پەیامێک لە بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە لەمەڕ دۆخی کەرکووک
زێدپرێس
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەهیچ شێوەیەکیش قبووڵ ناکەن خوێنی گەنجەکانی کەرکووک بڕژێت و لەژێر ناوی هەستی نەتەوایەتیدا یاری بە چارەنووس و ژیانیانەوە بکرێت.
ئەمشەو ٢/٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی لەمەڕ دۆخی کەرکووک بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کەرکووکییەکان شایەنی ڕێزی بێسنوور و خزمەتکردنێکی بەرچاون نەک بەکارهێنانیان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە سیاسییەکان و بکرێنە قوربانیی بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتە تایبەتەکان.
زیاتر دەڵێ “ئێمە جگەلەوەی بەتوندی دژی ئەم سیاسەتە چەوت و ناڕەوایە دەوەستینەوە، بەهیچ شێوەیەکیش قبووڵ ناکەین خوێنی گەنجەکانمان بڕژێت و لەژێر ناوی هەستی نەتەوایەتیدا یاری بە چارەنووس و ژیانیانەوە بکرێت”.
دەقی پەیامەکە:
رووداو و پێشهاتە نەخوازراوەکانی کەرکووک و شەهیدبوونی گەنجێكی کورد و برینداربوونی چەندانی تریش، مایەی نیگەرانیی قووڵمانە.
وێڕای ئەوەی بەتوندی ئیدانەی هەموو هەوڵ و مەرامێکی تێکدەرانە دەکەین بۆ تێکدانی برایەتی و پێکەوەژیان لە کەرکوک، دەشبێت بەزووترین کات تاوانبارانی شەهیدکردن و بریندارکردنی رۆڵەکانمان دەستگیربکرێن و رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.
کەرکوکییە سەربەرزەکان ئێوە شایەنی رێزی بێسنوور و خزمەتکردنێکی بەرچاون نەک بەکارهێنانتان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە سیاسییەکان و بکرێنە قوربانیی بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتە تایبەتەکان. ئێمە جگەلەوەی بەتوندی دژی ئەم سیاسەتە چەوت و ناڕەوایە دەوەستینەوە، بەهیچ شێوەیەکیش قبووڵ ناکەین خوێنی گەنجەکانمان بڕژێت و لەژێر ناوی هەستی نەتەوایەتیدا یاری بە چارەنووس و ژیانیانەوە بکرێت.
داواکارم هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتایبەت حکومەتی عیراق بەزووترین کات رێگری لە رژانی خوێنی زیاتر بکات و کۆتایی بەم دۆخە بهێنێت. هەروەها هۆشداری دەدەین لەزووترین کاتدا دۆخی کەرکوک ئاسایی بکرێتەوە، بەردەوامبوونی دۆخەکە بەمشێوەیە قابیلی قبووڵ نییە. بۆیە داواکارین هەمووان بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و رێگری لە دروستبوونی فیتنە و دووبەرەکی بکەن. دەبێت هەمووان هاوکار و هەماهەنگبن بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە و پارێزگاری لە ئاشتی و برایەتیی نێوان هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی کەرکوک بکرێت.
رۆحی شەهید هاوکار شادبێت و هاوخەمیی خانەوادە سەربەرزەکەیم. لەخوای گەورە داواکارم سەبووری بەهەموولایەک ببەخشێت و شیفای بریندارەکان بدات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان