چەند ڕاستییەکی سەرەتایی:
بۆ مووچەخۆران، گرنگ ئەوەیە هەژماری بانکییان هەبێت و مووچەکەیانی پێ وەربگرن، ئیتر لە چوارچێوەی هەرکام لە بەرنامەکانی تەوتین، یان “هەژماری من” بێت؛ هیچ جیاوازییەکی نییە. هیچ کامیان باشتر یان خراپتر نین لەوی تریان، لەبەر ئەم هۆکارانە:
ئەگەر کەسێک بە جددی سەرگەرم بووە بەو هەڵمەتە سیاسییەی لەسەر هەردوو پڕۆسەی بە بانکیکردن (تەوتین و هەژماری من) دەستی پێکردووە، چارەسەرییەکە ئاسانە، با بانکی بازرگانی عێراقی (TBI) هەڵبژێرێت، ئەم بانکە هەم لە لیستی بانکەکانی تەوتیندا هەیە، هەم لە لیستی هەژماری من-یشدا هەیە.
ئایا هیچ جیاوازییەک هەیە؟
لە ڕاستیدا جیاوازییەکانی نێوان تەوتین و هەژماری من، وەک جیاوازییەکانی نێوان (بیبسی کۆلا و کۆکا-کۆلا) وایە، ناوەکانیان جیاوازە، بەڵام ناوەڕۆکەکانیان هەر هەمان شتە. هەردوو پڕۆسەکە بۆ ئەوەیە هەژماری بانکی بکرێتەوە و مووچەی مووچەخۆرانی پێوەربگیرێت.
ئینجا، هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی، بە مووچەخۆرانیشەوە، مافی دەستووری و قانوونیان هەیە هەژمارەکەیان لە هەر بانکێک بکەنەوە کە دڵخواز و جێ متمانەی خۆیانە. ئەگەر بەدڵیشیان نەبوو دەتوانن بچن زیاتر لە هەژمارێک لە چەندین بانکی ئەهلی و حکومی دیکە بکەنەوە بەپێی ڕێنماییەکان.
بەپێی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق (ئەو ڕوونکردنەوەشی کە بەدوای بڕیارەکەدا هات)، بانکەکانی سەر بە حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق هەموو ئەو بانکە ئەهلییانەیش کە لە بانکی ناوەندی عێراق دانپێدانراون دەتوانن بەم پڕۆسەی مووچە دابەشکردن و بە بانکیکردنە هەستن.
کەواتە هەموو بانکە ئەهلییەکانی عێراق و کوردستان (بەوانەی ناو پڕۆگرامی هەژماری منیشەوە) دەتوانن بەم ئەرکە هەستن. لە ڕاستیدا ئێمە هیچ بانکێکی کوردستانیمان نییە، هەموو بانکێک لە عێراق و کوردستاندا هەر عێراقییە، وەدائیعی لە بانکی ناوەندی عێراق هەیە و وەک بانکێکی عێراقی-ش لە سیستەمی سویفتی نێودەوڵەتیدا ناسراوە.
گرفتەکە لە کوێدایە؟
هەموو ئەو مشتومڕ و ژاوەژاوە سیاسییەی لەسەر ئەم پڕۆسەیە دروستکراوە، چی ئەوەی کە پارتی و یەکێتی دەیڵێن، یان پێشتر و ئێستاش هەندێک خەڵکی ئۆپۆزسیۆن دەیانگوت، هەمووی هەڵمەتی پڕوپاگەندەی سیاسییە. تەنها گرفت و ئاڵۆزی و تەمومژی ناپێویستیان دروست کردووە. ئەمانە لەبەر نەبوونی دەستکەوتی سیاسی و دەستبەتاڵی، هاتوون مووچەی مووچەخۆرانیان کردووەتە بابەتی شەڕەقۆچی سیاسی.
پێویست بوو ئەم پڕۆسەیە جێ بهێڵرێت بۆ بانکەکان و نەکرێتە دەستکەوتی هیچ حزب و بەرپرسێکی بێ کار و دەستکەوت. پڕۆسەکە تەواو تەکنیکیی و داراییە. کە لایەک (بە ساختە) دەیکات بە دەستکەوتی خۆی، لاکەی تریش دەیەوێت لێی تێکبدات، دواجار سەرئێشەکەیش یەخەی مووچەخۆران دەگرێت.
کامیان باشترین بژاردەن؟
دووبارەی دەکەمەوە، بۆ خەڵک و مووچەخۆران هیچ جیاوازییەک لە نێوان تەوتین و هەژماری من-دا نییە. ئەگەر حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق بیەوێت و ناچاربێت مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان بنێرێت، ئەوا هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان ئەوەی لە چ بانکێکەوە دەینرێت، تەوتینە یان هەژماری من، ئەگەر نەیشیەوێت بینرێت و هۆکارێکی هەبێت بۆ نەناردنی، هەم دیسان جۆری بانکەکان جیاوازییەک دروست ناکات. ئێستا کارمەندانی بانکی ناوەندیی عێراق لە هەولێر مووچەکانیان لە بانکی جیهان (کە بانکێکی ئەهلییە) وەردەگرن.
ئەم بانکانە هەموویان پێکەوە (کە زیاتر لە ٧٠ بانکی ئەهلی و ٦ بانکی سەر بە دەوڵەتن) متمانەیان لاوازە. بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندی، لە ١٠٤ ترلیۆن دیناری عێراقی کە چاپکراوە، ٩٥ ترلیۆنی لەدەرەوەی بانکەکاندا ئاڵوگۆڕی پێوەدەکرێت.
خەڵک پارەکانی لە قاسەکانی ماڵەکەیدا هەڵدەگرێت، نەک هەژمارە بانکییەکەی. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە سەرتاپای کەرتی بانکی وڵاتەکە بێ متمانە و لاوازە. ئەم کەرتە بانکییە دواکەوتووە بە ستانداردی ناوچەکەش، یان بەراورد بە تورکیا و ئێران و ئوردنیش هەر لاواز و دواکەوتووە.
دزی سەدە لە بانکی ڕافیدەین کرا، کە یەکێکە لە بانکەکانی سەر بە دەوڵەت و زۆر جار وەک فریادڕەس بە خەڵکی کوردستان دەناسێنرێت. لەماوەی چەند مانگێکدا سەرووی ٣ ترلیۆن دیناری لێدزرا (کە ئەمە زیاترە لە هەموو خەرجییەکانی ٣ مانگی حکوومەتی هەرێم).
ئەم دۆخە بانکییەی عێراق بەجۆرێکە، بووەتە مایەی شەرمەزاری و نەهامەتی بۆ وڵاتەکە. بەڕاستی ئەوە ناهێنێت کەس شەڕ لەسەر هیچ بانک و پڕۆگرامێکی بانکی بکات؛ ئەگەر پارتی و یەکێتی، یان ئۆپۆزسیۆنی کوردستان، لە بەهانەی مشتومڕی سیاسی دەگەڕێن، باشتر وایە بابەتێکی تر بدۆزنەوە و واز لەم مشتومڕە بێکەڵکە بهێنن کە لەسەر تەوتین و هەژماری من دەستیان پێکردووە.