گەنجێکی دیکەی کەرکووک شەهید و چەندانی دیکەیش بریندار کران
زێدپرێس
هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق لە ناوەندەی شاری کەرکووک بەتوندی پەلاماری گەنجان و خۆپیشاندەرانی کورد لەناو گەڕەکەکانی شارەکە دەدەن و هەر ئەمشەو گەنجێک شەهید کراوە و ژمارەیەک گەنجی دیکەی کورد بریندار کراون.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی زێدپرێس، لانیکەم شەهیدێکی دیکە هەیە بەناوی سەمەد محەمەد تەمەن ٢٣ ساڵ و برینی دووان لە بریندارەکانیش سەختە کە گولە بەر سنگیان کەوتووە.
بەو جۆرەش، ژمارەی شەهیدەکانی کەرکووک بۆ سێ شەهید هەڵکشاوە و ژمارەی بریندارانیش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق تا دێت زیاتر بەرز دەبێتەوە.
کەمێک پێش ئێستا، لە گەڕەکی سەرچنار هێزە عێراقییەکان دوو گەنجیان بەناوەکانی (عیسا ئەیوب عەلی) تەمەن ٢٣ ساڵ و (محەمەد عەدنان ئەحمەد) تەمەن ٣١ ساڵ بریندارکرد و برینی هەردووکیان سەختە، هەردوو گەنجەکە فیشەک بەر سنگیان کەوتووە.
زێدپرێس کۆمەڵێک وێنەی بریندارانی شەهید و بریندارانی ئەمشەوی کەرکووکی بەدەست گەیشتووە و لەناویاندا منداڵێک هەیە، کە بەپێی سەرچاوەکانی زێدپرێس تەمەنی ١٣ ساڵە.