ههواڵ
١٠ هەزار دۆنم دارستانی سروشتی و پاوان سووتا
![](https://zedpress.krd/wp-content/uploads/2023/08/Zed-Press-news-163-copy-780x470.jpg)
زێدپرێس
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، سووتانی نزیکەی ١٠ هەزار دۆنم دارستانی سروشتی و پاوان ڕادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ یەکشەم ١٣ی ئابی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕای گەیاند، لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەیەک لە سنووری گوندەکانی بارێی گەورە، بارێی بچووک، مووسەک و تیمار، نزیکەی ١٠ هەزار دۆنم دارستانی سروشتی و پاوان سووتاوە.
پۆلیسی دارستان و ژینگە، ڕوونی کردووەتەوە، هەرچەند مەفرەزەیەکی پۆلیسی دارستان و ژینگەی شارباژێڕ گەیشتوونەتە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە، بەڵام بەهۆی سەختی شوێنێکە و بوونی مین و تەقەمەنی لە ناوچەکەدا، کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە سەخت بووە. دواجار بە هاوکاری ئاگرکوژێنەوەی قەزای شارباژێڕ و پۆلیسی پاسەوانی سنور و هاووڵاتیانی سنورەکە توانیویانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
ئاگرکەوتنەوەکە لە ٧ی ئاب لە سنووری گوندی بارێی بچووک کەوتەوە و بەخێرایی تەشەنەی کرد.