هه‌واڵ

دەستپاکی: هەزار و ١٠ دۆسییەی گەندەڵی لە ژێر لێکۆڵینەوەدان

زێدپرێس

 

بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستاندا، ئەمساڵ هەزار و ١٠ دۆسییە گەندەڵی خراونەتە ژێر لێکۆڵینەوە و ٢٣٠ دۆسیەیش ڕەوانەی دادگەکان کراون.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کار و چالاکییەکان لەماوەی ئەمساڵدا بەرەوپێشچوونیان بەخۆیانەوە بینیوە و ئەوەش پێوەستە بە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستاندا.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئاشکرای کرد، لەماوەی چوار تا پێنج ساڵی ڕابردوو ٨٩٧ دۆسیەی گەندەڵی ڕەوانەی دادگەکانی هەرێمی کوردستان کراون، جگە لەو دۆسییانەی ئەمساڵ ڕەوانەی دادگە کراون.

ئەحمەد ئەنوەر، زیاتر ئاماژەی دا، هەر لەو ساڵانەدا، ١٤٨ تاوانبار لە دۆسییەکانی گەندەڵی سزادراون، بەڵام ٢٣ تۆمەتبار جێبەجێکردنی بڕیاری سزادانیان ڕاگیراوە و لەوبارەیەشەوە گوتی، “تێبینییەکە ئەوەیە کە سەرجەم ئەوانەی سزاکانیان ڕاگیراوە، پلەتایبەتن و ڕاگرتنەکەش بۆ ماوەی سێ ساڵە. ئەگەر لەو ماوەیەدا، هیچ تاوانێکی دیکە ئەنجام نەدات، حوکمەکەی بە نەبوو هەژمار دەکرێت و ناچێتە ناو تۆماری کەسییەوە”.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، لەبارەی پلە و بەرپرسیارێتی ئەوانەی سزادراون، باسی لەوە کرد، کە لەناویاندا وەزیری پێشوو، بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی هەن.

ئەحمەد ئەنوەر ڕوونیکردەوە، دواکەوتنی دۆسییەکان لەلایەن دادگەکانەوە، پێوەستە بە نەبوونی دادگایەکی تایبەتمەند بە دۆسییەکانی گەندەڵی، لەکاتێکدا ئەنجوومەنی دادوەری پێش دوو ساڵ بڕیارێکی دەرکرد بۆ دامەزراندنی دادگەیەکی تایبەت بە دۆسییەکانی گەندەڵی، بەڵام دواتر بڕیارەکەیان گۆڕی بەوەی لە هەر چوار دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی و گەرمیان، دادگایەک تەرخان بکرێت، بەڵام تا ئێستا تەرخان نەکراوە و دۆسییەکانی گەندەڵی لە هەشت نۆ دادگەدا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەوەش هۆکاری دواکەوتنی دۆسیەکانی گەندەڵییە، کە هەندێک جار بە چەند ساڵ دوادەکەون.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، لەبارەی داتاکانی ئەمساڵیشەوە، ئاشکرای کرد، ئێستا هەزار و ١٠ دۆسیەی گەندەڵی لەژێر لێکۆڵینەوەدان، دۆسییەکانی گەندەڵی لەماوەی ئەمساڵ زیاترن بەراورد بە ساڵی پێشوو و هەر لەماوەی ئەمساڵدا ٢٣٠ دۆسیەی گەندەڵی ڕەوانەی دادگە کراون، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو ٢٠٤ دۆسیەی گەندەڵی ڕەوانەی دادگە کرابوون. بەو جۆرە هەم ژمارەی دۆسیەکانی ژێر لێکۆڵینەوە و هەم ژمارەی دۆسیەکانی ڕەوانەی دادگە کراون، بەرزبوونەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...