هه‌واڵ

زیاتر لە ١٠٠ هەزار دەنگدەر لە هەرێمەوە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن

زێدپرێس

 

زیاتر لە ١٠٠ هەزار دەنگدەر لە چوارچێوەی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستاندا، بەشداری لە پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی داتاکانی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن، لە چوارچێوەی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی ئاوارەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، زۆرترین دەنگدەر لە پارێزگای دهۆکە، بەجۆرێک کە ١٤ هەزار و ٧٨٨ دەنگدەر لە چوارچێوەی دەنگدانی تایبەت و ٣٩ هەزار و ٤٢٢ دەنگدەر لە چوارچێوەی دەنگدانی ئاوارەکان لە پارێزگای دهۆکن، کە بەکۆی گشتی دەکاتە ٥٤ هەزار و ٢١٠ دەنگدەر.

پارێزگای سلێمانی لەڕووی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەکانەوە لە پلەی دووەم دێت، بەجۆرێک ٢٣ هەزار و ٤٠٢ دەنگدەری تایبەت و ٣ هەزار و ٨١٥ دەنگدەری ئاوارەکانی لەخۆگرتووە و بە هەردووکیان دەکاتە ٢٧ هەزار و ٢١٧ دەنگدەر.

هەرچی پارێزگای هەولێرە، ١٥ هەزار و ٤٩٢ دەنگدەری تایبەت و ٥ هەزار و ٢٣ دەنگدەری ئاوارەکانی لەخۆگرتووە و بەکۆی گشتی ٢٠ هەزار و ٥١٥ دەنگدەر دەکات، کە بەشداری لە پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن.

دەنگدانی ئاوارەکان تەنیا لە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، کە ٣٥ بنکەی دەنگدانیان بۆ دیاریکراوە. لەکاتێکدا زۆرترین دەنگدەر لە دەنگدانی تایبەتدا کەوتووەتە پارێزگای نەینەوا، کە ٩٩ هەزار و ٧٢٦ دەنگدەرن و بەدوای ئەویشدا پارێزگای سەلاحەددین دێت کە ٦٧ هەزار  ٣٩٣ دەنگدەری دەنگدانی تایبەت لەخۆدەگرێت.

لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان-هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە- بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە ١٦ ملیۆن هاووڵاتی عێراقی مافی دەنگدانیان لەو هەڵبژاردنەدا هەیە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...