فرۆشگەکانی خواردنەوە کحوولییەکان لە کەلار داخران

بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان، ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٣ی تەممووزی ٢٠٢٥ ڕایگەیاند، بڕیاریانداوە بە داخستن و سزادانی فرۆشگەکانی خواردنەوە کحوولییەکان لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە پاش گەڕان و پشکنینی تیمەکانی چاودێری تەندروستی بۆ سەر فرۆشگەکانی خواردنەوە کحوولییەکان، بۆیان دەرکەوتووە، کە پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستی نین و “زۆر پیسن”، لەبەرئەوە بڕیاریان لەسەر داخستن و سزادانیان داوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هیچ ئاماژەیەک بە ژمارەی ئەو فرۆشگەیانە نەکراوە، کە بڕیاری داخستنیان دراوە.
پێش دوو هەفتەیەک، قایمقامیەتی ڕانیە بڵاویکردەوە، فرۆشگایەکی خواردنەوە کحوولییەکانیان لە سنوورەکەیاندا داخستووە، بەڵام بەهۆی نەگونجاوی شوێنی فرۆشگەکە و نیگەرانی دانیشتووانی سنووری فرۆشگەکە. هاوکات، لە شاری هەولێریش چەند فرۆشگەیەکی خواردنەوە کحوولییەکان لە گەڕەکی سەروەران لەسەر شەقامی هەولێر-کۆیە بە هەمان هۆکارەوە داخران.



