هه‌واڵ

شەش ملیار دینار بۆ پۆلی نوێی خوێندن تەرخان کرا

زێدپرێس

بڕی شەش ملیار دینار بەمەبەستی دروستکردنی ٣٤٨ پۆلی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان تەرخان کرا.

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەم ٩ی ئابی ٢٠٢٣ ڕای گەیاند، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، بڕیاری دا بە تەرخانکردن و خەرجکردنی گوژمەی شەش ملیار دینار بەمەبەستی دروستکردنی ٣٤٨ پۆلی نوێی خوێندن بۆ قوتابخانەکان لە گشت پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستاندا.

وەزیری پەروەردە، ئاماژەی بەوە کرد، لە کابینەی نۆیەمدا ٤٥٢ ژووری نوێی خوێندن دروستکراوە، ئەو تەرخانکردنە نوێیە بۆ ٣٤٨ ژووری دیکەی خوێندنە لە چوارچێوەی پلانی فراوانکردنی ژێرخانی پەروەردەیی .

بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوورییەی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، خەرجی و تەرخانکراوەکانی کەرتی پەروەردە بە تەواوەتی کەم بووەتەوە و بەدیاریکراویش کاریگەری لەسەر دروستکردنی بینای قوتابخانە هەبووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاماریی کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ئامادە کراوە، تا ساڵی ٢٠١٦ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا، پێنج هەزار و ٢٧٥ بینای قوتابخانە هەبوون، کە زۆرینەی زۆریان پێش ساڵی ٢٠١٤ دروست کراون و تەنانەت ڕاپۆرتە پەروەردەییەکان ئاماژە بە ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانە کۆنەکان دەدەن، کە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی خەرجی پێویستەوە، نۆژەن نەکراونەتەوە. هەروەک، چەندین قوتابخانە تەنانەت لە ناوەندی شارە گەورەکاندا هێشتا باڵەخانەی کۆنکرێتیان نییە و لەناو کابینەدان، لەناویاندا ژمارەیەک قوتابخانە لە شاری هەولێردا.

هێشتا ڕوون نییە، کە ئایا ئەو ژمارە پۆلە نوێیەی پارەی بۆ تەرخانکراوە، پۆلەکانی قوتابخانەی نوێ پێک دێنن یان زیادکردنی پۆلی دیکە لە قوتابخانەکانی پێشوودا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...