تورکیا چاوی لە کۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاستە! لەڕاستیدا بە حەوشەی پشتەوەی خۆی دادەنێت بەتایبەت کاتێک لەڕووی فەرهەنگەوە دەستلەملانێن و لە کۆی پێنج کۆمار <ئۆزپاکستان، کیرکیزستان و کازاخستان> بەزمانی تورکی دەدوێن و گفتوگۆ دەکەن و دراوسێی دەریای قەزوین و چینن. لەڕاستیشدا مەڵبەند و ماڵی ڕاستەقینەی تورکەکان ئاسیای ناوەڕاستە. تورکیا دەیەوێت لەدەرەوەی خۆی و لەخۆرهەڵات بەچڕی ئامادەبێت <سووریا، عێراق، لیبیا، کەنداو، قوبڕس، سوودان و کۆسۆڤۆ> و زۆر شوێنی تری دنیا. ئەم ئامادەبوونە دەرخەری زۆر دیاردەی تازەیە لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا لەوانە:
١-تورکیا ئامادەیە ببێت بە هێزێکی هەرێمی Regional Power لەئەگەری دروستبوونی بۆشایی لەناو سیستمی هەرێمیدا Regional System و دەیەوێت بەخێرایی ڕۆڵی ئەمریکایەکی بچکۆلە بگێڕێت ئەگەر ئەمریکا ڕۆڵی لەناو سیستمە هەرێمییەکەدا کەمکردەوە و یان ناوچەکەی بەقۆناغ جێهێشت.
٢-تێگەیشتنی تورکیا بۆ دراوسێ و پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای <ئاسایش، بازاڕ و یادەوەرییە> بەتایبەت ئێستا هاکان فیدان وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆڵ دەبینێت و نەخشەی پەیوەندییەکان دەکێشێتەوە. بوون بەهێزێکی ئوڕاسیایی بۆ تورکیا چیتر ئەو وڵاتە لەبەردەم یەکێتی ئەوڕوپا ناهێڵێتەوە بەکۆمەڵێک مەرج بۆ بەئەندامبوون کە تورکیا ناتوانێت جێبەجێی بکات بەتایبەت چاکسازی لە پرسەکانی <مافی مرۆڤ، هاووڵاتیبوون، کەرتی دادوەری، پەیوەندی مەدەنی-سەربازی و پرسی دیمۆکراسی و فرەیی> کە ناوکی بەهاکانی خۆرئاوا و بەرەی ئەتڵەسی پێکدەهێنن.
دەگەڕێینەوە بۆ ڕووسیا. دیارە ڕووسیاش وەک تورکیا دەردەکەوێت. خاڵی جیاواز قەبارەی خەونەکانە. هەوڵی تورکیا بۆ بوون بە هێزێکی هەرێمییە، هەوڵی ڕووسیا بۆ بوون بە هێزێکی نێودەوڵەتییە. تورکیا دەیەوێت بەناسنامەیەکی تایبەت بەخۆیەوە بچێتە نێو سیستمە هەرێمییەکەوە، ڕووسیا بە ناسنامە، پێگە و هەژموونێکی ئوڕاسیاگەراییانەوە بچێتە نێو سیستمی سیاسی جیهانەوە. خاڵی دەستپێک بۆ ڕووسەکان گەڕانەوەیە بۆ سنورەکانی سۆڤیەت<خۆرهەڵاتی ئەوروپا، ئاسیای ناوەڕاست، قەوقاز و دەریای بەڵتیک> دیارە ئەو مەڵبەندە جوگرافییانە قوڵایی ستراتیژی ڕووسیا و بە ڕۆحی سلاڤیزیمی دادەنێن.
سەرەتا ڕووسیا لەڕێگەی هاوپەیمانی <برێکس، شانگەهای و سووریاوە> دەیەویت پڕۆژەکە بناسێنێت. بەتایبەت کاتێک ناتۆ دەیەوێت بچێتە ناو ڕۆح و جەستەی جیۆپۆلەتیکی سلاڤیزم و سنورەکانی ئوڕاسیاوە. بەڵام بۆ وردبوونەوە لەم ڕووداوانە، دەبێت ئاماژە بە دوو دیاردەی تر بکەین:
یەکەم: لەدوای ڕووخانی سۆڤیەتەوە، یەڵسن بەهۆی شەکەتی ڕووسیاوە خێرا هەوڵیدا ڕووسیا ئاوێتەی خۆرئاوا بکات، لەکاتێکدا ڕووسەکان وەک کۆمەڵگە ئامادەنەبوون بۆ ئاوێزانبوون و دەستلەملانێی لەگەڵ مۆدێرنەی خۆرئاوایی، لیبڕاڵ دیمۆکراسی و نیولیبڕاڵیزم.
دووەم: پۆتین خێرا ئەم پڕۆژەیەی بەتاڵ کردەوە. ڕووسیای وەک یاریکەرێکی ئۆتۆنۆم، خاوەن بەها و شارستانیەت و ناوەند هێناوە ناو جڤاتی نێودەوڵەتی. دیارە ئەم پڕۆژەی گەڕانەوەیە لە کەیسەکانی <جۆرجیا، ئۆکڕاین و سووریا> باشتر خۆی مانیفێستۆ کرد، ڕووسیا لە سووریا بوو بە پاسەوانی کەناراوەکانی دەریای سپی ناوەڕاست. دیارە پاسەوان و ئاو و دەریا لێرە هێمایە بۆ گەڕانەوە، ئامادەبوون و گرێدانی سنورەکانی ئۆقیانووسی ئارکتیک بە دەریای سپی ناوەڕاستەوە کە لەبنەڕەتدا وەک دژە-تێز دەردەکەوێت لەبەرانبەر پڕۆژەی خۆرئاوایی-ئەتڵەسی.
ڕووسیاش دەیەوێت زیندووبێتەوە، بەڵام ڕێگەیەکی پڕ ململانێ و مەترسیدار. لەناو سیستمێک کە پاشاگەردانی بەڕێوەی دەبات و بەبێ ڕێکخستن و ناوەندە! هەندێکجار ڕووسیا دەیەوێت سیاسەتی <گۆچان و گێزەر Stick and Carrot Policy> بخاتەکار واتە شتێکی بچووک ببەخشێت و شتێکی گەورەتر بەدەستبهێنێت. وەک ئەوەی لە دوای ١١ی سێپتێمبەر ڕوویدا و ڕووسیا چووە پاڵ ئەمریکا بۆ دژایەتی پرسی تیرۆر، ئەگەرچی پاڵنەرە سەرەکییەکەی ترس لە چیچان و هێزە ڕادیکاڵە دراوسێکانی بوو، بەڵام دواتر پەلاماری جۆرجیای دا و خاڵی دەستپێکی گەڕانەوە و هەڵگەڕانەوە لە سیستمی نوێی جیهانی ڕاگەیاند.
رووسیا و تورکیا، خەونەکانیان و زۆر دیاردەی تری جیۆسیاسی دەیانکات بەدووانە و هاوڕێ!