
مه‌سرور بارزانی، هاوكات نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕیوه له‌وه‌ی پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ته كارتێكی سیاسی. ده‌شڵێت، ئه‌مه كارێكی قبووڵكراو نییه، چونكه ته‌نانه‌ت دادگای فیدڕاڵی بڕیاری له باره‌ی مووچه داوه و جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، نابێت ببێته به‌شێك له ململانێكانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر.
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان گوتوویه‌تی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی یاسا، ده‌ستوور و دادگای فیدڕاڵییش پشتیوانی له ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ڵام مووچه‌ی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی سێ مانگ دواكه‌وت و چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، ته‌نیا مووچه‌ی مانگی ئایار له لایه‌ن به‌غداوه خه‌رج كرا.
مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، وه‌زاره‌تی دارایی فیدڕاڵ هاتووه‌ته ناو ورده‌كارییه‌كانی مووچه و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش پێشێلكردنی ده‌ستووری عێراق و مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه.
سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه، چاره‌سه‌ری ده‌ستوورییانه‌ی ئه‌م پرسه، بریتییه له ڕێككه‌وتن له نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له‌سه‌ر به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتیی داهاتووی فیدڕاڵی. گوتیشی، ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ بكه‌ین سه‌باره‌ت به یاسای نوێی نه‌وت. تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ش، هه‌ولێر هه‌وڵ دەدات له‌گه‌ڵ به‌غدا هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بێت بۆ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان.
مه‌سرور بارزانی هه‌روه‌ها له‌باره‌ی هێرشه درۆنییه‌كانی سه‌ر كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان گوتی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ده‌زانن چ لایه‌نێك له پشت ئه‌و هێرشانه‌وه‌یه، به‌ڵام به باشی ده‌زانن چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بكه‌ن. هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ش كرد، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌دڵنیاییه‌وه له‌م باره‌وه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و حكوومه‌تی عێراق له هه‌ماهه‌نگیدایه.
له‌باره‌ی ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه‌ش، مه‌سرور بارزانی دووپاتی كرده‌وه، هه‌ر ئاڵۆزییه‌كی ئه‌منی له ناوچه‌كه، كاریگه‌ری و لێكه‌وته‌ی نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌مووان ده‌بێت.
سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان هاوكات سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و سعوودیه و ئێران ڕایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ڕیاز زۆر باشن و مێژوویین، هاوكات هه‌ولێر ڕێز له په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ تاران و وڵاتانی دراوسێی ده‌گرێت و نایه‌وێت ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر هیچ یه‌كێك له وڵاتانی دراوسێی و هاوكات به‌شێكیش نه‌بووه له كێشه‌كانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
له باره‌ی سووریاوهش، سەرۆکوەزیران گوتی، پێویسته دیمه‌شق ده‌رگا به ڕووی كورددا بكاته‌وه و داواكارییه‌كانی كوردی سووریا جێبه‌جێ بكات.



