هه‌واڵ

لە هەولێر گردبوونەوە دژی گرانکردنی نرخی کارەبا دەستی پێکرد

ژمارەیەک لە هاووڵاتیان و دانیشتووانی شارەکانی نیشتەجێبوون کە بە سیتییەکان ناسراون، لە هەولێر گردبوونەوەی ناڕەزایەتیان دەست پێکرد و داوای کەمکردنەوەی نرخی کارەبا دەکەن.

 

ئەمڕۆ یەکشەم ٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٣، ژمارەیەک لە هاووڵاتیان و دانیشتووانی شارەکانی نیشتەجێبوون کە بە سیستییەکان ناودەبرێن، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لەبەردەم وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوە برد.

نوێنەرانی گردبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕاگەیەنراوێکیان وەک ناڕەزایەتی بەرانبەر بە زیادکردنی نرخی کارەبا لە شارەکانی نیشتەجێبووندا بۆ کەناڵەکانی میدیایی خوێندەوە.

نوێنەری دانیشتووان و هاووڵاتییە ناڕەزاکان، ئاماژەی بەوە کرد، “وەکوو دانیشتووانی کۆمەڵگا نیشتەجێیەکان، هاتوون بەشێوەیەکی مەدەنی داوای هەرزانکردنی نرخی کارەبای نیشتمانی دەکەین، کە (پریپەید) یان کارەبای ٢٤ کاتژمێری پێدەڵێن”.

ڕوونی کردەوە،  وەزارەتی کارەبا نرخی یەک کیلۆوات کارەبای لە ١٨ دینارەوە بۆ ١٧٥ دینار بەرزکردووەتەوە، بەو جۆرە، هەر ماڵێكی ئاسایی ئەگەر هەر تەنیا چەند ئامێرێکی زۆر ئاسایی بەکاربێنێت، بەلایەنی کەمەوە دەبێت مانگانە نزیکەی ٢٢٥ هەزار دینار کرێی کارەبا بدات، ئەوەش بەپێی بەدواداچوونی دانیشتووانی کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون، کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا بۆیان دەرکەوتووە، وەک ئەوەی نوێنەرەکە گوتی.

باسی لەوەش کرد، ئەو بڕە پارەیە، واتە ٢٢٥ هەزار دینارەکە، لانی کەمی کرێی مانگێکی هەر ماڵێکە و ماڵ هەیە کرێی زیاتر دەدات.

نوێنەرەکە، ئاماژەی بەوەش کرد “بەڕێژەی لە ٥٠٪ی دانیشتووانی سیتییەکان فەرمانبەرن، ئێمە نەمانویستووە قەرەباڵغی زیاتر دروست بێت و بێدەنگبوونمان مانای ئەوە نییە، بە هەر بڕیار و هەنگاوێکی حکوومەت ڕازی بین، لە زیادکردنی باج و ڕسوومات و کرێی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی دی”.

زیاتر دەڵێ “فەرمانبەرێک ئەگەر مووچەی مانگانەی یەک ملیۆن دینار بێت و ٤٠٠ تا ٥٠٠ هەزار دیناری بۆ نەوت و بەنزین و کارەبا بڕوات، ئەی بە چی بژیەت؟ لەو ڕوانگەیەوە داوا لە حکوومەت و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم دەکەین بەو بڕیارەدا بچێتەوە. ئێمە لەگەڵ کارەبای ٢٤ کاتژمێریداین، سیستەمە نوێیەکە، مۆلیدەکان کەم دەکاتەوە و بۆ ژینگەیش زۆر باشە، بەڵام نرخەکەی زۆر زۆر گرانە و پێویستە حکوومەت بەو نرخەدا بچێتەوە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...