پۆلیسی ڕاپەڕین: تۆمەتباری سووتاندنی دووکانەکانی حاجیاوا دەستگیر کرا

پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی دا، دوای لێکۆڵینەوە و بەسوودوەرگرتن لە تۆماری کامێراکانی چاودێری، تۆمەتباری سووتاندنی دووکانەکانی حاجیاوا دەستگیر کرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، تۆمەتبارەکە ئافرەتێکی دەستگێڕە بەناوی (ش. س. ع)، تەمەنی ٤٢ ساڵ و دانیشتووی گەڕەکی ڕزگاری قەزای ڕانیەیە.
ڕۆژی ٢٥ی نیسانی ٢٠٢٥، ئاگرێک لە دووکانەکانی مەیدانی حاجیاوا کەوتەوە و بەهۆیەوە زیانی زۆری ماددی بەر دووکانەکانی کۆنەفرۆشان کەوت.
پۆلیسی ڕاپەڕین دەڵێ، تۆمەتبارە دەستگیرکراوە لەکاتی لێکۆڵینەوە و لەبەردەم دادوەر و پۆلیسدا، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و گوتوویەتی، “کاتێک خاوەن دووکانەکان لە دووکانەکانیان نەبوون، ئاگری لە پارچە قووماشێک بەرداوە و دووکانەکان گڕیان گرتووە، چونکە مەبەستی بووە دووکانەکان بسووتێنێت”.
پۆلیس دەڵێ: دەستگیرکراوەکە لەکاتی لێکۆڵینەوەدا، وا خۆی پیشانداوە کە نەخۆشی دەروونی هەیە، لەبەرئەوە ڕەوانەی لێژنەی پزیشکی دەکرێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە ئایا لەڕووی دەروونییەوە کێشەی هەیە یان نا.
دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کراوەتەوە و بەبڕیاری دادوەر تۆمەتبارەکە ڕاگیراوە.