سیاسیهه‌واڵ
ئاراستەکان

د. بەرهەم ساڵح پۆستی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکانی وەرگرت

د. بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) دەستنیشان کرا و هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزباییان لێی کرد.
د. بەرهەم ساڵح لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پۆستی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ کاروباری پەنابەران پێدرا. لەو ڕوانگەیەشەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە ناوبراو کرد و ڕایگەیاند: “له‌ دڵه‌وه‌ گەرمترین پیرۆزبایی له‌ براى ئازيزم د. به‌رهه‌م ساڵح دەکەم، هیوای سەرکەوتنی لەم ئەرکە جيهانى و مرۆییيه‌دا بۆ دەخوازم”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەر لە پەیامەکەیدا دەڵێ: “وەرگرتنی پۆستێکی باڵای نێودەوڵەتی، لەم ئاستەدا، نیشانەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە توانا و ئەزموون و پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی بەڕێزيان‌. مایەی شانازییە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق کە به‌ڕێزيان سەرپەرشتیی یەکێک لە گرنگترین دۆسیە مرۆیییەکانی جیهان دەکات”.
زیاتر دەڵێ: “دڵنیام بەو ئەزموونە دەوڵەمەندەی هەيانە، دەتوانن ڕۆڵێکی كارا و كاريگه‌ر ببینن لە کەمکردنەوەی ئازاری پەنابەران و چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەسەر ئاستی جیهان. ئێمە لە کوردستان باشتر لە هەمووان درک بە ئازاری ئاوارەیی و گرنگیی ئەو ئەرکە دەکەین. هەموو پشتیوانییەکمان بۆ سەرکەوتنی به‌ڕێزيان دووپات دەکەینەوە”.
هەر بەو بۆنەیەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “مایەی خۆشحاڵیمانە کە کەسایەتییەکی کورد، ئەم پۆستە باڵایەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەربگرێت کە دڵنیاین بەڕێزتان، سەرکەوتووانە ئەم ئەرکە بەجێدەگەیەنین”.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای پیرۆزبایی لە د. بەرهەم ساڵح بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاکە، دەڵێ: “هەموو پشتیوانییەکی خۆمان بۆ بەڕێزتان دەردەبڕین”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button