ئابووریشرۆڤه‌
ئاراستەکان

تێڕوانینی هه‌رێم و به‌غدا بۆ داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان

داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان یه‌كێكن له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ له‌ پاش په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌ی ٢٠٢٣ بوونه‌ته‌ گرفت له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا، ئه‌مه‌یش به‌هۆی جیاوازیی تێڕوانینی هه‌ریه‌ك له‌و دوو لایه‌نه‌وه‌یه‌ بۆ بابه‌ته‌كه.

 

پرسی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی هه‌رێم بۆ به‌غدا بابه‌تێكی نوێ نییه‌ و تاكوو ساڵی ٢٠١٣ كاری پێكراوه‌، به‌ڵام پرسه‌كه‌ تاكوو ئه‌وده‌م ئاڵۆز نه‌كراوه‌ و نه‌كراوه‌ته‌ كێشه‌، و به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌پاش ٢٠١٣ه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به ئه‌‌رك و شایسته‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ بووبێت، یاساكانی بودجه‌ی عێراق وه‌ك پێویست جێبه‌جێ نه‌كراون، بۆیه‌ ئێستا ئه‌م بابه‌ته‌ وه‌ك پرسێكی نوێ ده‌بینرێت.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش ئه‌و ده‌قه‌ی كه‌ ڕاده‌ستكردنی داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی هه‌رێم بۆ به‌غدا ده‌كاته‌ مه‌رجی ناردنی پشكی بودجه‌كه‌ی، له‌ پێش ٢٠٢١ه‌وه‌ له‌یاساكانی بودجه‌دا وه‌ك مه‌رج به‌و ڕاشكاوییه‌ تێكستی له‌سه‌ر نه‌ده‌كرا، ته‌نیا له‌ یاساكانی بودجه‌ی ئه‌م دوو ساڵه‌ی دواییدا به‌و جۆره‌ هاتووه‌، بۆیه‌ ئاڵۆزبوونی ئه‌و پرسه‌ ئێستا وه‌ك بابه‌تێكی نوێ ده‌بینرێت.

ئێستا گرفته‌كه‌ له‌ جیاوازیی تێڕوانیی هه‌ریه‌ك له‌ هه‌رێم و به‌غدایه‌ بۆ داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان و ڕاده‌ستكردنیان به ‌به‌غدا و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌شێكیان بۆ هه‌رێم.

 

تێڕوانینی كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم بۆ داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان:

به‌پێی یاسای بودجه‌ی ٢٠٢٣ كه‌ هه‌مان ده‌ق له‌یاسای بودجه‌ی ٢٠٢١یش هاتبوو، هه‌رێم پابه‌نده‌ به‌وه‌ی كه‌ داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی ڕاده‌ستی گه‌نجیه‌نه‌ی عێراق بكات، به‌پێی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی.

له‌ ڕوانگه‌ی كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمه‌وه‌ به‌گشتی ئه‌و داهاته‌ نانه‌وتییانه‌ی كه‌ ده‌بێ بدرێنه‌ به‌غدا ته‌نیا بریتین له‌ داهاتی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و داهاتی فه‌رمانگه‌ ئیتیحادییه‌كان كه‌ له ‌هه‌رێم كارده‌كه‌ن، و‌ ده‌بێ ٥٠٪ی كۆی ئه‌و داهاتانه ‌و به‌تایبه‌تیش داهاتی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان پاشتر له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم، ئه‌وه‌یش به‌پێی ماده‌ی ٢١ی یاسای بودجه‌ی ٢٠٢٣ و ماده‌ی ٢٩ی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی.

 

 تێڕوانینی كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا بۆ داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان:

تێڕوانیی كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ زۆر جیاوازه‌، ئه‌وان پێیان وایه‌ كه‌ داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان كۆی داهاته‌كان ده‌گرنه‌وه‌، جگه‌ له‌ داهاته‌ نه‌وتییه‌كان، و‌ داهاتی گشتیی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری فه‌رمانگه‌كانیش ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و داهاتانه‌وه،‌ نه‌ك ته‌نیا ئه‌و فه‌رمانگه‌ ئیتیحادییانه‌ی كه‌ له ‌هه‌رێم كارده‌كه‌ن. كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا پێیان وایه‌ كه‌ داهاتی گومرگی هیچی ناگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم و ئه‌و ٥٠٪یه‌ی داهاتی ده‌روازه‌كان كه‌ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم، داهاتی گومرگی ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكوو هه‌ندێ داهاتی تری ده‌روازه‌كان ده‌گرێته‌وه‌.

