ههواڵ
مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش دەکرێت

ڕۆژی دووشەم، ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٥، مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەر هەمان ڕۆژ، مووچەی مانگی نیسانی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.
وەزارەتەکە، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێ: لەلایەکی ترەوە هەر ڕۆژی دووشەم، ٢٨ی تەممووز، مووچەی مانگی ئایاری ساڵی (٢٠٢٥) و مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوولی ساڵی (٢٠٢٤)ی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە لە دوای ١ی تەممووزی ٢٠٢٤ەوە، بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم دامەزراون و شایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.



