هه‌واڵ

هاوردەکردنی تەماتە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە کرا

 

لەپێناو ساخکردنەوەی بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، هاوردەکردنی تەماتە لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ ناو هەرێمی کوردستان قەدەغە کرا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتەی لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

قەدەغەکردنەکە لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە دەست پێ دەکات و تا کاتێکی نادیار دەبێت.

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕوونیکردووەتەوە، بڕیارەکە لەپێناو بەرژەوەندی و سوودی گشتی جووتیاران و چارەسەرکردنی کێشەی بەبازاڕکردنی بەرهەمێکی زۆری (تەماتە)ی خۆماڵی جووتیارانی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقە، ئەوەش پاڵپشت بە هەماهەنگییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەروەها وەڵامدانەوەی یاداشتی داواکارییەکانی جووتیاران لە (کۆمەڵەی کشتوکاڵی زوبێر) لە سنوری پارێزگای بەسڕە و لەژێر ڕۆشنایی هەماهەنگی و بەرەوپێشچوونەکانی لێژنەی هاوبەشی تایبەت بە یەکخستنی (ڕۆژمێری کشتوکاڵی) لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی فیدڕاڵ.

بێگەرد تاڵەبانی دەڵێ: “وەک چۆن ئەوان لەماوەی ساڵی ڕابردوو، بڕیاریاندا بە قەدەغەکردنی هاوردەی بەرهەمی تەماتە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی جووتیارانی ناوچەی پێنجوێن و حاجی ئۆمەران و ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان، ئێمەش لەپێناو درێژەدان بەو نەریتی هەماهەنگی و پێکەوە کارکردنە و کردنەوەی بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەڕووی بەرهەمی ناوخۆی جووتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بڕیارماندا بە قەدەغەکردنی هاوردەی بەرهەمی (تەماتە) لە دەرەوەی وڵات”.

زیاتر دەڵێ: “بۆ ئەم مەبەستە و وەرگرتنی ڕێککاری کارگێڕی و یاسایی، نووسراوی فەرمیمان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری/بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم کردووە، بۆ کارپێکردنی لەسەرجەم دەروازەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...