هه‌واڵ

سامانە سروشتییەکان: بەبێ ڕەزامەندی حکوومەتی هەرێم نابێت گازی کۆرمۆر بفرۆشرێت

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەبێ ڕەزامەندی حکوومەتی هەرێم نابێت هیچ بڕە گازێک لە کۆمۆرەوە بفرۆشرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٤، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند،  بەرهەمی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەپێی گرێبەست لەگەڵ پێرل پێترۆلیۆم (دانە گاز) تەرخانکراوە بۆ کەرتی کارەبا.

لەو ڕوانگەیەوە دەڵێ: “بۆیە هەر بڕە گازێک کە بەرهەم بێت نابێت بەبێ ڕەزامەندی حکوومەتی هەرێم بفرۆشرێت بە هیچ لایەنێک”.

ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ سێشەم، ٢١ی ئایاری ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر کڕینی گازی کۆرمۆر دەربڕیوە و لەو چوارچێوەیەشدا ئەنجوومەنی وەزاریی وزەی بۆ هاوردەکردنی گازی کۆرمۆر بۆ وێستگەی کارەبای کەرکووک ڕاسپارد.

بەگوێرەی وەزارەتی کارەبای عێراق، لە قۆناغی یەکەمدا ڕۆژانە (١٠٠ مەقمەق) گاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە هاوردە دەکەن.

پێشتریش حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە، پێداگیری لەسەر ئەوە کردووە، کە بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیای سەرکاری کێڵگەی کۆرمۆر واژۆی کردووە، بەبێ ڕەزامەندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆمپانیاکە بۆی نییە هیچ بڕەگازێکی بەرهەمهێنراوی کێڵگەکە بفرۆشێت یان بچێتە ناو هەر ڕێککەوتنێکی هاوشێوەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...