هه‌واڵ

نێچێرڤان بارزانی: دەبێت حکوومەتی عێراقی قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان بکاتەوە

زێدپرێس

ئەمڕۆ هەینی ٢٥ی ئابی ٢٠٢٣، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی یادی ساڵوەگەڕی ئەنفالی بادینان بڵاوکردەوە، کە ئەمە دەقەکەیەتی:

 

له‌ يادى (٣٥) ساڵه‌ى ئه‌نفالى باديناندا، به‌ ڕێز و شكۆدارييه‌وه‌ يادی شه‌هيدانى خه‌ڵكى سڤيلى بادينان و ته‌واوى قوربانييانى شاڵاوه‌كانى ئه‌نفال ده‌كه‌ينه‌وه. ساڵى ١٩٨٨ له‌ گه‌رميانه‌وه‌ تا بادينان (١٨٢) هه‌زار هاووڵاتيى بێتاوانى كوردستان به‌ منداڵ و ئافره‌ت و پير و گه‌نجه‌وه، بوونه‌ قوربانيى ئه‌و تاوانه‌. سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكيان ده‌نێرين.

 

دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق، شاڵاوه‌كانى ئه‌نفالى به‌ جينۆسايد و تاوانى جه‌نگ و تاوانى دژى مرۆڤايه‌تى له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌، بۆيه‌ له‌ كاتێكدا گيانى پاكى شه‌هيدانى ئه‌نفال به‌ بير ده‌هێنينه‌وه‌، دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵى، ده‌بێ ئه‌ركى خۆى بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى خێزان و كه‌سوكارى قوربانييان جێبه‌جێ بكات و له‌ ئێش و ئازاريان كه‌م بكاته‌وه‌.

 

له‌م ياده‌دا سوپاس و پێزانينمان بۆ خه‌ڵكى جوامێر و دڵسۆزى هه‌ولێر و به‌حركه‌ و ده‌وروبه‌ريان دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌. ئه‌وان ئه‌و ڕۆژه‌ سه‌ختانه‌ له‌ كه‌مپه‌كانى جێژنيكان به‌ هاناى ڕاگوێزراوان و لێقه‌وماوانی ئه‌نفالى بادينانه‌وه‌ چوون و ده‌ستى يارمه‌تى و هاوكارييان بۆ درێژ كردن.

 

خزمه‌تكردنى باشترى كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان، ته‌بايى و يه‌كڕيزيى ناوخۆييمان، كارى جددى و هه‌وڵدان بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ى تاوانه‌كانى وه‌ك ئه‌نفال و ناساندنى به‌ جينۆسايد له‌سه‌ر ئاستى جيهان، باشترين يادكردنه‌وه‌ و وه‌فادارييه‌ بۆ گيانى پاكى قوربانييانى ئه‌نفال و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان.

 

ده‌بێ مێژوو و ڕابردووى تاڵى گه‌لانى عێراق، وانه‌ و په‌ند و هانده‌ر بن بۆ كارى پێكه‌وه‌يى و يه‌كترقبووڵكردن و مسۆگه‌ركردنى مافى ته‌واوى پێكهاته‌كان له‌ عێراقى نوێدا، بۆ ئه‌وه‌ى كاره‌ساته‌كانى ڕابردوو دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌ و ئازادى و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌مووان پارێزراو بن.

 

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

٢٥ی ئابی ٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button