هه‌واڵ

وەزیری شارەوانی: زیاتر لە هەزار و ٧٩٠ پڕۆژەمان جێبەجێ كردووە

زێدپرێس

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت، لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا لەسەر داهاتی شارەوانییەكان و پێشنیەی فەرمانگەكانیان لەلایەن دامودەزگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، زیاتر لە هەزار و ٩٧٠ پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری بە گوژمەی ١٠٦ ملیار و ٤٩٦ ملیۆن و ٣١٧ هەزار و ٣١٦ دینار لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراون، هاوكات ژمارەیەك پرۆژەی تری گەورەی خزمەتگوزاری لەسەر بودجەی حكوومەت و وەزارەت تەواو كراون.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان كە لەسەر داهاتی شارەوانی و پێشینەی مانگانەی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراون، ڕوونی کردەوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وەزارەتێكی گەورەی خزمەتگوزارییە و بەشی زۆری پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەت لە ڕێگەی دامودەزگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێبەجێ دەكرێن. ئەو ئاماژەی بە پاڵپشتی و پشتیوانی بەردەوامی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دا و گوتی “لە ماوەی چوار ساڵەی كابینەی نۆیەمدا بە هەموو شێوەیەك هاوكار و پاڵپشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بووە و بەردەوامیش جەختی لەسەر پێشكەشكردنی باشترین و زۆرترین پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ خەڵكی كوردستان كردووەتەوە، جەنابی سەرۆكی حكوومەت بەردەوام دووپاتیكردووەتەوە كە هاووڵاتی چەقی خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتن و دەبێت بە باشترین شێوە و بەبێ جیاوازی خزمەتی هاووڵاتییان بكەین”.

ساسان عەونی، دەڵێ: “خۆشبەخاتە لەو ماوەیەدا دامودەزگەكانی شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و گەشتوگوزار و سەرجەم سێكتەرەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار توانیان خزمەتێكی باشی هاووڵاتییان بكەن، كە ئەركی حكوومەتە خزمەتی هاووڵاتییانی خۆمان بكەین”.

سەبارەت بە ژمارەی پرۆژەكان گوتی: تەنیا لەسەر داهاتی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەت و پێشینەی مانگانەی فەرمانگەكانمان لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی كابینەی نۆیەمدا تواندراوە زیاتر لە هەزار و ٩٧٠ پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەین، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆری پرۆژەی تر لەسەر بودجەی حكوومەت و بودجەی بەكاربردن تەواو كراون و ئێستاش كار لە هەندێك پرۆژە تەواونەكراوەكان دەكرێت، كە پێشووتر بڕیاریان لەسەر دراوە و لەم كابینەیەدا دووبارە كاركردن تێیاندا دەستیپێكردووەتەوە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەشڵێت: گوژمەی ئەو پرۆژانەی كە لەسەر داهاتی شارەوانییەكان و پێشینەی فەرمانگەكانی وەزارەت جێبەجێ كراون بریتییە لە ١٠٦ ملیار و ٤٩٦ ملیۆن و ٣١٧ هەزار و ٣١٦ دینار و ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەو داهاتەی دامودەزگەكانی شارەوانی لەو ماوەیەدا كۆیانكردووەتەوە، بەشێكی بە ڕێژەی ١٥٪ی داهاتی شارەوانییەكان و ڕێژەی ١٧٪ی داهاتی ئاو دووبارە فەرمانگەكانمان ئەو داهاتانەیان بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری تەرخانكردووەتەوە، بۆیە بەردەوام لەو كابینەیەدا كارمان لەسەر ڕێكخستنەوەی داهاتەكان كرد، چونكە چەندی داهاتمان ڕێك دەخرێتەوە، ژمارەی پرۆژەكانیش زیاد دەكەن.

ساسان عەونی، وردەكاری پرۆژەكان كە لەسەر داهاتی شارەوانییەكان و پێشینەی فەرمانگەكان جێبەجێ كراون دەخاتەڕوو، لەمبارەیەوە دەڵێت: لە سنووری پارێزگەی هەولێر بە گوژمەی ٤٧ ملیار و ٧١٩ ملیۆن و ٦٥٨ هەزار و ٤٠٤ دینار، ٧٣٣ پرۆژەی جۆراوجۆر و لە سنووری پارێزگەی سلێمانی بە گوژمەی ٢٩ ملیار و ٨٣٩ ملیۆن و ٧٢٠ هەزار و ٢٥٢ دینار، ٢٣٤١ پرۆژە و لە پارێزگەی دهۆك بە گوژمەی ١٥ ملیار و ٨٤ ملیۆن و ٣٢٣ هەزار و ٨٨٢ دینار، ٥٧١ پڕۆژە و لە پارێزگەی هەڵەبجە ٥١ پرۆژە بە گوژمەی ٦٠٣ ملیۆن و ٧٩٤ هەزار و ٣٠٠ دینار، لە ئیدارەی گەرمیان ٦٠ پڕۆژە بە گوژمەی سێ ملیار و ٦٣١ ملیۆن و ٩٥٢ هەزار و ٥٠٠ دینار، لە ئیدارەی ڕاپەڕین ٨٠ پڕۆژە بە گوژمەی شەش ملیار و ٤٩٨ ملیۆن و ٥٦٩ هەزار و ٧٥ دینار، لە ئیدارەی سۆران ٣٢ پڕۆژە بە گوژمەی ٧٢٧ ملیۆن و ٥٨٧ هەزار و ٣٠٣ دینار و لە ئیدارەی زاخۆ ٣٢ پڕۆژە بەگوژمەی دوو ملیار و ٣٩٠ ملیۆن و ٧١١ هەزار و ٦٠٠ دینار جێبەجێ كراون.

ساسان عەونی، ئاماژە بەوەش دەكات جگە لەو پرۆژانە، هاوكات چەندان پرۆژەی تری خزمەتگوزاری وەك تەواوكردنی بەشێكی شەقامی ١٢٠ مەتریی هەولێر و سێ قۆناغی شەقامی ١٥٠ مەتریی هەولێر و قۆناغی یەكەمی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی و پرۆژەی شەقامی بارزان و چەندین پرۆژەی تری گەورەی خزمەتگوزاری لەو كابینەیەدا بڕیاریان بۆ دەرچووە و بە گوژمەی گەورە جێبەجێ كراون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button