات گەرووەکانی تر بەسەر ئێراندا دادەخات. بۆ جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژییە ئیمارات پەنای بۆ ئیسرائیل برد، ئیسرائیل و ئەمریکا هەردووکیان پشتگیریان لەم هەنگاوی ئیمارات کرد، لە ڕاستیدا ئەگەر بە وردی سەیری ڕەوتی ڕووداوەکانی جەنگی یەمەن بکەین، دەبینین کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ”ڕێککەوتننامەی ئابراهام/ئیبراهیم” لە نیوان ئیمارات و ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٠، بۆ ئەم ستراتیژییەی ئیمارات دەگەڕێتەوە. تەنانەت دووبارە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی عەرەبستان و ئێرانیش هەم وەک پەرچەکردارێک بۆ ئەم ڕێککەوتننامەی ئیمارات و ئیسرائیل دەگەڕێتەوە و هەمیش بۆ سووککردن مەترسییەکانی ئێران بۆ سەر عەرەبستان لە ڕێگەی حوسییەکانەوە. یەکێکی تر لە مەبەستە سەرەکییەکانی خودی عەرەبستانیش بۆ چوونە ناو یەمەن، کەمکردنەوەی بارقورسایی مەترسییەکانی داخستنی گەرووی هورمز بوو کە دەبووە هۆی پەککەوتنی هەناردەکردنی نەوتی عەرەبستان لە ڕێگەی ئەم گەرووەوە، چونکە سێیەکی گاز و یەک لەسەر شەشی نەوتی عەرەبستان لەم گەرووە دەرباز دەبێت، ئەگەرچی عەرەبستان لە ڕێگەی کردنەوەی بۆڕی گواستنەوەی ”ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا” بۆ سەر بەندەری ”یەنبو ئەلبوحێر” لەسەر دەریای سور هەوڵی کەمکردنەوەی ئەم گوشارانەی داوە، بەڵام توانای گواستنەوەی ئەم هێڵە کە نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتە، وەک پێویست نییە، هەر بۆیەش عەرەبستان هزری لە بۆڕی گواستنەوەی نەوتی سعوودی-یەمەنی کردەوە کە دەکەوێتە بەندەری  ”موکالا” لە یەمەن، کە ئەم پڕۆژەیەش سەری نەگرت.

 

کۆتایی

دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتوبەری ٢٠٢٣، دەریای سور کە ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکاندایە، بووە مەڵبەندی گوشارخستنە سەر وڵاتانی ڕۆژئاوایی و وڵاتە عەرەبییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی ئەم ناوچەیە.

حوسییەکان بەبەردەوامی هێرش دەکەنە سەر ئەو بارهەڵگرانەی کە لە کەنداوی حەدەن بەرەو کەناڵی سوێس دەچن و بە پێچەوانەشەوە جیا لە بارهەڵگرە چینییەکان. ئەمەش وایکردووە کە بەشێک لە بارهەڵگرەکان
ڕێڕەوی گواستنەوەی کاڵاکان بەرەو گەرووی (Good Hope) لە ئەفریقیای باشوور، کە ئەمش بووەتە هۆی درێژبوونی مەودای گواستنەوە لە ١٩ ڕۆژ بۆ ٣١ ڕۆژ تا کاڵاکان بە ئەوروپا بکەن، ئەمەش کرێی گواستنەوەی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی دوو قات کردووەتەوە. بە واتایەکی تر، یەکێک لەو هۆکارانەی کە بۆ گرانی نرخی کاڵاکان لە بازاڕەکانی جیهان، لە پاڵ جەنگی ڕووسیا-ئۆکراین، بۆ جەنگی ناوخۆیی ئەمەن دەگەڕێتەوە.

هیوا مه‌جید خه‌لیل

پسپۆڕ لە گەشەسەندنی سیاسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button