بەهۆی “پڕۆژەی ڕووناکی”یەوە نزیکەی ٤٠٠ مۆلیدە کوژێنراونەتەوە

سەرەتای ئەم هەفتەیە وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، پڕۆژەی ڕووناکی لە ٢١ گەڕەکی شارەکە جێبەجێ کراوە، کە گەڕەکەکانی (شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری، سەربەستی، کوران، کوردستان، ماجیداوە، ڕزگاری، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ڕاستی، نیشتمان، ڕاپەڕین، نەورۆز، ماردین، زانیاری، تەعجیل، عەرەبان و منارە) دەگرێتەوە.
بەکۆی گشتی لەسەر ئاستی هەولێر و لەو ٢١ گەڕەکەدا، ٧٧ هەزار و ٥٠٠ هاوبەشی کارەبا و نزیکەی ٢٥٦ هەزار هاووڵاتی هەن، کە دەبن بە بەکاربەری پڕۆژەکە.
حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە، “کاریگەریی کوژاندنەوەی ئەو ٤٠٠ موەلیدە ئەهلییە لەسەر ژینگە، هاوشێوەی نەهێشتنی ٦٠ هەزار بارهەڵگرە لەسەر شەقامەکان”.
بەگوێرەی ڕووپێوی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان تا ساڵی ٢٠٢٣، حەوت هەزار و ٣٥٤ مۆلیدەی کارەبایی ئەهلی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، کە زۆرترینیان کەوتوونەتە پارێزگای هەولێر بە سێ هەزار و ٧٧٦ مۆلیدە، پاشان لە پارێزگەی سلێمانی هەزار و ٧٥٩ مۆلیدە و لە پارێزگەی دهۆک هەزار و ٨١٩ مۆلیدە هەیە.