سیاسیهه‌واڵ
ئاراستەکان

هەردی سەلاح کشانەوەی خۆی لە ڕیزەکانی یەکێتی ڕاگەیاند و وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ بەردەوام دەبێت

هەردی سەلاح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە فەرمی کشانەوە و وازهێنانی خۆی لە ڕیزەکانی حزبەکەی ڕاگەیاند. ناوبراو ئاشکرای کرد کە لەمەودوا لە کارە فەرمییەکانی لە ناو هۆڵی پەرلەمان وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ کار دەکات.

 

هەردی سەلاح لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەمڕۆوە هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی و بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە نەماوە. سەبارەت بە هۆکاری ئەم بڕیارە لەناکاوەش، ناوبراو ڕەخنەی توندی ئاراستەی سەرکردایەتی حزبەکەی کردووە و هۆکارەکەی بۆ بوونی “بێوەفایی، بێوەعدی و بێهەڵوێستی” و نەمانی بڕوا و باوەڕی بە سیاستەکانی ئێستای ئەو حزبە گەڕاندووەتەوە.

ئەم پەرلەمانتارە جەختی کردووەتەوە کە دەستلەکارکێشانەوەی لە حزبەکە بە واتای وازهێنانی لە کاری پەرلەمانی نایەت، بەڵکو وەک نوێنەرێکی سەربەخۆ لە خزمەتکردنی خەڵک و بەرگریکردن لە مافەکانی هاووڵاتیانی کوردستان بەردەوام دەبێت.

ئەم پێشهاتە سیاسییە لە کاتێکدایە کە ململانێی لایەنەکان لەسەر دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەت گەیشتووەتە لووتکە، و کشانەوەی پەرلەمانتارێک لە فراکسیۆنی یەکێتی لەم کاتە هەستیارەدا، دەنگدانەوەی زۆری لە ناوەندە میدیاییەکاندا بەدوای خۆیدا هێناوە، بەو هۆیەوە کە وەک هەوڵێک بۆ نزیکبوونەوە لە پارتی و تەواوکردنی ڕێژەی پێویست بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لێکدەدرێتەوە کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەم بەڕێوەبچێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button