له‌خواره‌وه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی ماده‌ی ٢٩ی یاسای كارگێڕی دارایی و چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كی تر ئه‌و تێڕوانییه‌ ڕوونتر ده‌كه‌ینه‌وه‌:

 

ده‌قی ماده‌ی ٢٩ی یاسای كارگێڕی ئیتیحادی:

ئه‌م داهاتانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خرێنه‌وه‌ سه‌ر حسابی پارێزگاكان(به‌ پارێزگانی هه‌رێمیشه‌وه‌):

  • ٥٠٪ی ڕسوم و باجی ئیتیحادی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و فه‌رمانگانه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت كه‌ به‌ ناوه‌ندی تمویل ده‌كرێن(الدوائر الممولة مركزیا) له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك، ئه‌مه‌یش به‌ده‌ره‌ له‌و بڕانه‌ی كه‌ له‌ داهاته‌كانی باج و ڕه‌سمی گومرگی به‌ده‌ستهینراون.
  • پشكی پارێزگا له‌ داهاتی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و پترۆدۆلار.
  • داهاته‌ ناوخۆییه‌كان كه به‌ده‌ستهاتوون‌ به‌پێی یاسا و ته‌شریعاته‌ ناوخۆییه‌كان، ئه‌وانه‌ی له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا ده‌رچوون.
  • داهاته‌كانی تایبه‌ت به‌ فه‌رمانگه‌كانی شاره‌وانی (ئاو و ئاوه‌ڕۆ نه‌خشه‌دانی ئاوه‌دانی –التخطیط العمراني- …) و دووباره‌ ته‌رخان ده‌كرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی كه‌ داهاته‌كه‌یان تێدا به‌ده‌ستهێنراوه‌.

 

تێڕوانینی جیاوازی هه‌ریه‌ك له‌ هه‌رێم و به‌غدا بۆ ماده‌ی ٢٩ له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌دایه‌:

یه‌كه‌م: سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ له ‌ده‌قی خاڵی یه‌كه‌می ماده‌كه‌دا هاتووه‌، هه‌ریه‌ك له‌ هه‌رێم و به‌غدا تێڕوانینی جیاوازیان هه‌یه‌، بۆ ئه‌م دوو بابه‌ته، به‌م جۆره‌ی خواره‌وه‌‌:

  • له‌ ڕوانگه‌ی كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمه‌وه‌ فه‌رمانگه‌كانی ته‌مویلی مه‌ركه‌زی (المموله‌ مركزیا) ته‌نیا ئه‌و فه‌رمانگه‌ ئیتحادییانه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ له‌ هه‌رێم كارده‌كه‌ن، وه‌ك فه‌رمانگه‌ی ڕه‌گه‌زنامه‌ و كارتی نیشتمانی…هتد، به‌ڵام له‌ڕوانگه‌ی كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا ئه‌و فه‌رمانگانه‌ كۆی فه‌رمانگه‌ حكوومییه‌كان ده‌گرنه‌وه‌، جگه‌ له‌ دامه‌زراوه‌كانی خۆبژێو یان ته‌مویلی زاتی( الادارات المموله‌ ذاتیا)، فه‌رمانگه‌كانی ته‌مویلی زاتیش به‌پێی خاڵی شازده‌یه‌م له‌ ماده‌ی (١) له‌ یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی بریتین له‌و كۆمپانیا گشتییانه‌ی كه‌ خاوه‌ندارێتیان هیی ده‌وڵه‌ته،‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییانه‌ی كه‌ كه‌سێتی مه‌عنه‌وی و سه‌ربه‌خۆیی دارایی و كارگێڕیان هه‌یه‌ و پشت به‌داهاتی خۆیان ده‌به‌ستن بۆ ته‌مویلی بودجه‌كه‌یان. به‌م جۆره‌ بەپێی تێڕوانینی به‌غدا كۆی باج و ڕسوومی ئیتیحادی له ‌زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری فه‌رمانگه‌ حكوومییه‌كانی پارێزگاكان ده‌درێته‌وه‌ به‌ به‌غدا و له‌وێوه‌ پاشتر ٥٠٪ی ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ پارێزگاكان.
  • به‌پێی تێڕوانینی كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم له‌كۆی داهاتی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان، كه‌ ده‌درێته‌ به‌غدا، ده‌بێ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ ٥٠٪ی بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم، به‌ڵام به‌پێی تێڕوانینی كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا و به‌پێی ده‌قی خاڵی یه‌كه‌ی ماده‌ی ٢٩ی یاساكه‌ی سه‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ داهاتی باج و ڕه‌سمی گومرگی ناگرێته‌وه‌، واته‌ داهاتی باج و ڕه‌سمی گومرگی ١٠٠٪ بۆ به‌غدا ده‌بێت. ئه‌م بابه‌ته‌ پێشینه‌ی هه‌یه‌ و له‌پێش ده‌رچوونی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی هه‌ر به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه‌.
له‌ماده‌ی ٢٢ی یاسای بودجه‌ی ساڵی ٢٠١٢دا هاتبوو، كه‌ پێویسته‌ وه‌زیری دارایی ئیتیحادی ٥٠٪ی داهاتی فیعلیی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی پارێزگاكان ئه‌وه‌ی له‌ساڵی ٢٠١١ به‌ده‌ستهاتووه‌، بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ پارێزگاكان، به‌ڵام له‌ ڕاپۆرتی وه‌زاره‌تی داریی هه‌رێم بۆ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ٢٠١٣دا هاتووه‌: ‌ حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ ساڵی ٢٠١٠ بڕی ٣٠٥ ملیار و بۆ ساڵی ٢٠١١ بڕی ٣٢٦ ملیار دیناری له‌ داهاتی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ به‌غدا، به‌ڵام به‌غدا له‌ به‌رانبه‌ردا ته‌نیا هەشت ملیار بۆ ساڵی ٢٠١٠ و ١٦ ملیاری بۆ ساڵی ٢٠١١ گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ هه‌رێم، كه‌ ته‌نیا ده‌یكرده‌ نزیكه‌ی 4٪ و ٢٪،  ئه‌وه‌یش به‌پشت به‌ستن به‌ ڕێنمایی وه‌زاره‌تی دارایی ئیتحادی به ‌نووسراوی ژماره‌ ١٠٩٨٩ له‌ ٢٧ی شوباتی ٢٠١٢، ئه‌نجامدرابوو، كه‌ تێیدا هاتبوو له‌ داهاته‌كانی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان ته‌نیا چه‌ند جۆرێكیان ٥٠٪یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پارێزگاكان كه‌ بریتین له‌مانه‌:
  • ڕه‌سمی هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی هاووڵاتیی به‌ڕه‌گه‌ز عیراقی.
  • ڕه‌سمی گه‌شتیاران به ‌فڕۆكه‌ی مه‌ده‌نی له‌ ڕێگه‌ی دامه‌زراوه‌كانی فڕۆكه‌وانیی گشتی مه‌ده‌نی.
  • كرێی خزمه‌تگوزاری نیشتنه‌وه‌ و حه‌واندنه‌وه‌ی فڕۆكه‌.
  • ڕه‌سمی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی له‌ عێراق ده‌چنه‌ده‌رەوە، له‌ ڕێگه‌ی ده‌سته‌ی گشتی گومرگ.
  • ڕه‌سمی دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی ناوچه‌ سنورییه‌كان.

به‌و جۆره‌ داهاتی ڕه‌سم و باجی گومرگی به‌ده‌ركرابوو له‌وه‌ی كه‌ هیچی بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم و پارێزگاكانی.

دوه‌م: سه‌باره‌ت به‌خاڵی دووه‌می ماده‌ی ٢٩ تایبه‌ت به‌ پشكی پارێزگاكان له‌ داهاتی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان، هه‌ر به‌هه‌مان شێوه‌ی ڕوونكردنه‌وه‌مان له‌ خاڵی (ب) له‌سه‌ره‌وه‌، به‌غدا پێی وایه‌ كه‌ ئه‌و پشكه‌ داهاتی گومرگی ناگرێته‌وه،‌ ته‌نیا چه‌ند جۆرێكی تری داهاتن كه‌ ده‌بێ ٥٠٪یان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پارێزگاكان، ئه‌وانیش زۆر كه‌من.

سێیه‌م: خاڵی ٣ و ٤ی ماده‌ی ٢٩ له‌ ڕوواڵه‌تدا واده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ هیچ گرفتێك یان جیاوازییه‌ك له‌ تێڕوانینی هه‌ردوولادا نه‌بێت لەسەریان، ئه‌گه‌ر له‌ كاتی جێبه‌جێكردن گرفتی بۆ دروست نه‌كرێت.

به‌گشتی بابه‌تێك كه‌ جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌لای كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان كۆی داهاته‌كانی حكوومه‌ت ده‌گرنه‌وه‌ و پێویسته‌ بچنه‌وه‌ گه‌نجینه‌ی فیدراڵی له‌ به‌غدا و پاشتر له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی به‌غداوه‌ به‌پێی ماده‌ی ٢٩ی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، به‌و پێیه‌یش هه‌ندێک له‌ داهاته‌كانی هیچی نادرێته‌وه‌ به‌ هه‌رێم و پارێزگاكان، هه‌ندێك جۆری تر له‌ داهاته‌كان هه‌مووی ده‌دریته‌وه‌ به‌ هه‌رێم و پارێزگاكان، هه‌ندێک جۆری تریش ٥٠٪ی ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم و پارێزگاكان.

بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه‌ كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا پێیان وایه‌ داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان هه‌موو داهاته‌كان ده‌گرێته‌وه،‌ جگه‌ له‌ داهاتی نه‌وتی، سه‌ره‌ڕای ئه‌و به‌ڵگانه‌ی سه‌ره‌وه،‌ لێره‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌یش ده‌ده‌ین كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مینداریه‌تی گشتیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق و وه‌زاره‌تی دارایی ئیتیحادی له‌ وه‌ڵامی دادگای ئیتیحادیدا (له‌ دۆسیەی بڕیاردان له‌سه‌ر نایاسایی بوونی ناردنی ٢٠٠ ملیاره‌كه‌)، سه‌باره‌ت به‌ ڕاڤه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ كۆی داهاته‌كان ده‌گرێته‌وه‌، جگه‌ له‌ داهاتی نه‌وتی.

به‌پێی تێڕوانینی كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا له‌ عێراقی فیدراڵی ئێستادا ١٠٠٪ی كۆی داهاته‌كان داهاتی ئیتیحادین و ده‌بێ بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ بۆ به‌غدا و پاشتر له‌وێ به‌پێی تێڕوانینی خۆیان و به‌پێی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی به‌شێكی كه‌میان ده‌نێردرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم.

ڕاسته‌ به‌غدا زه‌مینه‌سازیی یاسایی كردووه‌ بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌، به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ به‌ مه‌ركه‌زیكردنه‌ی داهاته‌كان نه‌ك له‌گه‌ڵ فیدراڵیه‌تدا ناگونجێت، به‌ڵكو زۆر زۆر خراپتره‌ له‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی كه‌ یاسای ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی له‌ساڵی ١٩٧٤ سه‌باره‌ت به ‌سه‌رچاوه‌ی داهاته‌كانی ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی له‌ ماده‌ی هه‌شته‌م ده‌قی له‌سه‌ر كردبوو، به‌ جۆرێك كه‌ جگه‌ له‌و پشكه‌ی كه‌ له‌ بودجه‌ی گشتییه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ ته‌رخان ده‌كرا، یازده‌ جۆر له‌ باج و ڕسووم و داهاتی جۆراوجۆر بۆ ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی دانرابوون، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌و یاسایه‌ له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ به‌ته‌واوەتی ڕه‌تكرایه‌وه‌ و هیچ حسابێكی بۆ نه‌كرا.

جیهانگیر سەدیق گوڵپی

پسپۆڕی ئابوری و دارایی گشتی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button